بۆچی كوڕێك لە دایك دەبێـت دوو ئاژەڵی بۆ سەر دەبڕدرێت بەڵام بۆ كچ یەك دانە؟!

هەواڵی / 5/8/2021 1743 جار بینراوە

بۆچی لە ناو موسڵماناندا كە كوڕێك لە دایك دەبێـت دوو ئاژەڵی بۆ سەر دەبڕدرێت بەڵام بۆ كچ یەك دانە؟!

پێشەکی با ئەوە بزانین کە پێغەمبەر (د.خ) خوودی خۆی یەک دانەی بۆ کوڕ سەربڕیوە و هیچ جیاوازییەکی نەکردووە، ((أنَّ رسولَ اللهِ صلَّى اللهُ عليه وسلم عقَّ عن الحسنِ والحسينِ كبشًا كبشًا)). ابو داود ۲٨٤۱، حكمه صحیح.
 واتە پێغەمبەر (د.خ)  بۆ حەسەن و حوسێن یەکی یەک دانەی بۆ کردن بە هۆزەبانە.
هەر بۆیە هەندێ لە زانایان - وەک ئیمامی مالیک - دەفەرموون بۆ کوڕ و کچ یەک دانەیە و هیچ جیاوازییەکیان نییە. (بداية المجتهد ونهاية المقتصد، ل ۳٨۱) (موسوعة الفقه الاسلامی والقضايا المعاصرة، ب ۳، ل ٦۳٤).
کەواتە خودی پێغەمبەر (د.خ) یەک دانەی بۆ کوڕ کردووە و فەرقی پێنەکردوون. هەرچەندە ریوایەتی تریشمان هەیه.
بەڵام ئەگەر ئەو فەرموودانەی تریش وەربگرین کە دەفەرموون بۆ کوڕ دوو دانەیە، بەڵێ ڕاستە لە هەندێ لە فەرمودە صەحیحەكانی پێغەمبەری خوا (د.خ) دا هاتووە، ئەگەر كەسێك خوای گەورە كورێكی پێ بەخشی دوو حەیوانی بۆ بكات بە هوێزەبانە، بەڵام بۆ كچ یەك دانە، وەك لە فەرموودەی دایكی ئیمانداراندا خاتوو عائیشە دا هاتووە خوای لێ ڕازی بێت: (أنَ رسول الله ﷺ أمرهم عن الغلام شاتان مكافئتان وعن الجارية شاة) رواه أحمد والترمذى وصححه الألبانى (1655).
واتە (پێغەمبەری خوا (د.خ) فەرمانی پێكردوون بۆ كوڕ دوو حەیوان سەرببرین وە بۆ كچیش یەك.
کەواتە:

١. حوكمی ( عقيقة ) هۆزەبانە، یاخود مەڕە منداڵە، سوننەتە، واتە ئەگەر كەسێك ئەنجامی بدات خێرە و ئەگەر ئەنجامی نەدات گوناهبار نابێت.
٢. عەقیقە ماف نیە و بەڵكو ئەركێكە لەسەر باوك و دایك، بۆیە بۆمان دەردەكەوێت كە ئەركی كچ كەمترە و ئاسانترە.
٣. پێغەمبەر (د.خ) بۆیە بۆ كوڕ فەرمویەتی دوو حەیوان سەرببڕن  چونکە لەزۆربەی کۆمەڵگەکاندا بە ئێستاشەوە، زیاتر دڵیان بەكوڕ خۆش بووە!، بۆیە ئەویش دەرفەتی لێ هێناون و فەرمویەتی: بۆ كوڕ دوو مەڕ سەرببڕن بۆئەوەی فەقیر و هەژار و دراوسێ و خزمەكانیان زیاتر سودمەند بن لەو گۆشت و خۆراكە.
٤. هیچ ڕێگرییەک نییە بۆ کوڕ یەک دانە سەر ببڕی و بۆ کچیش یەک.
٥. دەتوانی بۆ کوڕەکە یەک دانە سەرببڕی بۆ کچەکە دوو.
٦. دەشتوانی بۆ کوڕەکە هیچ سەرنەبڕی بەڵام بۆ کچەکە یەک یان دوو یان دە دانە یان سەد دانە سەرببڕی!
کەواتە بابەتە زۆرفراوانە و بەهیچ جۆرێک پەیوەندی بە ڕەگەزەوە نییە و ئەو ژمارەیە شتێکی لاوەکییە و دیاریکردنەکەش بڕاوە نییە، بەڵکو کراوەیە، شتێ نەهاتووە بڵێ نابێ بۆ کچ زیاتر لەوە سەرببڕدرێت! کەواتە ئەوەی مەبەستە بریتییە لە بەخشین و سوپاس گوزاری نەوەک تیشکخستنە سەر ژمارەی ئاژەڵ یان چەندییەتی بەخشینەکە.
۷. پێغەمبەر (د.خ) حیسابی تێڕوانینی خەڵکی کردووە بۆ بەخششی منداڵ، ئەو کات و ئێستاش لە زۆربەی شوێن و لەلای زۆر کەس کوڕ بەخششێکی گەورەترە! کەواتە ویستوویەتی ئەم تێڕوانینە بقۆزێتەوە و خەڵکێکی زیاتر سوودمەند بێت لە گۆشتەکەی، بەڵام کە تۆ پێت وایە بە پێچەوانەوەیە و بەخششی کچ گەورەترە کەواتە بڕۆ دوو دانە یان دە دانە یان سەد دانە سەر ببڕە بۆ کچ و بۆ کوڕیش یەک دانە! ئەگەر وات کرد دڵنیابە کێشەت نییە و بەرکەوتووە، چونکە سوپاسیش لەبەرامبەر بەخششەکەیە، زۆربەی خەڵک کوڕیان پێ خۆشتر و گەورەتر بووە کەواتە با بەخشینەکەشیان زیاتر و گەورەتر بێت، کەواتە ئەمە دەکەوێتە سەر خودی تێڕوانینەکان بۆ بەخششەکان.
٨. ئەوانەی ئەو جۆرە ڕەخنانە دەگرن نەوەک مەڕێک بەڵکو کیلۆ گوشتێکیش نابەخشن و ئاوڕێک لە هەژاران نادەنەوە، ئەگەرنا بە شەریعەتی ئیسلام دەتوانن نەک دوو دانە بەڵکو هەزار دانە بۆ کچەکەیان سەر ببڕن.
۹. ئەو فەزڵ و گەورەیی و موژدەیە بە پێبەخشراوانی کچ دراوە هەرگیز بە کوڕ نەدراوە، فەرموو لەچەندان فەرموودەدا پێغەمبەر (د.خ) دەفەرموێت: ئەوەی کچ بەخێو بکات تاوەکو دەیگەیەنێت بە شوێنی خۆی ئەوە خوای گەورە ئاگری دۆزەخی لەسەر قەدەغە دەکات، بەڵام بۆ کوڕ وا نافەرموێت!

۱۰. کچ هەتا دەمرێت هیچ شتێکی لەسەر خۆی نییە! هەتا کچە هەموو شتێکی لەسەر باوک و برا و ... یەتی، کە شووی کرد هەتا ئەو ڕۆژەی دەمرێت کفنەکەشی لەسەر هاوسەرەکەیەتی، کەواتە ئەو مافەی دراوە بە کچ کوا دراوە بە کوڕ، ئەو ڕێزەی لە کچ نراوە کوا لە کوڕ نراوە.

کەواتە ئەوەی کە هەیە ئەوەیە کە پێغەمبەر ( د.خ) سەیری تێڕوانینی خەڵکی کردووە بۆ کوڕ و کچ و ئەم دەرفەتەی قۆستۆتەوە بۆ ئەوەی خەڵک زیاتر ببەخشێت و خەڵکێکی زیاتر و هەژارێکی زیاتر سوود ببینێت، چونکە ئەم خەڵکە لەبەرامبەر کوڕدا پێی ئاسایی بووە هەر چەندێک ببەخشێت بەڵام بۆ کچ وانەبوونە و ئەو ئامادەییە دەروونییەیان نەبووە!

ئەگەرنا وەک لە فەرموودەکەدا باسمان کرد پێغەمبەر (د.خ) خودی خۆی یەک دانەی بۆ کوڕ سەربڕیوە، هەر ئەمەشە کە ئیمامی مالیک پێی وایە هیچ جیاوازییەکیان نییە و بۆ هەردووکیان هەر یەک دانەیە!
 کەواتە ئەوەی مەبەستە بریتییە لە بەخشین و سوپاس گوزاری نەوەک تیشکخستنە سەر ژمارەی ئاژەڵ یان چەندییەتی بەخشینەکە، فەلسەفەی هۆزەبانە سوپاس گوزاری و بەخشین و ڕاگەیاندنە لەسەر ئەم بەخششە گەورەیە کە منداڵە.

ئەوەی مەبەستی زیاتریش بێت و بیەوێت بزانێت ئیسلام چەندە ڕێزی لە ئافرەت ناوە و چەندە ماف و پێگەی پاراستووە با بگەڕێتەوە بۆ بابەتی پوختەی ماف و ڕێز و پێگەی ئافرەت لە ئیسلامدا، کە لەوێدا باسی ۱۱۰ مافمان کردووە کە ئیسلام دایناوە بۆ ئافرەت.

مامۆستا صلاح الدين أحمد

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌