حکومەتی ڕزگاری نیشتیمانی بەمردوویی لەدایک بوو!!

وتار/ 24/10/2017 609 جار بینراوە

ئارام مەجید عەلی

حکومەتی ڕزگاری نیشتیمانی بەمردوویی لەدایک بوو!!
ئارام مەجید عەلی
زۆر کەس و لایەن لەم قۆناغە پڕکێشەو فرەناکۆکیەی هەرێمی کوردستان باسی حکومەتی ڕزگاری نیشتیمانی دەکەن و پێیان وایە جێبەجێکردنی زۆر ئاسانە بەتایبەت لەم هەرێمە حیزبیەدا، بەڵام لەڕاستیدا ئەوە زۆر قورس و دژاوارەو کارەساتی ماڵوێرانکەر بەدوای خۆیدا دەهێنێت و شەڕی ناوخۆ و دووئیدارەیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و دوو حیزبە خاوەن دەسەڵاتەکەی هەرێم لەگەڵی نابن و ڕەتی دەکەنەوە.
لەڕاستیدا کۆمەڵگەی کوردی بارگاویکراوی حیزبی جێگەی زۆر چەمک و زۆر پرۆژەی تێدا نابێتەوە، چونکە حیزب بەشێوەیەک کۆنتڕۆڵی کردووە هیچ شتێک لەشوێنی خۆیدا نەماوەو شتێک نەماوە بەحیزبی نەکرێت،وەک وتراوە ناکرێت لەنێو دارستاندا باسی مافی ئاژەڵان بکرێت چوکە هێز دەوردەبینێت، لەیاسای دارستاندا خاوەن هێز خاوەن هەموشتێکەو هەرچی بوێت دەیکات بۆمانەوەی خۆی.
لەنێو هەرێمی کوردستان حیزب بەشێوەیەک دروستکراوە هێزەکەی لەسەرویاساوە بێت و بەهێز یاساش کۆنتڕۆڵ بکات و بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاری بهێنێت و پێشتریش ئەوەی کردووە،
مێژووی حیزب لەهەرێمدا شاهیدی ئەوە دەدات ئەم حیزبانە هەرچی بۆخۆیان و لەبەرژەوەندی خۆیان نەبێت لەگەڵی نین و دژی دەوەستنەوەو سەرکوتی دەکەن،
حیزب کەخەبات بۆ ڕێبازو پەیڕەوی حیزبی خۆی دەکات و چەندان کەسی لەوپێناوەدا بەکوشت داوەو شەڕی ناوخۆی بۆمانەوەی خۆی ئەنجامدا، چۆن ڕێگە دەدات جێگەی لەق ببێت و سیستەمێکی دیکە بێتەکایەوە ببێتە هۆی لەناوچوون یان بێدەسەڵات بوون و لاوازبوونی بەتایبەت دوو حیزبە دەسەڵاتدارەکەی هەرێم.
لەکاتێکدا لەم هەرێمەدا، دیموکراسی لەمانا ڕاستەقینەکەی خۆی لادراوە و دەنگی خەڵک حسابی بۆناکرێت و پەرلەمان دادەخرێت و یاسا ژێرپێ دەخرێت و هەڵبژاردنەکان بەخواستی حیزب لەکاتی خۆیدا ناکرێت یان دوادەخرێت، ئیتر چی ماوە کەبتوانی تۆوی سیستەمێکی دیکەی لێ بچێنیت، کاتێک دەڵێین حکومەتی ڕزگاری نیشتیمانی بەمردویی لەدایک دەبێت زۆر ڕاستە و واش دەبێت، چونکە حیزب بوە بەڤایڕۆسی هەموو شتێک لەدەرەوەی حیزب بێت و ترسی هەبێت بۆ سەر حیزب و ئامانجە حیزبیەکان، ئەوان خۆیان هەرێمیان بەم دۆخە گەیاند و ماڵی خەڵکیان وێران کرد چۆن ڕێگە دەدەن بەفریاد ڕەسێک لەدەرەوەی ویستی خۆیان، دڵنیام هەموو ڕێگەیەک دەگرنەبەر بۆدژایەتیکردنی، من تێناگەم ئەوانەی باسی حکومەتی ڕزگاری نیشتیمانی دەکەن تێناگەن یان خۆیان لەڕاستیەکان دەشارنەوە، ئاخر حیزب چ بۆشاییەکی جێ هێشتوە تا خەڵکی دێکە بتوانێ بەئاسانی بیرۆکەی خۆی پەسەند بکات، ئاخر حیزب وەفای بۆدامەزرێنەر و کەسەدیارەکانی خۆی نیەو لەپێناو خۆیدا ژیانیان دەخاتە مەترسیەوە یان دەریان دەکات، ئیتر چۆن ڕێگە بە بیرۆکەی دیکە دەدات،ئەم حیزبانە لەهەڵبژاردنیشدا بدۆڕێن ئەوانی دیکە قەبوڵ ناکەن و هەردەبێت خۆیان بمێننەوە،هەڵبژاردنەکانی پێشوو ئەم ڕاستیەی سەلماند.
بڕوام وایە تەنها ڕێگە بۆ جێبەجێکردنی حکومەتی ڕزگاری نیشتیمانی ئەوەیە، وڵاتە زلهێزەکان بێنەسەرخەت و خۆیان ئەم حیزبانە لابەن و دەسەڵاتیان زۆر لاواز بکەن و هێزیان لەبەر ببڕن،ئەگینا بیرۆکەی حکومەتی نیشتیمانی بڵقی سەرئاوەو وەک پەیمانی سیڤەر لەمێژوویی کورد بەمردوویی لەدایک بوو ئەمیش هەمان چارەنووسی ئەو پەیماننامەیەی هەیە کە بەمردوویی لەدایک دەبێت.

نوێترین نوسینەکانی ئارام مەجید عەلی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌