ئەمریکا تیکتۆک و ویچات قەدەخە دەکات

هەواڵی / 18/9/2020 891 جار بینراوە

ئەمریکا تیکتۆک و ویچات قەدەخە دەکات


ئەمڕۆ هەینی وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا فەرمانی بە بازاڕی ئەلیکترۆنیی بەرنامەکان (app stores) کرد کە هەردوو ئەپلیکەیشنی تیکتۆک و ویچاتی چینی بسڕنەوە و دەڵێت، "هەڕەشەن بۆسەر ئاسایشی نیشتمانی". 

بڕیارەکەی ئەمریکا لە شەوی یەکشەممە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەوەش دوای ئەوە دێت کە گرژییەکانی ئەمریکا و چین زیادیانکردووە و ئیدارەی ترەمپیش هەوڵدەدات تیکتۆک بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بفرۆشێت. 

ویلبور رۆس، وەزیری بازرگانیی ئەمریکا رایگەیاند، "پارتی کۆمەنیستیی چینی هەوڵی داوە کە ئەو دوو ئەپلیکەیشنە بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشی نەتەوەیی، سیاسەتی دەرەوە و ئابووریی ئەمریکا بەکاربهێنێت". 

بڕیارەکە بەشێوەیەکە کە ویچات لە شەوی یەکشەممە بەتەواوی لە ئەمریکا دادەخرێت، بەڵام ئەو کەسانەی پێشتر تیکتۆکیان دابەزاندووە دەتوانن تاوەکو 12ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەردەوام بن لە بەکارهێنانی ئەپلیکەیشنەکە.

ویلبور رۆس ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر تاوەکو 12ـی تشرینی دووەم رێککەوتن نەکرێت، ئەوا بەتەواوی دادەخرێت، ئەگەریش کێشەکان چارەسەربن، "لەوانەیە فەرمانەکە هەڵبووەشێنینەوە".

ویچات کە لەلایەن تێنسێنتی گەورە کۆمپانیای چینی خاوەندارێتی دەکرێت، بەشێوەیەکی بەرچاو لەلایەن دیاسپۆرانشینانی چین بەکاردەهێندرێت بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ کەسوکاریان لە وڵاتەکەی خۆیان. تیکتۆکیش لەلایەن کۆمپانیای بایتدانسەوە خاوەندارێتی دەکرێت. 

لە نوێترین هەنگاویشیدا، تیکتۆک هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای ئۆراکڵی ئەمریکی کردووە، بەڵام ترەمپ دەڵێت، تاوەکو ناوەڕۆکی هاوبەشییەکە نەبینێت، واژۆی ناکات.


خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌