دكتۆرێك : تووشبووانى کۆڕۆنا بە زۆر خواردنى لیمۆ و پرتەقاڵ خراپتر دەبن!
هەواڵی /
8/8/2021
770 جار بینراوە
دكتۆرێك : تووشبووانى کۆڕۆنا بە زۆر خواردنى لیمۆ و پرتەقاڵ خراپتر دەبن!
گرینگترین چەکى دەستى مرۆڤ بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و لەناوبردنى ئەو میکرۆبانەى دەچنە ناو لەشى، کۆئەندامى بەرگرییە. ئەویش لە چەندان ئەندام و خانە و پێکهاتەى دیکە پێکدێت، کە خۆراک ڕۆڵى گرینگى هەیە لە دروست بوون و باش کارکردنیان. گرینگترین ئەو خۆراکانەى ئەو ڕۆڵەیان هەیە، دواى پڕۆتین، بریتین لە ڤیتامین و کانزاکان، کە پڕترین سەرچاوەى ئەمانەش بریتییە لە میوەکان، بۆیە ئەوەى بایی پێویست میوە نەخوات، ناتوانێت ببێتە خاوەن بەرگرییەکى بەهێز.
ڤیتامین C یەکێکە لەوانەى بۆ بەرگریی جەستە پێویستن، بۆیە ئەو میوانەى کە دەوڵەمەندن بەو ڤیتامینە، بەتایبەت مزرەمەنییەکانى وەک لیمۆ، پرتەقاڵ ... هتد سوودیان هەیە بۆ بەرگرى و تەندروستى. لەو ڕوانگەیەوەیە هەندێک کەس ڕێنماییی ئەوە دەدەنە تووشبووانى کۆڕۆنا "تا پێتان دەکرێت لیمۆ و پرتەقاڵ بخۆن"، بۆیە جارى وا هەبووە نەخۆش وتوویەتى "ڕۆژانە کیلۆیەکیان لێ دەخۆم"! جا ئایا ئەمە ڕاستە و بەڕاستى سوودى هەیە یان زیان؟
ئەو دژەتەن و خانانەى کە کاریان ڕووبەڕووبوونەوەى میکرۆبەکانە، بە چەند سەعات یان بە چەند ڕۆژێکى کەم دروست نابن، بۆیە ئەوە نییە ئەمڕۆ دەستت بە زۆر خواردنى میوە کرد، ئیتر هەر ئەمڕۆ یان سبەى بەرگریت فوول ببێت! ئینجا نەخۆشییەکى وەک کۆڕۆنا ئەوەندە زۆر ناخایەنێت، وەک نەخۆشییەکى درێژخایەنى وەک (سیل) نییە بە مانگ بخایەنێت، تا بڵێی ئەو زۆر میوە خواردنە بەرگرییەکى واى لە دژ دروست بکات.
لە بەرانبەردا، میوە شەکرى تێدایە، ئەگەرچی زۆربەى ئەو شەکرە (فڕاکتۆز)ە و کاریگەرییەکى وا خراپی نییە، بەڵام بەشێکیشی (گلووکۆز)ە، کە ئەو شەکرەیە کە شەکرى خوێن بەرز دەکاتەوە و لەوانەى تووشی شەکرە دەبن زۆر بەرزە. شەکری گلووکۆزیش باشترین خۆراکە بۆ میکرۆب، هەر بۆیە بە ئاسانى ناتوانرێت کۆنتڕۆڵی هەوکردن بکرێت لەو کەسانەى شەکرەیان هەیە.
ئەگەرچی زۆربەى میوەکان و لەنێویاندا لیمۆ و پرتەقاڵ، ڕیژەى شەکریان زۆر بەرز نییە، یان بە گوزارشتى زانستى بیڵێین (Glycaemic index)یان بەرز نییە، بەڵام کاتێک بە خواردنى دانەیەک و دووان دەستیان لێ بەر نادرێت، ئەوە دیسان شەکرەکەیان یان بڵێن (Glycaemic load)یان بەرز دەبێت. وەک بڵێیت: ئەگەر پرتەقاڵێک بۆ نموونە کەوچکێک چا شەکرى تێدا بێت، کە زۆر نییە، بەڵام ئەگەر پێنج دانەى لێ بخورێت، پێنج کەوچک دەکات،کە زۆرە.
بۆیە وا پێویستە لە کاتى تووشبوون بە کۆڕۆنا و نەخۆشییە گوازراوەکانى تر و تەنانەت ڕۆژانى ئاساییشدا، میوە بە ڕێژەیەکى کەم بخورێت، باشترین شتیش ئەوەیە بە سەر سێ ژەمەکەدا دابەش بکرێت، وەک ئەوەى بەیانییان سێوێک و نیوەڕۆیان مۆزێک و ئێوارانیش پرتەقاڵێک بخورێت. لەوە زیاتر، زیانى زیاتر دەبێت لە سوود.
پوختەى قسان: خواردنى بڕی زۆر لیمۆ و پرتەقاڵ لە کاتى تووشبوون بە کۆڕۆنا، بەرگریی لەش لاواز و نەخۆشییەکەش بەهێز دەکات!
د. زانا ئەحمەد
پزیشکى پسپۆڕی هەناو