هەڵبژاردن لەنێوان دیموکراسی و شەرعیەتی شۆڕشگێڕیدا

وتار/ 23/11/2017 739 جار بینراوە

ئارام مەجید عەلی

هەڵبژاردن لەنێوان دیموکراسی و شەرعیەتی شۆڕشگێڕیدا
ئارام مەجید عەلی
لەدنیای دیموکراسیدا هەڵبژاردن خاڵێکی گرنگ و پڕبایەخە، بەهۆی هەڵبژاردنەوە میللەت خۆی نوێ دەکاتەوەو دەموچاوە دووبارەکانی حیزبەکان دەگۆڕێت و بەرگێکی نوێ وەبەر حیزبەکاند دەکات و ڕێگەی ڕاستیان پیشان دەداتەوە،چونکە زۆر جار حیزبەکان غوروری سیاسی دەیان گرێت و میللەت فەرامۆش دەکەن و پێویستە حیزبەکان فۆرمات بکرێنەوە.

لەسیستەمی سیاسی تەندروستدا، هەڵبژاردن وەک مەحکەمەی هاوڵاتی دێتە ئەژمار بۆ لێپێچینەوەی حیزبەکان لەپای ئەو کارە باش و خراپانەی لەماوەی دەسەڵاتیاندا کردوویانە بو خزمەتی خەڵک، ئەگەر باش کاریان کردبێت و باش خزمەتی هاونیشتیمانیانیان کردبێت ئەوا دووبارە میللەت دەنگیان پێدەداتەوەو ئەستۆ پاکیان بۆ واژۆ دەکاتەوە، ئەگەر خراپیان کردبێت و لەبەژەوەندی حیزبی کاریان کردبێت و خەم و مافی هاوڵاتیانیان وەلاوە نابێت، ئەوا میللەت بەدەنگی خۆی سزایەکی قورسیان دەدات و بۆ چەند ساڵێک لەکایەی سیاسی دوایان دەخات تاباشتر بیربکەنەوەو خۆیان بۆ خزمەتی هاونیشتیمانیان ئامادەبکەنەوەو ڕێگەی خزمەتکردنی هاونیشتیمانیان بگرنەبەر.

بەڵام لەهەرێمی کوردستان ئەم کارە پێچەوانە دەبێتەوە، چونکە دیموکراسی لەڕێڕەوی خۆی لادراوە،تەنانەت لەنێو حیزبەکانیش دیموکراسی نەماوە، ئەگەر دیموکراسی بۆ نوێبونەوەی حیزبەکان نەبێت بۆ بەخۆدا چونەوەو و خزمەتی زیاتری خەڵک گەیاندنیان بەئامانجەباڵاکایان، ئەوا دیموکراسی هیچ مانایەکی ئەوتۆی نامێنێت.

کاتێک دەڵێین دیموکراسی لەهەرێمی کوردستان لەڕێڕەوی خۆی لادراوە،مەبەسمان ئەوەیە لەبری دیموکراسی چەمکی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی و خەباتی شاخ کاری پێدەکرێت، لەڕاستیدا تا ئەم چەمکانەش بەکاربن و لەسەرکاربن،دیموکراسی بەهایەکی ئەوتۆی نامێنێت،ئەگەر هەش بێت گرنگیەکی ئەوتۆی نیە،چونکە لەم هەرێمەدا حوکمی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی باڵاترە لەحوکمی دیموکراسی و تەنانەت سنور بۆدیمکراسی دادەنێت و بەرگێکی حیزبی لەبەرژەوەندی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی لەبەر دەکەن.

لەڕاستیدا لەهەرێمی کوردستاندا دیموکراسی بەشێوەیەک پاشەکشەی کردوە خەرێکە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەرهەڵدانی، ئەگەر دیموکراسی لەیۆناندا لەسەرەتایدا بەوشێوەیە بوبێت ئافرەت و کۆیلە بۆیان نەبووە بەشداربن و خاوەن دەنگ و بڕیار بن لەبەر ئەوە بووە سیستەمە سیاسیەکە هەر ئەوەندەی لێچاوەڕوان کراوەو ئەوەندەش بەرهەمی هەبووە لەبەرژەوەندی چەند دەستەوتاقمێک بوبێت.

بەڵام دیموکراسی ئێستا لەم هەرێمە ئەوەیە بێ جیاوازی نیرو مێ و دوڵەمەندو هەژار هەرکەس تەمەنی گەشتبێتە ئاستی دەگدان مافی ئەوای هەیە دەنگ بدات،بەڵام ئەم دەنگدانە لەسایەی چەمکی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی کارناکاتە سەر سیستەمەکە، چونکە گروپی شەرعیەتی شۆڕشگێڕ ئەنجامی هەڵبژاردنیان قبۆڵ نیەو دەڵێن هەرچەند هاوڵاتی دەنگ دەدات بەڵام دەبێت ئێمە هەبین و خاون دەسەڵات و سەروەت و سامان بین و دەبێت دەسەڵاتی ئێمە لەسەروو هەموو شتێکەوە بێت چونکە ئێمە شۆڕشمان کردووە، ئەمەش لەئەرزی واقیعدا لەم هەرێمە بوونی هەیە خاوەن شەرعیەتە شۆڕشگێڕەکان لەسەروو یاسان و ژیان و ماڵیان لەهەموو هاوڵاتیان خۆشترەو و تەواوی مافەکانیشیان پارێزراوەو زۆرجاریش مافی میللەتیش پێشێل دەکەن،

 لەسایەی دیموکراسی ڕاستەقینەو تەندروستدا پێویستە حیزبەکان خزمەتکاری ڕاستەقینەی خەڵک و پارێزەری بەرژەوەندیەکانی هاوڵاتیان بن، بەڵام لەسایەی سیاسەتی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی و خەباتی شاخدا، پێویستە تەواوی هاوڵاتیان لەخزمەت گروپی شەرعیەتی شۆڕشگێڕیدابن و پاراست و ژیان و مافی ئەوان لەسەروو هەموو مافێکی هاوڵاتیانەوەبێت.

لەسایەی شەرعیەتی شۆڕشگێڕیدا دیموکراسی لەکەدار دەبێت و مانای خۆی لەدەست دەدات و دامودەزگای دیموکراسی ئەتک دەکرێن و دەنگ و سەنگی میللەت بەهای نابێت و ژێرپێ دەخرێت،چونکە دیموکراسی تەنها ناوێکەو ئەنجامی دەنگی خەڵک لەهەڵبژاردنەکان تەنها ژمارەیەکەو هیچی تر چونکە نابێتە هۆی گۆڕینی گروپی شەرعیەتی شۆڕشگێڕو لادانیان لەدەسەڵاتی پاوانخوازی چونکە دەسەڵاتی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی لەدەسەڵاتی میللەت گەورەتر و بەبەهاترە،هەڵبژاردنەکانی پێشووی هەرێم بەڵگەی ئەم ڕاستەن.

لەبەر ئەوە هەڵبژاردن لەنێوان دیموکراسی و شەرعیەتی شۆڕشگێڕیدا هیچ هێز و مانایەکی نیە،ئەو دیموکراسیەی کەهەیە بەرگی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بەبەردا کراوە و لەخزمەت گروپی شەرعیەتی شۆڕشگێڕیدایە و بۆ پاراستنی پێگەو ماف و ئیمتیازاتی ئەوانەو هەڵبژاردنەکایش تەنها بەهێلاک بردن و برسی کردنی خەڵکی لێدەکەوێتەوە،چونکە بەشێکی زۆری خەڵک بۆ ئەوان و بەدڵی ئەوان دەنگیان نەداوە، لەبەر ئەوە خاوەن شەرعیەتی شۆڕشگێڕ بەمافی خۆی دەزانێت تۆڵە لەمیللەت بکەنەو دووچاری ئم بارودۆخەی بکەن کە میللەت تێدایە، کەواتە دەنگی خەڵک هێزی ئەوەی نیە دیموکراسی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی ببەزێنێت و دیموکراسی ڕاستەقینەو تەندروست بەرهەم بهێنێت.

نوێترین نوسینەکانی ئارام مەجید عەلی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌