(کاریگەری کێشەکانی" دایک و باوک" لەسەر کەسێتی منداڵەکانیان)

هەواڵی / 18/7/2021 2069 جار بینراوە

(کاریگەری کێشەکانی" دایک و باوک" لەسەر کەسێتی منداڵەکانیان)


بەپێی توێژینەوەکان ئەو دایک باوکانەی بەزۆری کێشە و گرفت و دەمەقاڵێیان بەردەوامە ، ناتەبان ،ئەوا :منداڵەکانیان لە قوربانی دان دا پشکی شێریان بەردەکەوتووە، چونکە ئەو ئاگرەی کە لەنێوان خودی دایک باوکاندا هەڵدەگیرسێت ،نەمام وەچی ئەم خێزانە کەخودی "منداڵە "بەهۆی ناسکی وپێنەگەیشتنیان، هەر زوو هەڵدەپڕوزێن.

بە گوتەی (ILNA )، شەڕی "دیک و باوک" دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵ سترێسێکی زۆریان لێ دەربکەوێت ، ئەمەش کار دەکاتە سەرباری دەروونیان .
بەپێی ئەو توێژینەوەیەی کە توێژەران ئەنجامیان داوە ، هەبونی کێشە لە نێوان "دایک و باوکاندا"هۆکارێکە بۆجیابونەوەی منداڵ لە ڕووی هەست وسۆزەوە ،هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی کاریگەری "نەرێنی"لەسەر بەختەوەری داهاتوویان درووست بکات.
هەر بەپێی توێژینەوەکان :ئەو منداڵانەی دەکەونە نێوبەردە ئاشی  ناکۆکی "دایک وباوک" توندوتیژبن بەردەوام تێکەڵ بەکێشەکان دەبن .
تۆویی شەڕەنگێزی لەناو ناخیاندا زوو گەشەدەکات ،گیانی دووژمن کارانەیان تێدا دەڕوێت .
لە هەندێک حاڵەتدا کاریگەری ناکۆکی "دایک و باوک" لەسەر منداڵ دەبێتە هۆی خۆبەکەم زانین و دڵەڕاوکێ و خەمۆکی  ، کە لە هەندێک "لاوو گەنج "دا دەتوانێت ببێتە هۆی خۆکوژی. هەروەها بەهۆی ناکۆکییەکانی "دایک و باوک "کاریگەریی  لەسەر گەشەپێدانی توانا سۆزداریی و کۆمەڵایەتییەکانی  بەشێوەیەکی بەرچاو ڕەنگ دەداتەوە.

- لێردا گرنگترین کاریگەری و لێکەوتەکانی کێشەکانی" دایک وباوک" دەخەینەڕوو:
١. تێکچوونی پەیوەندییەکان : منداڵ هەوڵ دەدات وەک دایک و باوکی لە پەیوەندییەکانیدا هەڵسوکەوت بکات، ئەگەر بەردەوام دەمەقاڵێیان بوو ، لە داهاتوودا منداڵەکەت هەمان ڕەفتار بەکار دەهێنێت؛ لە ئەنجامدا پەیوەندی منداڵەکانت لە داهاتوودا شکست دەهێنێت ، هەمیشە شکست لەدوای شکست درێژەی دەبێت.

۲. کێشە فیزیکیەکان:
هەبوونی شەڕی خێزانەکان دەتوانێت ببێتە هۆی هەست کردن بە دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و بێ دەربەستی لە منداڵدا، لە ئاکامدا ئەو هەستە نەرێنییانە کار دەکاتە سەر تەندروستی منداڵەکە و هەندێک جار لە هەندێک منداڵدا دەبێتە هۆی( نەخواردن)،  لە هەندێک کاتی دیکەدا دەبێتە هۆی (زۆر خۆری )، کە هەموو ئەمانە کار لە سەر تەندروستی جەستەیی دەکەن .

۳.خەوێکی نەجێگیر:
کێشەی "دایک و باوکان "کاریگەری خراپ یان دەبێت لەسەر شێوازی  خەوی پشوو بەخش ،لە منداڵ دوور دەخرێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە منداڵەکە بەهانە دروست بکات،کەبێگومان  ڕاستەو خۆ کاریگەری لەسەر  عەقڵ و ژیری دەبێت .

٤.خۆبەکەم زانین:
تێکەڵبوونی هەستەکانی بە( تاوان و شەرمەزاری و بێ نرخی و بێهیوایی) لەگەڵ هزرو ڕەفتاری دا گەشە دەکات ،سەرئەنجام منداڵەکە هەنگاو بەهەنکاو بەرەو کێشە پەلکێش دەبێت ،
ئەمەش وادەکات هەست بە بەکەمی  خۆی بکات ،بەمەش باوەڕبەخۆبوونی سات لەدوای سات دادەبەزێت.

٥. لەگەڵ هاوتەمەنەکانی دووچاری کێشەدەبێت :
کێشەی دایک و باوک منداڵ خەمبار دەکات، بێ گومان ناجۆر و دورە پەرێز دەبێت.
کەلەڕەقی و کێشەی پەیوەندی لەگەڵ هاوتەمەنەکانیان بۆ دروست دەبێت.

٦.شەڕانگێز:
ئەو خێزانانەی کە بەبەرچاوی منداڵەکانیانەوە دەجەنگن لەڕاستیدا منداڵەکەیان فێردەکەن کە پێویستە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان شەڕ و هێزی ڕق بەکاربهێنن . هەربۆیە منداڵەکان هەوڵ دەدەن بەو شێوەیە کێشەکانیان چارەسەر بکەن و دەرئەنجامی ئەمەش دەبێتە هۆی شکستهێنانی پەیوەندی و دەستدرێژی .

۷.لاوازی و نەمانی  هۆگری بۆ خوێندن و شکستی ئەکادیمی : شەڕکردن لە بەردەم منداڵدا ،دەبێتە هۆی ئەوەی مێشکی بەتەواوی سەرقاڵ بێت و لە ئەنجامدا ناتوانێت بیر و بۆچوونەکانی لەو شەڕانەوە بۆ وانەکانی بگوازێتەوە .
لەئەنجام دا لەپرۆسەی خوێندن شکست دەهێنێ.

کاریگەری درێژخایەنی ناکۆکیەکانی "دایک و باوکان" لەسەر منداڵان شێوازی ڕەفتاری نەگونجان لە منداڵ دا درووست دەکات ،کاتێک کە ئەوان دەیانەوێت خۆیان بگونجێنن لەگەڵ شەڕ و مشتومڕی دایک وباوک ، نیشانەی ترسیان لاگەڵاڵە دەبێت.
هەندێ کات دەست لە شەڕی دایک و باوک وەردەدەن، دەبنە لایەنگری ئەوەیان کەزووڵمی لێکراوە، بێ گومان ڕووبە ڕووی ئازاری ڕۆحی، یان جەستەیی دبنەوە،ئەگەر منداڵ بەردەوام شاهیدی ئەم شەڕانە بن ، بە تایبەتی لە ژینگەی ماڵەوە،ئەوا لاسایی ئەو ڕەفتارانە دەکەنەوە،بێومان ڕەنگ دانەوەی لەژینگەی دەرەوەدا دەبێت .

- چی بکەین تا کێشەی نێوان دایک وباوک نەگوازرێتەوە بۆمنداڵەکانمان ،ڕێگە چارە؟

١. لەڕووی کاتەوە : پێشنیازدەکرێت دایک و باوک بتوانن کۆنترۆڵی هەست و سۆزی خۆیان بکەن ، باشتر وایە ئۆپۆزسیۆن و ناتەباییان دوابخەن ،بۆ ئەوەی ژینگەیەکی دروست و کات بدۆزنەوە بۆ بەتاڵکردنەوەی خەشم و ڕقیان  .کاتەکەی دوابخەن بۆ ئەو ساتەی کەمنداڵ لەماڵ نی یه.

۲.لەڕووی شوێنەوە :باشتروایە ئەم کێشە و ناکۆکییەکانە لە شوێنێکی ترجگەلە ماڵ بۆنمونە: پارک یان ژینگەی تر کە منداڵ تێیدا ئامادە نییە ئەنجام بدرێت.
پرسیارێک لێرەدا درووست دەبێت ،کە زۆر جار لەپڕ کێشە درووست دەبێت بۆچۆن کۆنترۆڵ بکرێت؟
یان دەووترێت، ئەستەمە زۆرێک لە دایک و باوکەکان ناکۆکییەکان لە ماڵەوە دوور بخەنەوە، میزاجەکە بە خێرایی دەگۆڕێت و تۆ شەڕت دەست پێکردووە ،پێش ئەوەی بیرت لەوە کردبێتەوە ئەنجام چی ڕوودەدات.
بەڵێ ؛ڕاستە ئەم پرسیارە جێگەی خۆیەتی ،بەڵام دەتوانین لەوەڵام دا بڵێین :زۆر گرنگە "دایک و باوک" بەهای بەرژەوەندی منداڵەکەیان لەبەرچاو بێت ، بیر لەداهاتووی منداڵەکە بکەنەوە ،لانی کەم دەست بخرێتە سەر ئەو برینانەی کە هۆکارن بۆدرووست بونی کێشەکە ،تا بەهاو بەشی لەکاتی گونجاو دوور لەچاوی منداڵ چارەسەربکرێت ،بۆئەم مەبەستەش ڕێگەی خوێندنەوە و گوێگرتن وڕاوێژ بەکەسانی پسپۆڕ یارمەتی دەرێکی باشە.

۳. پێویستە هەرکێشەیەک درووست دەبێت ،سەرەتا بزانرێت هۆکاری کێشەکە چی یە؟
پاشان زۆر بەهۆشیاریانە وبەئارامی هەوڵی چارەسەر کردنی بدەین ،بەهیچ جۆرێک تووڕەیی و قسەی ناشرین و سوک کێشەی دایک باوک چارەسەرناکات .

٤. ئاساییە کە ناکۆکیت لەگەڵ هاوسەرەکەت هەبێت ،بەڵام ئەوە ئاسایی نی یە کە منداڵ تێوە بگەلێنیت.

٥. منداڵان مەخەرە ئەو پێگەیەی کە ناچار بکرێت پشتگیری دایک یان باوک بکات.

٦. منداڵان بەکار مەهێنن بۆ پەسەندکردنی قسەکانت لەلایەن هاوسەرەکەتەوە.

۷.ئەگەر تەنانەت باسی شەڕی منداڵەکەت کرد، هەرگیز لۆمەی  مەکە.

٨. داوا لە منداڵان مەکە ڕۆڵی "دادوەر" لە ناکۆکییەکانتاندا ببینێت.

۹. داوا لە منداڵان مەکە ، پەیامەکەت بگەیەنێتە هاوسەرەکەت.

۱۰. لەکاتی مشت ومڕدا هەڕەشەی جێهێشتنی هاوسەرەکەت مەکە، چونکە زیاتر کاریگەری لەسەر ئارامی دەروونی و ئاسایشی منداڵەکە دەبێت.

۱۱. کارێک مەکە لەگەڵ  منداڵەکەت کەناچاری بکات یەکێکتان هەڵبژێرێ ، چونکە سەرەتای سەرهەڵدانی شکست لەو جێگەوە دەست پێ دەکات .

۱۲لەبەردەم منداڵەکەدا کۆنترۆڵ لە دەست مەدە.
سوێند مەخۆ ،هەوڵ مەدە بە زۆر منداڵەکەت پەلکێشی بێ تاوانی خۆتی بکەیت .

جێی خۆیەتی لە کۆتایدا بڵێین:گرفت وناکۆکییەکان بەشێکن لە ژیانێکی هاوبەشی ئێمەی" دایک وباوک"،دەکرێت ئەو کێشانە لە ڕێگەی لێ تێگەیشتن و" گفتوگۆ "ئارامی و دان نان بە هەڵەی یەکتر چارەسەربکرێت ،گرنگ ئەوەیە ئێمە شێوازی چارەسەر بدۆزینەوە ،هونەری ژیان فێربین ئایندەی منداڵەکەمان لەبەرچاو بێت ،تا ئەوان نەبنە قوربانی ودرێژەپێدانی ژیانێکی شکست خواردووی ئێمە ، لانی کەم قوربانی بدەین،چونکە  پەروەردەی منداڵەکانمان بەپلەی یەکەم لەئەستۆی ئێمەدایە...

ئیدریس نوری
ماستەر لەدەروونناسی
پەروەردەی تایبەت

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌