راپرسی و په‌رله‌مان و لێپرسراوێتی پارتی

وتار/ 12/06/2017 764 جار بینراوە

ئه‌بوبه‌كر كاروانی

راپرسی و په‌رله‌مان و لێپرسراوێتی پارتی

به‌ش به‌حاڵی خۆم یه‌كێ له‌و كه‌سانه‌م كه‌ شه‌رم له‌ ناسنامه‌ی عێراقی بوونی خۆم ده‌كه‌م، بڕوام به‌وه‌ نیه‌ هیچ ئاینده‌یه‌كی هاوبه‌شمان له‌گه‌ڵ عیراقی عه‌ره‌بیدا هه‌بێت، وه‌ پێویسته‌ به‌ هیچ نرخێ ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ میژووییه‌ له‌ده‌سنه‌ده‌ین و یه‌كه‌م كۆماری كوردستانی سه‌ربه‌خۆ له‌ كوردستانی باشووردا ئاواكه‌ین. ئه‌م هه‌سته‌ش هه‌ستی زۆرینه‌ی هه‌ره‌زۆری هاوڵاتیانی وڵاته‌كه‌مه‌ .
به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئێستا كە خه‌ریكه‌ به‌ره‌و ئه‌و ئامانجه‌ هه‌نگاو ده‌نێین، به‌هۆی درێژه‌كێشانی ناكۆكی یه‌ ناوخۆییه‌كان و رێكنه‌كه‌وتن له‌سه‌ر نه‌خشه‌ رێگایه‌كی ته‌وافوق له‌سه‌ر كراوی نیشتمانی و خوڵقاندنی كه‌ش و هه‌وایه‌كی ئیجابی و پڕئومێدی نه‌ته‌وه‌یی، كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ ئێمه‌مانان بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ین، هه‌نگاوه‌كان دووچاری شڵه‌ژاوی دێن. ئه‌وه‌ی به‌ پله‌ی یه‌كه‌م ئه‌م دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌شی خوڵقاندووه‌، له‌كاركه‌وتنی په‌رله‌مان و ئه‌و ده‌رهاویشتانه‌یه‌ لێی كه‌وتۆته‌وه‌ . به‌جۆرێك به‌بێ دووباره‌ كاراكردنه‌وه‌ی ئه‌م ده‌زگایه‌ زه‌حمه‌ته‌ له‌م قۆناغه‌دا بتوانین باس له‌ كۆده‌نگی و ته‌وافقێكی نیشتمانی بكه‌ین. كه‌ ئه‌وه‌ش هه‌نگاو به‌ره‌و راپرسی و سه‌ربه‌خۆیی كه‌م ره‌نگ ده‌كات و به‌ كرده‌وه‌ش كیشه‌ی بۆ دروست ده‌كات، له‌وانه‌ش:

1. توندتربوونه‌وه‌ی سه‌نگه‌ربه‌ندی یه‌ سیاسی یه‌كان دژ به‌ یه‌كتر و وێناكردنی پرسه‌كه‌ وه‌كو پرۆژه‌یه‌كی پارتی و به‌شداری نه‌كردنی به‌شێ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ له‌ پرۆسه‌كه‌دا، ئه‌گه‌ر سه‌ری له‌ دژایه‌تی كردنیشه‌وه‌ ده‌رنه‌چێت.

2. وێناكردنی دۆخه‌كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و به‌غدا و نه‌یارانی پرسه‌كه‌وه‌ كه‌ پرۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆیی گوزارشت له‌ ئیراده‌یه‌كی نیشتمانی كوردستانی ناكات و داخوازی هه‌موو هێز و لایه‌نه‌ سیاسی یه‌كانی كوردستان نی یه‌. ئه‌مه‌ش هانیانده‌دا بۆ دژایه‌تی زیاتر و به‌گویره‌ی پێویست به‌ بایه‌خه‌وه‌ سه‌یر نه‌كردن و ته‌نانه‌ت بیركردنه‌وه‌ له‌ قۆستنه‌وه‌ی ده‌رفه‌ته‌كه‌ به‌جۆرێ له‌ جۆره‌كان به‌ قازانجی خۆیان. كه‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌مان پێكرد پێگه‌ی هه‌رێم له‌م پرۆسه‌دا لاوازتر ده‌كات و كێشه‌ی زۆرتری بۆ ده‌خولقێنێ.

3. نه‌بوونی هیچ پاڵپشتێكی یاسایی بۆ پرۆسه‌كه‌. له‌و سۆنگه‌وه‌ كه‌ زیاتر پشت به‌ هێزی ئه‌خلاقی مافی چاره‌نووس و سه‌پاندنی دیفاكتۆی سیاسی و قۆستنه‌وه‌ی ده‌رفه‌ته‌كان ده‌به‌ستێت، نه‌ك یاسای گشتی نیوده‌وڵه‌تی یاخود ده‌قێكی ده‌ستووری رۆشن، بۆیه‌ نه‌بوونی رووپۆشی یاسایی له‌ ئاستی هه‌رێمیشدا ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی كیشه‌ و خاڵێكی لاواز.

ئه‌وه‌ی له‌ ئێستاشدا رێگره‌ له‌كارابوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان به‌ پله‌ی یه‌كه‌م پارتی دیموكراتی كوردستانه‌. به‌ حو‌كمی ئه‌وه‌ی هه‌رچوار هێزه‌كه‌ی تر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان كه‌ په‌رله‌مان به‌ پێكهاته‌ی سه‌رۆكایه‌تی خۆیه‌وه‌ وه‌گه‌ڕ بخرێته‌وه‌ و خوله‌كه‌ی خۆی ته‌واو كات. ئه‌وه‌ش ئۆباڵیكی میژوویی ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی ئه‌م هێزه‌وه‌ و ده‌خوازێت له‌ سۆنگه‌ی هه‌ست به‌ به‌رپرسیاریتی نیشتمانی و په‌رۆشی بۆ یه‌كریزی گه‌لی كوردستان و باش به‌ پیره‌وه‌ چوونی ئه‌ركه‌كانی قۆناغی راپرسی و سه‌ربه‌خۆیی ، وه‌ جۆشدانی جه‌ماوه‌ر و دروستكردنی كۆده‌نگی له‌سه‌ر شێوازی هه‌نگاونان و كاركردن بۆ ئامانجه‌كه‌، به‌ سیاسه‌ت و بڕیاری خۆی له‌مه‌ر په‌رله‌ماندا بچێته‌وه‌. چونكه‌ ده‌ستكاری كردنی ئه‌و سیاسه‌ته‌ و مامه‌ڵه‌ كردن به‌ گیانێكی نیشتمانی كراوه‌ و پرسه‌كه‌ بردنەوە بۆ چوارچێوه‌ی په‌رله‌مان، پێشمه‌رجێكی دروستكردنی سازان و زه‌مینه‌ ساز كردنی ناوخۆیی یه‌.

ئه‌وه‌ش لێپرسراوی له‌كۆڵ پارتی ناكاته‌وه‌ كه‌ بڵێن ئێمه‌ داوای كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌كه‌ین، به‌ڵام ده‌مانه‌وێت ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی بگۆڕین، چونكه‌ ئه‌و جۆره‌ داواكردنه‌ جگه‌ له‌وه‌ی به‌كرده‌وه‌ ده‌ركه‌وت كه‌سی له‌گه‌ڵ نیه‌ و یه‌كیه‌تی و یه‌كگرتووش به‌هۆی زیاد له‌ هۆكارێكی سیاسی یاسایی و ئه‌خلاقی و نێوخۆیی ناتوانن هه‌نگاوێكی له‌وجۆره‌ له‌گه‌ڵ پارتی بهاون، ئامانجه‌كه‌ش واته‌ دروست كردنی ته‌وافوق و كۆده‌نگی له‌سه‌ر پرسی راپرسی و سه‌ربه‌خۆیی به‌دیناهێنێت. به‌ڵكو ره‌نگه‌ زیاتر دۆخه‌كه‌ به‌ره‌ و شڵه‌ژاوی و تێكچوون به‌رێت تا ئاستی ئه‌گه‌ری لێكه‌وته‌ی توندوتیژی.

له‌ڕاستیشدا مه‌سه‌له‌ی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان چه‌ند پێویستی یه‌كی هاوده‌نگی نیشتیمانی و ته‌وافوقه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی راپرسیدا، به‌و ئه‌ندازه‌ش پێویستی یه‌كی خودی پارتی یه‌. بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌شێ له‌و به‌غز و كینه‌ و نه‌فره‌ته‌ی له ‌دووساڵی رابردوودا به‌هۆی مه‌سه‌له‌ی په‌رله‌مان و دۆخی ئابووری له‌نێو خه‌ڵكێكی به‌رفراوانی كوردستاندا دژی دروستبووه‌. كه‌ پێویسته‌ پارتی حسابی بۆ بكات و بێ منه‌تانه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا نه‌كات. چونكه‌ ئه‌و هه‌سته‌ نێگه‌تیڤه‌ی به‌رامبه‌ری له‌و دووساڵه‌دا شۆڕ بۆته‌وه‌ بۆ ئاستی مرۆڤی ئاسایی و شه‌قام. له‌گه‌ڵ درێژه‌ كیشانی و سووربوونی پارتیش له‌سه‌ر هه‌ڵویسته‌كانی ئێستای ناكرێت ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی توندو تیژیش نادیده‌ بگیرێت

پارتی ده‌بێت هه‌ماهه‌نگتر بێت له‌گه‌ڵ دروشمه‌كانی، پێداگرتنی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی په‌رله‌مان به‌و جۆره‌ی ئێستا، دژ به‌ پێویستی یه‌كانی زه‌مینه‌سازكردنی نێوخۆیی بۆ راپرسی و به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی و به‌ سروشتی له‌دایك بوونی ده‌وڵه‌تی كوردستانه‌. هه‌روه‌ها بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ پارتی له‌یه‌ك كاتدا خاڵی لاواز و به‌هیزی ئه‌م پرسه‌ بێت.

خاڵی به‌هێزێتی به‌ حوكمی پێداگرتنه‌كه‌ی و ره‌گه‌زه‌كانی هێز تیایدا، به‌ڵام بۆته‌ خاڵی لاوازیشی له‌و سۆنگه‌وه‌ كه‌ هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر په‌رله‌مان بۆته‌ رێگر له‌ دروست بوونی ته‌وافوقی نیشتمانی و دڵساردی به‌شێكی به‌رچاوی خه‌ڵك و ڕاڕایی. گرنگیشه‌ بزانین كه‌ ئێمه‌ هه‌ر ده‌وڵه‌ت دروست ناكه‌ین، به‌ڵكو ده‌بێت ده‌وڵه‌تێكی جیاواز و شایسته‌ به‌ قوربانیدانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان دروست بكه‌ین و بێته‌ چوارچێوه‌یه‌ك بۆ سیستمی سیاسی دیموكراسی و حوكمڕانی یه‌كی باش و پیاده‌كردنی سه‌ره‌تاكانی دادپه‌روه‌ری و سه‌ره‌تای یاسا و خه‌مڵاندنی چه‌مكی هاوڵاتی ئازاد و یه‌كسان ، ئه‌م دۆخه‌ی ئێستاش گومان ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌و ئایدنده‌یه‌. ئه‌ركی پارتی یه‌ به‌ ده‌ستكاریكردنی سیاسه‌ته‌كانی ئێستای له‌مه‌ڕ په‌رله‌مان ئه‌و گومانه‌ بڕەوێنێتەوە‌ ، لێپرسراوێتی دروست نه‌بوونی ته‌وافوقی نیشتمانیش كه‌ ئه‌م پرسه‌ رێگریه‌تی ، له‌گه‌ردنی خۆی داماڵێت. بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موومان به‌وپه‌ری دڵخۆشی و خوێنگه‌رمیه‌وه‌ ، به‌ره‌وپیری بانگه‌وازی مێژوو، رۆحی شه‌یدان و به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان بچین و سه‌ربه‌رزانه‌ و سه‌ركه‌وتووانه‌ جه‌ژنی له‌دایك بوونیكی ساغ و پڕئومێدی كۆماری دیموكراتی كوردستان بگێرین .

نوێترین نوسینەکانی ئه‌بوبه‌كر كاروانی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌