نەوت رادەست دەکرێت لە بەرامبەر ئەوەی به‌غداد پێویستی هەرێم لە بەرهەمە نەوتییەکان دابین بکات

هەواڵی / 6/7/2025 56 جار بینراوە

400 هەزار بەرمیل نەوت دیاریکراوە
نەوت رادەست دەکرێت لە بەرامبەر ئەوەی به‌غداد پێویستی هەرێم لە بەرهەمە نەوتییەکان دابین بکات


شه‌ن پرێس:

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی رەشنووسی رێککەوتنی نێوانیان وەڵامی بەغدا دەداتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، کە بەشێوەیەکە بەغدا بەرهەمە نەوتییەکان دابین دەکات و لیژنەیەک بۆ خەمڵاندنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و پێویستی ناوخۆ لە بەرهەمە نەوتییەکان دەنێرێت. کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت سێ داواکارییان پێشکێش کردووە کە لە بارەی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت، قەرزی پێشوو و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ گرێبەستەکانیاندایە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستاندنەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، بە رووداوی راگەیاند، رەشنووسی رێککەوتن لەبارەی رادەستکردن و هەناردەی نەوت لە قۆناخی کۆتاییدایە و گۆڕانکارییەکی سەرەکی کە تێیدا کراوە ئەوەیە، تەواوی نەوتی بەرهەمهێندراو رادەست دەکرێت لە بەرامبەر ئەوەی کە حکومەتی فیدراڵی پێویستی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان لە بەرهەمە نەوتییەکان دابین بکات.

بەگوێرەی زانیارییەکان، خەمڵاندنی سەرەتایی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە 50 بۆ 55 هەزار بەرمیل نەوتە بۆ ئەوەی بینێرێت بۆ پاڵاوگەکان و بەرهەمە نەوتییەکانی لێ بەرهەم بهێنرێت.

یاسای بودجەی عێراق، مەرجی رادەستکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی دیاریکردووە بۆ ئەوەی شایستە داراییەکانی مانگانەی هەرێمی کوردستان بدرێت، بەڵام ئێستا بە بەغدا راگەیێنراوە کە توانای بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمى کوردستان دەگاتە 280 هەزار بەرمیل.

ئەو سەرچاوەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە بەگوێرەی رەشنووسی رێککەوتنەکە، لیژنەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ دوو مەبەست؛ یەکەمیان، دیاریکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان و، دووەم، دیاریکردنی ئاستی پێویستی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ بەرهەمە نەوتییەکانى وەک نەوتی سپی، بەنزین، گازوایل کە بە گوێرەی رێککەوتنەکە دەبێت حکومەتی فیدراڵ دابینی بکات.

بە گوێرەی زانیارییەکان، بڕیارە دووشەممە، 7ی تەمموز، وەڵامی حکومەتی هەرێمی کوردستان بدرێتە بەغدا و پێیان دەگوترێت هەرێمی کوردستان رازییە بەو شێوازەی دانراوە بۆ رادەستکردنی نەوت.

سەرچاوەکەی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەدا، قۆناخێکی دیکەی رێککەوتنەکە، پرس و راوێژکردنە بە هاوپەیمانیی چوارچێوەى هاوئاهەنگى شیعەکان لەبارەی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە، کە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران، ئەو ئەرکەی گرتووەتە ئەستۆ، تاوەکو دواتر بڕیار لەسەر ناردنی پێشینەیەکی پارەی مووچە بدرێت، کە ئەگەری هەیە بکەوێتە رۆژی سێشەممە یان رۆژانی دواتر، ئەگەر رێککەوتنەکە هیچ کێشەیەکی دیکەی بۆ دروست نەبێت.

لە 25ی ئاداری 2023وە، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیراوە. هەمواری یاسای بودجە لە 17ـی شوباتەوە چووەتە بواری جێبەجێکردن، بۆ ئەوەی بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی ئەو هەناردەیە چارەسەر بکرێن.

بەگوێرەی هەمواری یاسای بودجە، کۆمپانیایەکی راوێژکاری، خەمڵاندن بۆ تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات. تاوەکو کۆمپانیاکە کارەکانی تەواو دەکات، بەغدا بەشێوەیەکی کاتی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک وەک تێچوو دەداتە کۆمپانیاکانی نەوت.

بەرپرسێکی یەکێک لە کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: رۆژی 2ی تەممووز، بەفەرمی بۆچوون و پێشنیازی کۆمپانیاکان دراوەتە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەوانیش رادەستی بەغدایان کردووە، کە سێ داواکاری بووە.

داواکارییەکان بریتین لە؛ یەکەم ئەو 16 دۆلارەى تێچووى دەرهێنان و گواستنەوەى نەوت کە دەدرێتە کۆمپانیاکان بۆ ماوەی 90 رۆژ بێت و دوای ئەو ماوەیە کۆمپانیا راوێژکارییەکە کارەکانی تەواو بێت. دووەم: دەستکاریی ناوەڕۆکی گرێبەستەکانیان نەکرێت و بڕی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان لەسەر بنەمای رێژە بێت کە لە گرێبەستەکانیاندا هاتووە، نەک پارەیەکى دیاریکراو. سێیەم: لەبارەی زیاتر لە 900 ملیۆن قەرزی کەڵەکەبووی کۆمپانیاکان، یەکێک لە دوو لایەنی هەولێر و بەغدا بەرپرسیارێتیی دانەوەی بگرێتە ئەستۆ.

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌