بۆ بەشداری كۆبوونەوەكەی پەرلەمانم نەكرد؟
وتار/
16/09/2017
907 جار بینراوە
گەشە دارا حەفید
بۆ بەشداری كۆبوونەوەكەی پەرلەمانم نەكرد؟
گەشە دارا حەفید
پەرلەمانی كوردستان كە نزیكەی دوو ساڵە لەكار خراوە، ئێمە
وەك ئەندامانی پەرلەمان هەوڵی زۆرماندا كارا ببَتەوە و بە ئەركەكانی خۆی هەڵسێت، بۆ ئەم مەبەستە یاداشتمان نوسی، ئیمزامان
كۆكردەوە، فشارمان خستە سەر حزبەكان، بەلام گوێمان لێ نەگیرا، ئێستا كە بڕیاردرا پەرلەمان
كارا ببێتەوەو كۆبوونەوەكانی دەست پێ بكاتەوە مایەی خۆشحالی هەموومانە، بەلام ئەوەی
گرنگە لەكاراكردنەوەیدا رێكارە یاساییەكان لەبەرچاو بگیرێت بەلام بەداخەوە شێوازی
كاراكردنەوەی چەندین نیشانەی پرسیاری لەسەر قوت بووەوەو ئاماژەكانی بەڕێوەچوونی پێماندەڵێن
ئەم میكانیزمەی بەڕێوەچوو و ئەو نیەتەی بۆی كاراكراوەتەوە ئەگەر وا بڕوات نائومێدترمان
دەكات.
ئەوەی لێرەدا دەمەوێت لێی بدوێم ئەوەیە كە وەلامی ئەو
پرسیارە بدەمەوە كە بۆچی بەشداری كۆبوونەوەكەی رۆژی(15/9/2017)م نەكرد؟
1-لە شێوازی كاراكردنەوەیدا پێشێلكاری لە چەندین
مادەو بڕگەی پەیڕەوی ناوخۆدا كرا. ئەمەش گومانمان لا دروستدەكات كە پەرلەمانێك
دووای دووساڵ لەپەكخستنی لەدەستپێكی كارابوونەوەیدا ئەمە میكانیزمی كاری بێت، ئاخۆ
دواتر دەبێت چی بكات.
2-لەكاتی كاراكردنەوەیدا ئەگەر بەراستی مەبەست
كاركردن بوو بەیاساو خستنەوە سەرپێی ئەم دەزگا گرنگەبوو، ئەو پەرلەمانتارانەی ئیمزایان
بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوە نائاساییەكە كۆكردبووە وە دەبوایە یاداشتەكەیان ئاراستەی
سەرۆكی پەرلەمان بكردایە و نیەت پاكی و یاسایی بوونی داواكەیان دەربخستایە.
3-كۆبوونەوەی پەرلەمان بەم پەلەپروزێیە مەبەست
لێی بەیاسایی كردنی بڕیارێكی نایاسایی بوو كە زۆربەی هەنگاوەكانی بڕیوەو لە بنچینەدا
دەبوایە سەرەتا پەرلەمان ئەم بڕیارە بدات، نەك ئێستا لەم كۆتاییەدا كە هەموو شتێك
بڕاوەتەوە و پرسە خەسوانەیەكی بكرێت و پەرلەمانێك كە هیچ ئاگادار نەبووەو بەرپرسیار
نیە لەدەرەنجامەكانی كەچی ئۆباڵەكەی بخرێتە ئەستۆ.
4-كاراكردنەوەی پەرلەمان وەك حزبە رێككەوتووەكان
دەیڵێن: بۆ یەكخستنەوەی نێو ماڵی كوردە لەم كاتە ناسكەدا، بەلام ئەو رێكارەی گرتیانەبەر
نەك نەیتوانی یەكی بخات بەلكو نەشیان ویست بیكەن و پەرشوبلاو تریان كرد.
5-دەبوایە پەرلەمان لەیەكەم كۆبوونەوەیدا بڕیار
بدات كە رێگە نەدات جارێكی تر بەو دەردە ببرێت كە دوو ساڵە پێی براوە، بەداخەوە نەك
ئەوەی نەكرد بەلكو درێژەپێدەری هەمان سیاسەت و میكانیزمی پێشوو بوو و خۆیشی بوو بەبەشێك
لێی.
6-پەرلەمانی كوردستان دەبوایە لەبەرنامەی كاری
خۆیدا لەیەكەم كۆبوونەوەی كاراكردنەوەیدا جەسارەتی خۆی پیشان بدات و وەك نوێنەری
راستەقینەیان خەڵك ئاشت بكاتەوە بەوەی لەسایەی ئەم دەسەلاتەدا بەهەژاری و نەداری دەژین
و موچەو موستەهەقاتیان بڕاوەو بژێویی ژیانیان بە زەحمەت دەست دەكەوێت، ئەویش بە لێپێچینەوەیەكی
یاساییانە لە حكومەت دەكرێ كە بەرپرسە لەم رەوشە خراپ و ناهەموارەی بەڕێوە دەچێت.
لەبەر ئەم هۆكارانەو چەندین هۆكاری تر نەمتوانی بەشداری
ئەو كۆبوونەوەیە بكەم و بەشێك بم لە سیناریۆیەكی ئامادەكراو كە پێم وانیە تا بەم ئەقلیەت
و میكانیزمە سیاسەت بكەین هیچی بۆ میللەتەكەمان لێ شین ببێت.
نوێترین نوسینەکانی گەشە دارا حەفید