سایتە سێكسییەكان سەر لە چەندین خێزانی هەرێمی كوردستان دەشێوێنن

هەواڵی / 27/7/2021 935 جار بینراوە

سایتە سێكسییەكان سەر لە چەندین خێزانی هەرێمی كوردستان دەشێوێنن

شه‌ن پرێس : پره‌گراف
ساڵێك بەسەر هاوسەرگیری هەرمێ تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا هەر كچە، چونكە مێردەكەی هێندە ئالودەبوی ماڵپەڕە سێكسییەكانە لەگەڵ هاوسەرەكەیدا ناخەوێت.

هەرمێ ناوی خوازراوی كچێكی تەمەن 25 ساڵە، سەردانی پزیشكی دادوەری كردووە بۆ پشكنین، ئەنجامی پشكنینەكە قسەكانی پشتڕاستدەكاتەوە؛ دوای ساڵێك لە هاوسەرگیری كچێنی لەدەستنەداوە.

"هاوسەرەكەم ئالودەی سایتە سێكسییەكان بوو، بە درێژایی ساڵێك چاوەڕێم كرد و قسەم بۆ كرد تەنیا وەڵامی بۆ من ئەوەبوو كە داوای لێبوردن دەكات و بەدەست خۆی نییە، ناتوانێت واز بهێنێت و لەگەڵ من چێژ لە سێكس ببینێت كە هاوسەری بووم" هەرمێ بۆ پەرەگراف وای وت.

ئەو خانمە دەڵێت، زیاد لە جارێك داوای لە هاوسەرەكەی كردووە سەردانی پزیشكی دەرونی بكات، بەڵام ڕەتیكردەوە، بۆیە دەرەنجام گەیشتن بە جیابونەوە.

خێزانەكەی هەرمێ دوای تێگەیشتن لە بارودۆخەكە بە داواكاری كچەكەیان بۆ جیابونەوە قایل بون.

بەپێی ئامارە نافەرمییەكانی حكومەتی هەرێم، نیوەی دانیشتوانی هەرێم ئینتەرنێت بەكاردەهێنن، لەكاتێكدا ماڵپەڕە جیهانییەكان لە نێویاندا سایتە سێكسییەكان (پۆڕن - ڕوت)، هەر كەسێك لە هەر تەمەنێكدا بێت و بە كەمێك شارەزایی لە نوسینی ناوی ماڵپەڕەكەدا دەتوانێت بێ هیچ ڕێگرییەك سەیریان بكات.

پزیشكێكی دەروونی كە لەبەر نەخۆشەكانی حەزی نەكرد ناوی بهێنرێت بە پەرەگراف-ی وت، ڕۆژانە ژن و پیاویش بەجیا سەردانی دەكەن كە ئالودەی سایتە سێكسییەكان بوون و داوای ڕێنمایی لێ دەكەن بۆ دووركەوتنەوە، وتیشی "هەندێكیان دەڵێن بەهۆیەوە توشی كێشەی خێزانی بوون".

تەنها ئەو كەسانە ئالوودەی سایتە سێكسییەكان نین كە هاوسەرگیرییان كردووە، بەڵكو بەشێك لەو كەسانەشی كە سینگڵن و هێشتا ژیانی هاوسەرییان پێكنەهێناوە سەیری سایتە سێكسییەكان دەكەن.

ئەو پزیشكە دەرونییە وتی، بەشێك لەو كەسانەی بۆ چارەسەری دەروونی سەردانی دەكەن و لە هاوسەرگیری كردن دەترسن، ئەوانەن كە ئالودەی سایتە سێكسییەكانن.

هانا ژنێكی دیكەی خەڵكی سلێمانییە، خاوەنی دوو منداڵە، باسی لەوەكرد هاوسەرەكەی بەبێ سەیركردنی سایتە سێكسییەكان ناتوانێت لەگەڵی بێت و بەردەوام لە ژووری نوستنەكەی "شەڕ هەیە".

"زۆر پەشیمانم هەر یەكەم شەوی هاوسەرگیری كە ئەو ڕەفتارەم لێ بینی لێی جیا نەبوومەوە، هەشت ساڵی هاوسەرگیریم بە شەڕ بەڕێكردووە، وایلێكردوم بەردەوام هەست بە كەموكوڕی بكەم لە خۆمدا، لە كاتێكدا زۆر گرنگی بەخۆشم دەدەم" هانا وای وت.

هاوسەرەكەی هانا، پێش هاوسەرگیریش بەردەوام سەیری سایتە سێكسییەكانی كردووە، بۆیە بە تەواوی ئالودەی بووە و بەشتێكی سروشتیی دەزانێت.

هانا وتی "كاتێك دەڵێم ئەوە كارێكی هەڵەیە و منیش مافم هەیە گاڵتەی بە عەقڵم دێت هەر مۆبایل دەگرێت بە دەستییەوە وا دەزانم سەیری سایتە سێكسییەكان دەكات وایكردووە بەردەوام قەلەق بم و لە گوماندا بژیم".

لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 50 هێڵی ئینتەرنێت بەشێوازی جیاجیا بەردەستن، جگە لە یەك كۆمپانیا كە مۆدیۆمی خێزانیی هەیە و سایتە سێكسییەكانی تیادا سانسۆر كراوە، ئەوانی دیكە هیچیان سانسۆریان بۆ هیچ بابەتێك نییە و تەنانەت وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنیش لە كاتی گرێبەست و وەرگرتنی مۆڵەتی هێنانی هێڵەكەدا بۆ هەرێم هیچ كۆمپانیایەك پابەند ناكات بە سانسۆركردنی ئەو پێگە و ماڵپەڕانەی كاریگەریی نەرێنی لەسەر كۆمەڵگە دادەنێن.

كاروان ڕەزا، بەڕێوەبەری گشتی پۆستە و گەیاندنی هەرێمی كوردستان وتی، لە هەموو جیهاندا ئەركی چاودێریكردن و بڕیاردان لە سانسۆركردن كاری حكومەتە نەك كۆمپانیاكانی هێڵی ئینتەرنێت، لەبەرئەوەی پێویستی بە بودجەیەكی زۆرە.

هەروەها جەختیكردەوە، ئەگەر بڕیارێكی یاسایی حكومەت نەبێت هیچ كۆمپانیایەك ناتوانێت ئەو كارە بكات.

بەپێی یاسای توندوتیژیی خێزانی لە هەرێم، نەدانی مافی هاوسەر لەكاتی سێكسكردندا بە تاوان هەژمار دەكرێت و سزای لەسەرە كە زیندانیكردنە لە سێ مانگ تاوەكو شەش مانگ و سزای مادیشی هەیە لە پێنج ملیۆن دینارەوە تا 10 ملیۆن دینار.

لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان لیژنەی ئاشتەوایی هەیە بۆ ئاشتكردنەوەی ئەو هاوسەرانەی داوای جیابوونەوەیان كردووە، ئەو فاكتەرانەی بوونەتە هۆكاری داواكاری جیابوونەوەش جیاوازن و لە نێویاندا داواكاری دوبارەكردنەوەی شێوازی سێكسكردنی نێو ماڵپەڕەكان.

شۆخان ئەحمەد، پارێزەر و ئەندامی لیژنەی ئاشتەوایی لە دادگای توندوتیژی خێزانی لە سلێمانی بە پەرەگراف-ی وت "كە دەچینە ناو وردەكاری كێشەكان دەردەكەوێت سەیركردنی سایتە سێكسییەكان یان سێكسكردن بە زۆر و بەشێوەی ناشەرعی گرفتێكی نێوان هاوسەرانە، هەندێك لە ژنەكان سكاڵای ئەوە دەكەن لەبەر سایتە سێكسییەكان هاوسەرەكانیان پێویستیان بەوان نەماوە".

لە ساڵی 2015دا، ژمارەیەك فراكسیۆنی پەرلەمانی كوردستان، بە تایبەت فراكسیۆنی لایەنە ئیسلامییەكان واژۆیان كۆكردەوەو لەگەڵ پڕۆژەیەكدا بۆ بلۆككردنی سایتە سێكسییەكان ڕادەستی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان كرد، بەڵام هیچ دەرئەنجامێكی نەبوو.

گوڵستان سەعید، جێگری سەرۆكی لیژنەی مافەكانی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان وتی "زۆر بابەت هەیە تابۆ كراوە و هەرچی لە بارەوە دەڵێیت مەترسیدارە نەك ببێتەهۆی خۆشەویستكردنی لای خەڵك، یان ئەگەر باسیشی بكەین لەلایەن هاوڵاتیانەوە ڕەخنەی ئەوەمان لێدەگیرێت كە پەرلەمان لەكاتی بونی ئەو هەموو قەیرانەدا بە شتی لاوەكییەوە سەرقاڵە".

یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامیش لە هەرێمی كوردستان، تا كۆتایی ساڵی 2019 سەرقاڵی چەند هەوڵێك بون بۆ بلۆككردن یان فلتەری سایتە سێكسییەكان، لەڕێی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن یان پەرلەمانەوە، بەڵام دواتر دەرئەنجامی نەبوو.

ئەو هەوڵانەی هەرێمی كوردستان دوای ئەوەهات ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە پێداگری زۆری لایەنە ئیسلامییەكان و لە ئەیلولی ساڵی 2015دا، پڕۆژە بڕیارێكی پەسەندكرد بۆ بلۆككردنی سایتە سێكسییەكان لەڕێی حكومەتەوە، بێئەوەی تائێستا كار بە بڕیارەكە بكرێت.

موسەنا ئەمین ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئەوەی خستەڕوو، لەبەرئەوەی تەنها پڕۆژە بڕیار بوو و نەبوو بە یاسا، حكومەت سەرپشكە لە جێبەجێكردن یان نەكردنی و نەتواندرا وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ناچار بكرێت بە كارپیكردنی و سانسۆركردنی سایتە سێكسییەكان.

توێژەرانی كۆمەڵایەتی و پسپۆڕانی بواری خێزان باس لەوە دەكەن لەبەرئەوەی جیهان بووەتە گوندێكی بچوك و سەدان بەرنامەش هەن بۆ شكاندنی فلتەرەكان، بۆیە بڕیاری سانسۆركردنی سایتە سێكسییەكان سەركەوتوو نابێت، بەڵكو ئەو بابەتانە تەنها لە ڕێگەی بەرزكردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری تاك و كۆمەڵگەو هەڵمەتی هۆشیاریی بەردەوامەوە چارەسەر دەكرێت و دەبێت ئاستی ڕۆشنبیری تاك بەشێوەیەك بەرز بكرێتەوە خۆی تێبگات كە ئەوەی زیانی هەیە بۆ خێزان و كۆمەڵگە لێی دووربكەوێتەوە، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ هەبوونی دەنگی ناڕەزایی خەڵكانێك لە كۆمەڵگەدا كە بلۆككردنی سایتە سێكسییەكان بە پێشێلكردنی مافەكانی تاك لەقەڵەم دەدەن.
غه‌مگین محمد

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌