حوکمى ڕۆشتن بۆ هەندەران.؟

هەواڵی / 30/7/2021 789 جار بینراوە

حوکمى ڕۆشتن بۆ هەندەران.؟
نوسینی : مامۆستا ئەحمەد كاكە مەحموود / ڕه‌حمه‌تی خودای لێ بێت .

خوێنەرانى بەڕێز/ بابەتى (حوکمى ڕۆشتن بۆ هەندەران)، لەبەر ئەوەى کێشەیەکى ئێستاى خەڵکەو هەندێ کەسیش داواى ڕوونکردنەوەیان کردووە لەسەر ئەم مەسەلەیە، بۆیە بە پێویستمان زانى لەم کاتەدا بڵاوى بکەینەوە، بەهیواى سـوود وەرگرتن.

لە کوردستانى ئێمەدا دیاردەى ڕۆشتن بۆ هەندەران (ئەوروپاو ئەمەریکا) بووەتە دیاردەیەکى باو لەناو لاواندا، بەتایبەتى زۆرجار هەرچیان هەیە ئەیفرۆشن بۆ ئەم مەبەستە، یان قەرزى بۆ ئەکەن..! وە هەموو ئەو کەسانە -دانە دانەیەکیان نەبێت- بەڕێگەى قاچاغ و نایاسایى ئەڕۆن، کە جارى وا هەیە ئەبێتە هۆى مردنیان و لەناوچوونیان.

ئایا حوکمى سەفەر کردن بۆ هەندەران لەئیسلامدا چییەو ئیسلام چى دەڵێ..؟

لەسەرەتاوە ئەوە بزانین کە ئەو کەسانەى سەفەر دەکەن بۆ یەک مەبەست سەفەر ناکەن، بەڵکو چەند مەبەست و هۆیەک هەیە لەم سەفەر کردنەدا، کە ئەمانە هۆ سەرەکییەکانیانن:
1. بە مەبەستى بەرژەوەندیى و کارى ئیسلامیى و خزمەت کردنى ئیسلامیى بڕوات.
2. بە مەبەستى خوێندن و شارەزایى و بەدەستهێنانى بڕوانامە.
3. بە مەبەستى بەدەست هێنانى پارەو پول و، دەوڵەمەند بوون و پارە کۆکردنەوەو ژیان بەسەر بردن.
4.  بە مەبەستى گەڕان بەدواى بێ ڕەوشتى و بەرەڵاییدا.
5. بۆ چارەسەرى نەخۆشى.
پێغەمبەرى ئیسلام ﷺ بەرائەتى خۆى دەربڕیوە لەو موسڵمانەى کە لەناو موشریک و کافراندا دابنیشێ و بژى، وەک دەفەرمووێت: ((أنا بريء من كل مسلم يقيم بين أظهر المشركين)). (ئەبوداوودو نەسائى ڕیوایەتیان کردووە. وصححه الألباني فى سنن أبي داوود 2645).

ژیان بەسەر بردن و مانەوەى موسڵمان لەناو کافراندا، لەبەر سێ هۆ درووست نییە:

یەکەم: ئەو موسڵمانە وەک پێویست دیندارى بۆ ناکرێت بەو شێوەیەى کە ئەیەوێت، هەندێ جار لەبەر ڕێگە نەدانى یاسا، یان لەبەر باروودۆخى وڵات و گەلەکەى، یان لەبەر نەبوونى مزگەوت و جێگایەک بۆ فێربوونى خۆیى و خێزان و مناڵەکانى لە ئایینى ئیسلام.

دووەم: وە ئەگەر خاوەنى بڕوانامەیەک بوو، دەبێ خزمەتى وڵاتى ئیسلامیى پێ بکات، جا کەوابوو ڕەوا نییە بەخۆیى و بڕوانامەکەیەوە بڕواتە دەرەوەو خزمەتى دەوڵەتى کافر بکات.

سێیەم: موسڵمان پرژو بڵاو نەبنەوە بە وڵاتى کافراندا، لەبەر ئەوەى نە لەو وڵاتەى بۆى ڕۆشتوون هیچیان پێ ئەکرێ بۆ ئیسلام، وە وڵاتى ئیسلامیش چۆڵ دەبێت، وە زۆرێک لە گەنج و لاوەکانى کە ئەبن بە پیاوى دوا ڕۆژ، وڵاتـەکەیان بەجێ دێڵن، پێغەمبەر  مەبەستى بەم فەرموودە لەو سەردەمەدا  ئەوە بووە کە موسڵمانانى تر لە شوێنەکانى ترەوە کۆچ بکەن بۆ مەدینەو قەڵایەک بۆ ئیسلام پێک بهێنن، ئەم ڕۆشتنەى ئێستا خراپترە لەوەى پێغەمبەر  فەرموویەتى، چونکە ئەو کەسانە کە پێغەمبەر ﷺ ئەو هەڕەشەى لێ کردوون، لە ئەسڵدا لەناو کافرو موشریکدا ژیاون، کەچى فەرمانى پێکردوون کە ئەوێ بەجێ بهێڵن و کۆچ بکەن بۆ وڵاتى ئیسلام، بەڵام ئێستا موسڵمانەکە لە وڵاتى ئیسلامەوە ئەڕوات بۆ وڵاتـى کافران.

ئێستا با بێینە سەر حوکمى  ئەو جۆرانەى لە سەرەوە باسمان کردن بە گوێرەى نییەت و مەبەستیان لەو سەفەرکردنەیاندا بۆ هەندەران:

یەکەم: ئەو کەسەى کە بە مەبەستى خزمەتکردن بە بەرژەوەندى ئیسلام بڕوات:
ئەم کەسانەش دەڕۆن بۆ هەندەران و وڵاتانى ئەوروپا، یان هەر وڵاتێکى ترى نا موسڵمان بەمەرجێ دڵنیابن لەوەى باوەڕو ئیمانەکەیان لەدەست نادەن ڕەوایە، بەڵگەش کۆچ کردنى سەحابەکانى پێغەمبەرە ﷺ بۆ حەبەشەو مەدینە بە فەرمانى پێغەمبەر ﷺ لە کاتێکدا خەڵکى حەبەشە گاور بوون، وەک ئەوروپاى ئەمڕۆ، وە خەڵکى مەدینەش تێکەڵ بوو لە بت پەرست  و جوولەکە، وە ئەگەر بوترێـت ئەم ڕێگەدانە لە پێش کۆچ کردن و پێش درووست بوونى دەوڵەتى ئیسلامیى بووە، ئێمەیش دەڵێین: خۆ ئێستا ئیسلام دەوڵەتى نییە، ئەمە لە لایەکەوە، لە لایەکى ترەوە دواى درووست بوونى دەوڵەتى ئیسلامیش پێغەمبەر ﷺ هاوەڵانى ناردووە بۆ گەیاندنى ئیسلام بۆ ناو عەرەبە بێ باوەڕەکان و نوێنەرو سەفیرى ناردووە بۆ وڵاتانى فارس و میسرو حەبەشە بۆ بانگ کردنیان بۆ موسڵمان بوون، خۆ ئەم سەفیرو بانگخوازانەى ئیسلام چوون بۆ ئەو شوێن و وڵاتانە کە بێ باوەڕ بوون، ئەم چوونەى ئێستاش درووستە لەبەر هەمان مەبەست، با هەندێ زیانیش هەبێ لەو وڵاتە، بەڵام سوودو قازانجەکەى زۆر زۆرترە لەو زیانەى کە هەیەتى.

دووەم: کەسێک بۆ خوێندن بڕوات:
ئەگەر ئەو جۆرە خوێندنە، یان ئەو بڕوانامەیەى کە بۆى دەچێت لەوڵاتەکەى خۆیدا هەبوو، وە ئەکرا لە وڵاتەکەى خۆیدا بخوێنێ، ئەوە درووست نییە، بە بەڵگەى ئەو فەرموودەیەى پێشتر باسمان کرد لەگەڵ هۆکارەکانیدا.
بەڵام ئەگەر ئەو خوێندنە لەوڵاتى خۆماندا نەبوو، وە ئەو زانیاریى و زانستەى ئەیەوێ بیخوێنێ سودو قازانجى هەبوو بۆ وڵاتى ئیسلام و موسوڵمانان, ئەوە درووستە بە مەرجێ زیان بە باوەڕو ئیمانەکەى نەگات و لە دەستى نەدات، لەبەر ئەوەى فێربوونى ئەو عیلم و زانیارییە کە سوودى بۆ وڵات و موسوڵمانان هەبێت، وە لە وڵاتى خۆیدا نەبێت (فرض الكفاية)یە، با ئەو وڵاتەیش وەک وڵاتى خۆى نەبێت بۆ ئیسلامەتى کردن, بەڵام لەبەر گەورەیى ئەو خزمەتەى بەعیلم و زانیارییەکەى ئەکرێ درووستە, چونکە ئەو شتەى تێکەڵ بێ لەچاکەو لەخراپە، بەهیچ جۆرێک لەیەکتر جیا نەئەکرانەوە، ئەوە درووستە بکرێت هەرکات لایەنى چاکەى زۆرتر بوو لەخراپەکەى, وە ئەبێ نەکرێ ئەگەر لایەنى خراپەکەى زۆرترو زاڵتر بوو لەچاکەکەى, ئەوە ڕاى زانایانى (أصول الفقە)ـە، بەڵگەى ئەم قسەو بنەمایانەش ئەم بەڵگانەیە:

أ. (يسئلونك عن الخمر والميسر قل فيهما اثم كبير ومنافع للناس واثمهما اكبر من نفعهما). واتە: عارەق و قومار قازانج و زیانیان تیایە, بەڵام زیانیان لەقازانجیان زیاترە، لەبەر ئەوە دواتر حەرام کراوە.
ب. خۆ بە کوشتدان لەجیهاددا: خۆ بەکوشتدان درووستە، ئەگەرچى لەدەستدانى گیانى تیایە، لەکاتێکدا ئیسلام یەکێک لەو شتانەى پارێزگارى لێ ئەکات پاراستنى گیانى مرۆڤەکانەو چەندین یاسایشى بۆ پاراستنى داناوە, بەڵام پاراستنى شەریعەتى ئیسلام و بەرژەوەندى ئەو لەزیانى لەدەست دانى گیانى چەند موسوڵمانێک گەورە ترە, بۆیە درووستە خۆى بە کوشت بدات لەپێناوى ئیسلامدا، هەر کاتێ گیانى لەمەترسیدا بوو, ئیبن تەیمییەش لەم بارەوە ئەفەرمووێت: ئەگەر (تعارض)و دوولایەنى لەشتێکدا هەبوو چاکەو خراپەى تیابوو، نەدەکرا لەیەک جیا بکرێنەوە, بەڵکو لەکردنەکەیدا بۆ دەست خستنى چاکەکە لەدەست دەچوو, هەرشتێ وابوو کام لایەنى زۆرترو زاڵتر بوو، ئەوەیان هەڵ ئەبژێررێت, واتە ئەگەر چاکەکە زۆرتربوو ئەوە کردنەکەى ڕەوایە, وە ئەگەر خراپەکەى زۆرتر بوو ئەوە نەکردنى باشەو ئەبێ نەکرێ, جا کەوابوو ڕۆشتن بۆ ئەوروپا یان هەر وڵاتێکى ترى بێ باوەڕان بۆ بەدەست هێنانى بڕوانامەو پسپۆڕییەک کە لە وڵاتى خۆماندا نەبێت و سوودى بۆ وڵاتەکەمان هەبێت بەمەرجێ باوەڕەکەى لەدەست نەدات, درووست و ڕەوایە.

سێیەم: ئەو کەسەى بە مەبەستى ژیان و پارە پێکەوە نان بڕوات:
ئەگەر بڕوات بۆ وڵاتێک کە جالیەى ئیسلامیى لێبێت کەخۆیى و خێزان و مناڵەکانى بتوانن پارێزگارى لەئایینیان بکەن, ئەوە درووستە ڕۆیشتنى بۆ ئەو وڵاتە, بەڵام ئەگەر لەو وڵاتانەى جالیەى ئیسلامیى لێیە مەبەستى ئەوکەسە بەجێ نەدەهات، درووستە ڕۆیشتنى بۆ وڵاتێکى تر کە موسوڵمان و جالیەى ئیسلامیى لێ نییە, ئەگەر ئایینى بپارێزێت و لەدەستى نەدات، بەڵام ئەگەر نەیتوانى ئیمان و باوەڕەکەى بپارێزێت ئەوە حەرامەو درووست نییە بۆ ئەو جۆرە وڵاتانە.

چوارەم: ئەو کەسەى بۆ بێڕەوشتى بڕوات:
گوێ بەدین و ئایین نادات, بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر ئامۆژگارى بکرێت بە نەڕۆشتن و، ئەو پارەى لەو سەفەرەدا سەرفى ئەکات باژنێکى پێ بهێنێت و بۆخۆى ئیش و کاسپییەک بکات و لەکوردستاندا بژى.

جگە لەم حاڵەتانە باسمان کرد، حاڵەتى ناچارى (الضرورة)یشمان هەیە، وە چارەسەرى نەخۆشى کە لەوڵاتى خۆیدا چارەسەر نەکرێت, یا بازرگانییەک کە بەخۆى نەبێ ناکرێ, وە هەر شتێکى تر کە ناچارى بێت درووستە ڕۆشتن بۆ ئەو شتانە.

(واللە أعلم بالصواب)



خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌