بەشەیتانكردنی موسوڵمان لە ئەوروپا
وتار/
10/09/2016
1059 جار بینراوە
عادل باخهوان
زیاتر لە چەند ساڵێكە، بەشێكی زۆر لە وڵاتانی ئەوروپی بەگشتی
و فەرەنسا بەتایبەتی، رووبەڕووی دیبەیتێكی توند و ورووژێنەر بوونەتەوە دەربارەی زۆربوونی
ژمارەی مزگەوتەكان و وێناكردنیان وەك رەمزی "بەئیسلامیكردن/ ئیسلامیزاسیۆن"ی
كۆمەڵگە ئەوروپییەكان. ئایا بەڕاستی ئەمە وەهمێكی بیناكراوە لە خەیاڵدانی "ئیسلامۆفۆبەكان"دا
یان گوزارشتە لە واقیعێكی كۆنكرێتی؟ ئایا ئەمە ترساندنی كۆمەڵگا ئەوروپیەكانە لەلایەن
ئەو ئەكتەرە سیاسی و كولتووریانەی كە ئیسلام وەك "ئەژدیهایەك" و موسوڵمانان
وەك كۆمەڵێك "تیرۆریست" دەبینن، یان هەر بەڕاستی ئەوروپا لەنێو پرۆسێسی
بەئیسلامیكردندایە؟
من وشیارم بەوەی كە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە، خەیاڵدانی
هەر یەكێك لە ئێمە پڕە لە "بڕیاری پێشینە" و "مانای هاوبەش"،
كە بەردەم رێگامان لێدەگرن واقیع بە رووتی ببینین. هەروەها وشیارم بەوەی كە لە گۆشەیەكی
بچووكی وادا زۆر زەحمەتە وەك پێویست بتوانین وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە. بەڵام ئەوەی
من هەوڵ دەدەم لێرەدا بیكەم، هەم مەوداوەرگرتنە لەگەڵ بڕیارە پێشینەكاندا و هەم چڕكردنەوەی
وەڵامەكانمە بۆئەوەی هەر هیچ نەبێت لەم گۆشەیەدا چەند سەرەداوێك بخەمەڕوو. بۆ كارێكی
لەم جۆرەش دەگەڕێمەوە سەر كۆمەڵێك داتای گرنگ كە لە كتێبی "ئەفسانەی بەئیسلامیكردنی
ئەورپادا" بڵاوكراونەتەوە.
بەپێی ئەم داتایانە، دوو "ڤاریابڵ" بایەخی تایبەتی
خۆیان هەیە: رێژەی ئەو موسوڵمانانەی كە هاتوچۆی مزگەوت دەكەن و ژمارەی مزگەوتەكان،
هەروەها رێژەی ئەو كاتۆلیك و پرۆتستانتانەی كە هاتوچۆی كڵێسا دەكەن و ژمارەی كڵێساكان،
لە فەرەنسادا.
لە فەرەنسا، 23%ی موسوڵمانان،
بەلای كەمەوە یەك جار لە مانگێكدا، سەردانی مزگەوت دەكەن، بەڵام كاتۆلیكەكان كە زۆرینەی
كۆمەڵگا پێكدەهێنن، تەنیا 5%یان یەك جار لە مانگێكدا سەردانی كڵێسا دەكەن. ژمارەی
ئەو موسوڵمانانەی لە فەرەنسا سەردانی مزگەوت دەكەن دەگاتە دوو ملیۆن كەس، بەڵام
ژمارەی ئەو پرۆتستانتانەی كە سەردانی كڵێسا دەكەن تەنیا یەك ملیۆنە. بەپێی ئەم
ژمارانە، دەبێت ژمارەی مزگەوتەكان لە ژمارەی كڵێساكان زیاتر بێت، بەڵام واقیعەكە تەواو
پێچەوانەیە، چونكە لە فەرەنسادا تەنیا 90 مزگەوت هەیە و گەر هۆڵەكانی نوێژكردنیشی
بخەینە سەر، دەبنە 1962 شوێنی نوێژكردن بۆ دوو ملیۆن موسوڵمانی نوێژكەر، بەڵام تەنها
بۆ یەك ملیۆن پرۆتستانتی پابەند 3000 هۆڵی نوێژكردن لە فەرەنسادا هەیە، واتە زیاتر
لە 1000 هۆڵی نوێژكردن، لەكاتێكدا پرۆتستانتەكان یەك ملیۆن كەمترن لە موسوڵمانە
پابەندە فەرەنسییەكان!
لەبیرمان نەچێت، یاسای ساڵی 1905 كە بە یاسای عەلمانیەت
ناسراوە، لە مادەی 1 و 25 دا باس لەوە دەكات كە كۆماری فەرەنسا دەبێت: ئامادەكردنی
هەلومەرجی ئازادانەی "مومارەسەكردنی گشتیی" عیباداتی ئاینی بگرێتە ئەستۆ.
بە گوزارشتێكی دیكە، وەك ژان بۆبیرۆ، گەورەترین تایبەتمەندی عەلمانیەتی فەرەنسی دەڵێت،
جمهوریەت دەبێت گەرەنتی ئەوە بكات كە باوەڕداران لە كەنیسە و مزگەوتەكاندا مومارەسەی
ئاینەكانی خۆیان بكەن.
داتایەكی دیكە لەم بوارەدا بایەخی تایبەتی هەیە: نوێژی بەكۆمەڵی
هەینی لەسەر شەقامەكان. لەبەر ئەوەی كە ژمارەی موسوڵمانە پابەندەكان زۆر زیاترە لە
ژمارەی مزگەوتەكان، بەناچاری بەشێكی زۆر لەو موسوڵمانانە نوێژی هەینی بەكۆمەڵ لەسەر
شەقامەكان دەكەن. ئیسلامۆفۆبەكانی ئەوروپا و فەرەنسا، ئەم كارە بە داگیركردنی شەقامەكانی
ئەوروپا لەلایەن نازیەكانی سەدەی رابردوو بەراورد دەكەن و موسوڵمانە نوێژكەرەكان وەك
نازیی نوێ پێناسە دەكەن. دوو ئەكتەری سیاسی وەك نیكۆڵا سەركۆزی و مارین لۆپێن باس
لەوە دەكەن كە هەموو رۆژێكی هەینی 185 شەقام لەلایەن نوێژكەرە موسوڵمانەكانەوە داگیر
دەكرێن، لەكاتێكدا ژمارەی راستەقینەی ئەو شەقامانە بەپێی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا
لە 10شەقام تێناپەڕن !
لەنێو هەلومەرجێكی توندی "ئیسلامۆفۆبیا"ی وادا، واقیعی
ئیسلام و موسوڵمانان ڕۆژانە دەشێوێنرێن. بۆ نموونە فەرەنسیەكان پێیانوایە كە لە فەرەنسادا
191 منارەی مزگەوت هەیە، لەكاتێكدا لە هەموو فەرەنسادا تەنیا 90 مزگەوتی فەرمی هەیە
و لەكۆی ئەم مزگەوتانەش تەنیا 20 دانەیان منارەیان هەیە!
ئەم داتایانە بەڵگەن لەسەر ئەوەی كە هەژموونكردنی جەستەی مزگەوت
بەسەر جوگرافیای فەرەنسادا، پەیوەندی بە واقیعەوە نییە، بەڵكو چەكێكی سیاسی و
كولتورییە و دژ بە ئیسلام و موسوڵمانان بەكاردەهێنرێت و بەداخەوە بەشێك لە بزووتنەوە
ئیسلامیستەكانیش، چ لە ئەوروپا و چ لە دەرەوە، لەڕێگای بەرهەمهێنانی گوتارێكی هەڵە
و نابەرپرسیارەوە، بەشداری دەكەن لە بەهێزكردنی گیانی "ئیسلامۆفۆبیا" لە
ئەوروپادا، بۆ نموونە گوتاری بەئیسلامیكردنی فەرەنسا لەلایەن ئیسلامییەكانەوە تەنیا
لەبەر ئەوەی كە ساڵانە 4000 فەرەنسی لەكۆی 64 ملیۆن فەرەنسی، دەبنە موسوڵمان. لەكاتێكدا
گەر پرۆسێسی "بەموسوڵمانبوونی" فەرەنسیەكان بەم شێوەیە بەردەوام بێت، وەك
ڕەفایل لۆژیە دەڵێت، لەسەر ئاستی ژمارە 6 هەزار ساڵی دیكەی دەوێت تا فەرەنسا ببێتە
وڵاتێكی "موسوڵمان".
نوێترین نوسینەکانی عادل باخهوان
-
عادل باخهوان
31/07/2021
-
عادل باخهوان
10/09/2016