وریای مەترسیەکانی حەشدی شەعبی بن!!

وتار/ 11/10/2017 705 جار بینراوە

ئارام مەجید عەلی

وریای  مەترسیەکانی حەشدی شەعبی بن!!
ئارام مەجید عەلی
بەشێوەیەکی گشتی حەشدی شەعبی لەچەند گروپێکی جیاواز بەشێوەی میلیشیا دەرکەوتون و وەلایان بۆ چەندین کەسایەتی مەزهەبی شیعی هەیە و بەچەند شێوازێکی جیاواز بەڕێوە دەبرێن و ئاراستە دەکرێن چ لەناوخۆی عێراق چ لەدەرەوەی عێراق.
ئەم میلیشیانە بۆ مەرام و مەبەستی تایبەت دروست کراون و خراونەتە نیو گۆڕەپانی سیاسی عێراق، مەبەستی سەرەکی لەدوستکردنی میلیشیای حەشدی شەعبی بۆ جێگرتنەوەی سوپای عێراقە لەداهاتوودا، چونکە سوپای عێراق لەدوای نەمانی ڕژێمی بەعس و بەتایبەت لەدوای هاتنی داعش و نەتوانینی ڕووبەڕووبونەوەی داعش ئیدی سوپا ئەو هەیمەنەیەی جارانی نەما و هەربەناو وک سوپا ناوی مایەوە، لەبەر ئەوە دروستکردنی حەشدی شەعبی بەوناوە جیاوازانەوە بەشێوەی میلیشاو گروپی جیاواز وەلائی جیاواز وەک سوپایەکی پڕچەکی ئاراستەکراو دەخرێتە چوارچیوەی یاساو دواجار وەک سوپای نیشتیمانی عێراق بەکار دەهێنرێت، ئیدی دواجار ئەم میلیشیایانە دەست بەسەر تەواوی سوپای عێراق دەگرن و ئەوان حکومەتیش ئاراستە دەکەن.
تائێرە ئەمە بۆ عێراق شتێکی ئاساییە، چونکە ئەوان لەئەرزی واقیعدا بونەتە سوپایەکی شەڕکەر و چەندین تاوانی قیزەون و نەشیاویان ئەنجام داوە،
بەڵام نائاسایی ئەم میلیشیایە ئەوەیە دواجار بەردەدرێنە ناوچە کێشە لەسەرەکان بەگشتی و کەرکوک بەتایبەتی!!
لەئێستاشدا بەشێکی زۆری ناوچە کێشەلەسەرەکان لەدەست هێزی پیشمەرگەی کوردستانە و لەپێناو پاراستنیدا شەڕی داعشی کردووە و دەریایەک خوێنی بەخشیوەو پارێزگارییشی لێدەکات.
بەڵام دوای داعش هاوکیشەکە بۆ کورد لەوناوچانە وەک خۆی نامێنێتەوەو و عێراقی خاوەن حەشدی شەعبی ئاراستەکراوی دەرەکی ئەوە قەبوڵ ناکات ئەوناوچانە لەدەست کورد بمێنێتەوە، ئەمە مەترسیەکەیە من لەسەرەتای دروسبونی حەشدی شەعبی لێی دەترسام، وائێستا خەرێکە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە و ڕووبەڕوومانی دەکەنەوە،
ئەگەر لەئێستادا ئێران وەک هێزی پاسداران نەتوانێت هێرش بکاتە سەر ئەوناوچانە لەترسی ئەمریکا، ئەوا لەڕێگەی حەشدی شەعبیەوە لەلایەن ئێرانەوە بەشێوەیەکی هەم نێنی و هەم ئاشکرا خەریکی جێبەجێکردنی پیلانەکەیەتی بەتایبەت دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و دەیەوێت بەم بیانوە حەشد بخزێنێتە ئەوناوچانەو ڕووبەڕووی هێزی پێشمەرگەی بکاتەوە،ئەگەر ئەمەش ڕوویدا ئەوا شەڕێکی خوێناوی و ماڵوێرانکەر یەخەی کورد دەگرێتەوە،ئەگەر لەم کاتەدا خۆمان وەک کورد یەک دەنگ و یەک هەڵوێست نەبین و هاوپەیمانان وەک پێش پرۆسەی ڕێفراندۆم هاکارو یارمەتیدەرمان نەبن بەرگریکردن لەوناوچانە زۆر سەخت و دژوار دەبێت.
تازە کوردو سەرکردایەتیەکەی لەڕیفراندۆمدا هەنگاوی خویان هاوشت، بەڵام گەڕانەوەشی زۆر ئەستەمەو باشترین چەکێک بەدەست کورد مابێتەوە پێویستە گفتوگۆی جدی و بوێرانەو سەرکەوتوانە لەگەڵ بەغداد ئەنجام بدات، ئەویش بەڕێمای و هاوکاری کەسانی پسپۆڕ و شارەزا لەهەموو لایەنەکان، چونکە پێشتر بەهۆی هەنگاوی کوێرانەوە ئەوەی لەمێژوودا بەچەک بەدەستمان هێناوە لەسەر مێزی گفتوگۆ دۆڕاندومانە.
لەبەر ئەوە پێویستە زۆر وریابین پرس و ڕاوێژ لەنێو لایەنەکان بەجدی بکرێت، ئەوەش بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکان و ڕێگەگرتن لەشەڕێکی تاقەت پڕوکێن و ماڵوێرانکەر و پاراستنی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم.

نوێترین نوسینەکانی ئارام مەجید عەلی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌