وریای زەنگی شەڕی ناخۆبن

وتار/ 20/10/2017 687 جار بینراوە

ئارام مەجید عەلی

وریای زەنگی شەڕی ناخۆبن
ئارام مەجید عەلی
 ئەگەر ئاوڕێک لەمێژوومان بدەینەوە زۆریش نەچینە دواوە،بەتایبەت لەناوەڕاستی دەیەی دوومی سەرەتای سەدەی بیستەم، ئەوا زۆر بەباشی لەزەنگی شەڕی ناوخۆی کورد لەباشوری کوردستان تێدەگەین و سەرەتایەکی خوێناوی لەشەڕی براکوژی لەمێژووی میللەتەکەمان سەری هەڵدا، لەو شەڕە نەخوازراوە نەگریسەدا چەندین کەسی بێتاوان و چەندین کوردی هەژار بوونە قوربانی، ئەو قۆناغەش بەسەرەتای یەکەمین قۆناغی شەڕی براکوژی لەمێژووی باشوری کوردستان ناسرا،ئەمەش ناوبەناو بەردەوام بوو تاساڵانی هەشتاکانی هەمان سەدە،ئەم قۆناغە لەمێژووی کورد کۆتایی پێنەهات،بەڵکو سەرەتایەک بوو بۆ دەستپێکردنی قۆناغی دووەم لەمێژووی کوردی ئەو سەردەمە،شەڕی نێوان پارتی و یەکێتی بەردەوام بوو،دیسانەوە کوڕی فەقیر و هەژار بونە سوتەمەی ئەوشەڕە شومە.
بەمەش دیسان شەڕی ناوخۆ کۆتایی نەهات و دوای ماوەیەک بەتایبەت دوای ڕاپەڕینی کوردان لەسەرەتای دەیەی کۆتایی سەدەی بیست، دیسانەوە سەرەتای شەڕی گەرمی ناوخۆ لەنێوان پارتەکانی باشوری کوردستان سەری هەڵدا،بەتایبەت لەنێوان پارتەکانی یەکێتی و پارتی و بزووتنەوەو دواتریش پەک،ئەم شەڕە شومە چەندین دەیە کوردی گێڕایەوا بۆ دواوەو زەرەرو زیانی ئەم قۆناغەی شەڕی ناوخۆ لە قۆناغەکانی پێشتر زۆر قورس و دژوارتر و وێرانکەرتربوو،چەندین ڕۆڵەی بێتاوان لەهەموو لایەک بونە قوربانی،زیانی ئەم قۆناغەی شەڕی ناوخۆ تەنها زیانی گیانی و مادی نەبوو،بەڵکو خاکی کوردستانی دووکەرت کردوو و تائێستاش شوێنەواری ئەو شەڕە لەسەر خاکی باشور بەسەر ئیدارەی کوردی بەردەوامە.لێرەوە تێدەگەین شەڕی ناوخۆ تەنها ساڵانی نەوەدەکان نەبووە وەک هەندێک کەس وای تێدەگەن، بەڵکو لەساڵی 1964 وە بەردەوام بوو تاڕێکەوتی 17-9-1998،واتە بەکۆی شەڕی هەر سێ قۆناغەکە بۆماوەی 34ساڵ شەڕی ناوخۆ لەمێژووی کوردی باشوری کوردستان بوونی هەبووە بەشێوەی بچڕ بچڕ بەشێوازی جیاواز بەردەوامی هەبوو.
لەڕاستیدا ئێمەی کورد سودمان لەهەڵەکانی شەڕی ناوخۆ وەرنەگرت و هەندێک جار بەشێوەی شەڕی سارد یان گەرم دووبارەمان دەکردەوە،ئەوەش بەچەند شێوەیەک بوو.
یەکەم:بەشێوەی شەڕی سارد، زۆرجار لەنێوان دامودەزگاکانی هەردوولا ئەوە ڕوویداوە بەچاوێکی خراپ لەئیش و کارەکانی یەکتریان دەڕوانی و دەبونە ڕێگر لەبەردەم ئیدارەی یەکترو کاروچالاکیەکان.
دووەم:شەڕی نوسین و بڵاوکراوە، هەردوولا لەڕێگەی نوسین و وتارەکانیان و چەندین کەسی ئاراستەکراو دژی یەک دەیان نوسی و سوکایەتیان بەیەکتر و پیرۆزیەکانی یەکدی دەکرد لەڕێگەی چەندین کەناڵی جیاوازەوە.
سێیەم:شەڕی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، ئەم شەڕەیان زۆر کاریگەری هەبوو، ئەمەش بەوەی کە هەردوولا لەکەناڵەکانی خۆیانەوە هێرشیان دەکردەسەر یەکترو چەندین ناوناتۆرەیان لەسەر یەک بڵاو دەکرەوە، لەئێستاشدا کەناڵەکان هێندەی تۆپخانەکانی دوژمن زیانی بەخۆیان و هاوڵاتیان گەیاندوەو هاوڵاتیانی توشی نەخۆشی دەرونی کردوەو هێندەی شەڕەکان خەڵکیان هیلاک کردووە،بەشێوەیەک خەریکە بەهۆی ئەم کەناڵانەوە زەنگی شەڕی ناوخۆ لێدەدرێت و بەهۆی ئەم کەناڵاناوە خەریکە لولەی تفەنگەکان ئاراستەیان دەگۆڕێت، پێویستە ڕێگری تەواو لەم کەناڵانە بکرێت لەبڵاوکردنەوەی هەر بابەتێک دەبێتە هۆی زەنگی شەڕی ناوخۆ، چونکە هەمیشە وتومە شەڕی ناوخۆ لەپێشمانەوەیە نەک تێمان پەڕاندبێت.
لێرەوە پەیامێک ئاراستەی یەکێتی زانایان و وەزارەتی ئەوقاف و پیاوان و زانایانی ئاینی دەکەم پەیامی جدی و ڕۆڵی تایبەتیان هەبێت لەدەرکردنی فەتوای حەرامی شەڕی ناوخۆ و دوبارەنەکردەنەوەی ئەو هەڵە مێژووییە،پێویستە بەزوترین کات ئیش لەسەر ئەوە بکەن،چونکە لەئێستادا و لەم بارو دۆخەدا هەندێک لایەن و هەندێک کەسایەتی چ لناوخۆ یان دەرەوە خەریکە ئاراستەدەکرێن بۆ شەڕی ناوخۆ،ئەمەش زەنگێکی زۆر مەترسیدارە پێویستە هەمولایەک ڕێگری لێبکەن،چونکە شەڕی ناوخۆ ئەمجارە زیانی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت و هەستانەوەشمان زۆر ئەستەم دەبێت،جگەلەوەش دوژمنانی کورد گرەوی سەرهەڵدانی ئاو شەڕە دەکەن،بۆیە پێویستە هەموو تاکێکی کورد بەچەکدار و بێچەک زۆر وریای ئەم پیلانە گڵاوەی دوژمنانی کورد بێت و وریای زەنگی شەڕی ناوخۆبن.

نوێترین نوسینەکانی ئارام مەجید عەلی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌