ئەوانەى قۆڵۆنیان هەیە،پێویسته‌ چی بخۆن و چى نەخۆن؟

هەواڵی / 26/7/2021 873 جار بینراوە

ئەوانەى قۆڵۆنیان هەیە،پێویسته‌ چی بخۆن و چى نەخۆن؟

کۆنیشانەى قۆڵۆنى شڵەژاو- Irritable Bowel Syndrome یان وەک ئەوەى لەناو خەڵکیدا پێى دەوترێ (قۆڵۆن) نەخۆشییەکى زۆر بەربڵاوە و ئەوەندە نەخۆشەکان ناڕەحەت دەکا، کار دەکاتە سەر ڕاپەڕاندنى کاروبارى ڕۆژانەشیان. باشترین چارەسەریى ئەم نەخۆشییە بریتییە لە خۆپارێزى، کە ئەمەش لە ڕێى خواردنى تەندروستەوە دەبێت. تووشبووانى ئەو نەخۆشییە دەپرسن "باشە چی بخۆین و چی نەخۆین؟". ئێمەش بەم جۆرە وەڵامیان دەدەینەوە:
- ئاو: تا پێتان دەکرێ زۆر بیخۆنەوە، بە جۆرێک کەمتر نەبێ لە ڕۆژیی 8 پەرداخ.
- ژەمەکان: هەر سێ ژەمە سەرەکییەکە بخۆن. وا باشە ئەو ژەمانە لە هەمان کاتى هەموو ڕۆژێکدا بخۆن. ئینجا دەبێ خواردنیش زۆر بە لەسەرخۆیی بخورێت.
یاپراخ و خۆراکى قوتووبەند و هی گەرم کراوەش لە پەرەپێدەرانى نەخۆشییەکەن، خۆتانیان لێ بەدوور بگرن. خۆراکى چەوریش لە هەندێک نەخۆشدا نیشانەکان زیاد دەکات.
- چای و قاوە: ڕۆڵێکى زۆریان هەیە لە دروست بوونى نیشانەکانى نەخۆشییەکەدا، بۆیە نابێ ڕۆژیی 3 کوپ زیاتریان لێبخۆنەوە. خۆ ئەگەر بتوانن بەتەواوى دەستبەرداریان بن و بیانگۆڕن بە چاى گیایى، زۆر باشە. ئەو چایانە نەک پەرە بە نیشانەکانى نەخۆشییەکە نادەن، بەڵکو ڕۆڵێکى بەرچاویشیان هەیە لە نەهێشتنیاندا، بەتایبەت چایی (ڕازیانە) و پونگە (نەعناع).
- دانەوێڵەکان: گەنم و جۆ و لەمانەوە نان و سەموون لە گرینگترین هۆکانى پەرەسەندنى نەخۆشییەکەن، بەتایبەت ئەگەر کەپەکیان لێ نەکرابێتەوە (نانى بۆر)، بۆیە مەیانخۆن. ئەگەر هەر دەیخۆن، هى سپی بخۆن. بەڵام خواردنى گەنمە شامى و برنج ئاساییە.
- سەوزە و میوە: زۆر جار چارە نەبوونى نەخۆشییەکە بەهۆى سەوزە و میوە خواردنەوەیە. چونکە ئەمانە ئەوەندە بە خواردنى تەندروست دادەنرێن، کەم کەس قەناعەت دێنێ بەوەى ئازارەکانى سکى بەهۆى خواردنى ئەمانەوە بێت!
وەلێ هەمووشیان وا نین: لە کاتێکدا (نیسک، فاسۆلیا، قەڕنابیت، سیر، پیاز، قارچک، کەلەرم، سێو، شووتى، گێلاس، هەرمێ) نابێ بخورێن، ئەوانى تر و بەتایبەت (گێزەر، خەیار، پەتاتە، تەماتە، باینجان، سپێناخ، کەرەوز، کاهوو، مۆز، ترێ، کیوی، لیمۆ، لالەنگى، پرتەقاڵ، توو) دەتوانرێ بخورێن. خواردنى تەڕەپیاز (بەپێچەوانەى پیازەوە) شتێکى ئاساییە! ئینجا میوە بە وشککراوەیی مەخۆن و ڕۆژیی سێ دانە میوەش زیاتر مەخۆن.
- مەى و خواردنەوە گازییەکان: ڕۆڵی بەرچاویان هەیە لە دروست کردنى نیشانەکان. لێیان بەدوور بن، لە ئازارى قۆڵۆن بەدوور دەبن.
- شەکرە دەستکردەکان: بەتایبەت لە بنێشت و خواردن و خواردنەوەکانى تایبەت بە خۆلاواز کردنەوە و شەکرەداران هەن، بۆیە نابێ ئەمانە بخورێن.
- چەرەز: فستق مەخۆن و بادەم بخۆن.
- هەنگوین، چلوورە، مۆتا، کێک، پسکیت، پاقڵاوە و شیرینى لەو خواردنانەن کە نابێ بخورێن.
- داو و دەرمان: بەتایبەت هەندێک دەنکى تایبەت بە هەو کردن و ئازارشکێنی، نیشانەکانى نەخۆشییەکە دەردەخەن، بۆیە نابێ تا زۆر پێویست نەبن بخورێن. بەڵام (پاراسیتۆل) ئەو کێشەیەى نییە.
- وەرزش: ڕۆڵی بەرچاوى هەیە لە زیاد کردنى جووڵەى ڕیخۆڵەکان و کەم کردنەوەى فشارى دەروونى، کە هەردووکیان بەکارن لە نەهێشتنى نیشانەکانى ئەم نەخۆشییە. بەڵام ئەو کەسانەى کە تووشی نەخۆشییەکە هاتوون و پێشتر زۆر چالاک نەبوون، دەبێ وردە وردە دەست بە وەرزش بکەن، نەک ئەوەى یەکسەر دەست بۆ هى قورس ببەن.
ماوەتەوە بڵێین: ئەوە نییە هەموو نەخۆشەکان کێشەیان لەگەڵ یەکە بە یەکەى ئەو خواردنانەدا هەبێ، بەڵکو هەر یەکە و کێشەیان لەگەڵ چەند دانەیەکیاندا هەیە، دەبێ خۆیان لەگەڵ تێپەڕینى کاتدا بۆ خۆیانى بدۆزنەوە کە ئەوە کامەیە ناڕەحەتیان دەکات و دەستى لێبەر بدەن.
د. زانا ئەحمەد
پزیشکی پسپۆڕی هەناو

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌