ساڵی تازەی ئێرانی و گۆڕانكارييەكانی!

وتار/ 30/03/2017 1000 جار بینراوە

عەبدولڕەحمان مەهابادی

ساڵی تازەی ئێرانی و گۆڕانكارييەكانی!
عەبدولڕەحمان مەهابادی، نووسەر و لێکۆڵەری سیاسی  

خەڵكی ئێران و هەموو لايەنە سياسييەكانی ئێران و ئەوانەی لە جيهاندا پشتيوانی ئێرانێكی ئازادن، هەر هەموویان كۆدەنگن کە دوای گۆڕانكارييەكانی ساڵی رابردوو ئومێدێك سەری هەڵداوە كە لە ساڵی تازەدا گۆڕانكارييەكی گەورە لە پێوەند لەگەڵ ئێران روو دەدات! بەڵام تا ئەم ساتە كەس لە چۆنايەتی و ميكانيزمی ئەم شتە ئاگادار نيە. بەڵام هەمووان لەسەر ئەوە رێكن و باوەڕدارن كە نابێ ئەم دەرفەتە زێڕينە لە دەست بدرێت!
بە دەركەوتنی يەكەم نيشانە و سيگناڵی دەستپێكی ئەم گۆڕانكارييە، ئەو لایەنانەی خوازیاری رووخانی ئەم رژێمەن زۆر بە خێرايی ناكۆكييەكانیان وەلا دەنێن و لە دەوری يەكتر كۆدەبنەوە بۆ ئامانجی هاوبەش. بۆ ئەم بەرخۆدان و بزوتنەوەيەيش هەلومەرجی زەينی و كرداری لە ناو ئێران ئەوەندە ئامادەیە كە بە دەست پێكردنی، حكومەت خۆی پێ ناگيرێت و شەپۆلەکەش ئەوەندە بەهێزە کە خەڵکەكە بە كەمتر لە راماڵينی ئەم حكومەتە رازی نابێت.
خەڵكی ئێران كە يەكەم قوربانين بە دەست ئەم رژێمەوە و لە هەموو روويەكەوە لە ژێر گوشاردان، بە شێوازی جياجيا زۆر جار داواكارييەكانی خۆيان دەربڕيوە لەهەمبەر گۆڕينی ئەم رژێمە، بەڵام هەموو جارێك لە لايەن داوودەزگاكانی حكومەتەوە خەڵتانی خوێن كراون. هەرچەند ئەوە تەنها خەڵكی ئێران نيە كە لە لايەن رژێمەوە تەنگيان پێ هەڵچنراوە، بەڵكو گەلانی ناوچەكە بە گشتی و سوريا و عێراق و وڵاتانی دراوسێی ئێران بە تايبەتی گەيشتوونەتە خاڵی بێزاری و نەفرەتكردن لە رژێمی ئێران. چون ئەم رژێمە لە رادە بەدەر دەستی خستۆتە ناو چارەنووس و بينەقاقايان و بووەتە هەڕەشە بەسەر ئاسايش و ژيان و ئابووری وڵاتەكانيانەوە.
خەڵكی ئێران و لايەنە سياسييەكانی، زۆر خۆشحاڵن بە گۆڕانكارييەكانی ساڵی رابردوو. لەگەڵ ئەوەش دا بە لاچوونی ”باراك ئۆباما” ئەوان چاوەڕوانی ئەوە دەکەن حكومەتی نوێی ئەمريكا، ئەو دەرفەتە زێڕينانەی لە لايەن باراك ئۆباماوە پێشكەش به رژێمی ئێران كرابوو، بە دانی دەرفەتی لەمجۆرە بە گەل و ئۆپۆزيسيۆنی راستەقينە قەرەبوو بکاتەوە، يا لانيكەم رێگە نەدات ”ئيمدادگەرانی غەيبی!” بە هانای ئەم رژێمەوە بچن تا خەڵك و موقاومەتی ئێران حيسابی خۆيان لەگەڵ ئەم رژێمە يەك لا بكەنەوە!
لە كاتێكدا لە بەرەی رژێمی ئێراندا، ئاوابوون و لێكترازان باڵەكانی رژێمی داگرتووە و ئەوەيش وایکردووە کاربەدەستانی رژێم هەر هەموویان بە تەواوی تۆقاون لە بەڕێوەبردنی شانۆی هەڵبژاردنەكان، كە بڕيار وايە لە مانگی سێيەمی ساڵی ئێرانی بكرێت، لە بەرەی بەرانبەردا، هەموو لايەنە نەيارەكانی ئەم رژێمە خۆيان ئامادە دەكەن بۆ سوود وەرگرتن و قۆستنەوەی ئەم دەرفەتەی رەخساوە.
رێكخراوی موجاهيدينی خەلقی ئێرانيش كە هەر لە سەرەتاوە هێزی سەرەكی ئۆپۆزيسيۆن بووە بەرانبەر بە رژێمی ئێران و تا ئێستا توانيويەتی دەوری يەكلاييكەرەوەی هەبێت لە هاوکێشە سیاسیەکاندا و لەم ساڵانەی دواییشدا پشتيوانييەكی بەهێزی نێودەوڵەتی بۆ خۆی بە دەست بهێنێت، لە هەنگاوێكی مێژوويی دا هێزەكانی خۆی لە ناو گەمارۆی هێزەكانی رژێمی ئێران لە عێراق دەرباز بكات و لە حاڵی حازردا ئامادە و رێكيان بخات بۆ ئەم هەل و مەرجە نوێيە و ئێستايش چاوی بڕيوەتە شوێنێك كە رژێم بە تەواوی لێی تۆقاوە..
خەڵكی ئێران و لايەنە سياسييەكانی نەياری رژێمی ئێران لە كاتێكدا خۆيان ئامادە دەكەن تا ئەم دەرفەتە بە هەند وەربگرن، چاوەڕوانی ئەوە دەكەن هەر لە بنەڕەتدا پێداچوونەوە بكرێت بە سياسەتی 16 ساڵی رابردووی وڵاتە يەكگرتووەكانی ئەمريكادا. ئەوان خوازياری ئەوەن كە سوپای پاسداران لە ناوچەكە دەربكرێت و هاوكات ناوی بخرێتە ناو ليستی رێكخراوە تيرۆريستيەكانەوە. ئەم هەنگاوەش تەواو رێكە لەگەڵ سياسەتی راگەياندراوی سەرۆك كۆماری هەڵبژێردراوی ئەمريكا كە وتبووی بەر بە پەرەسەندنەكانی رژێمی ئێران لە ناوچەكە دەگرێت و دژ بە رێككەوتننامەی ئەتۆم دەوەستێت. خەڵكی ئێران هەروەها داوای ئەوە دەكەن كە پێوەندييە ئابووری و ديپلۆماتيەكانی وڵاتان لەگەڵ رژێم ببەسترێتەوە بە نەهێشتنی سزای لە سێدارەدان و ئەشكەنجەدان و لە بەرانبەردا موقاومەتی رەوای خەڵكی ئێران بە فەرمی بناسرێت و حكومەتی تازەی ئەمريكا يەكەم هەنگاو بنێت بۆ ئەوەی ديالۆگ لەگەڵ نوێنەرانی موقاومەت بخرێتە ئەجيندای حكومەتی ئەمريكاوە.
نومايشی هەڵبژاردنەكانی رژێمی ئێران هەر لە 20ی جولای 1982ەوە لە لايەن خەڵك و ئۆپۆزيسيۆنی راستەقينەوەی رژێمی ئێرانەوە بايكۆت كراوە. چون ئەم هەڵبژاردنانە ئازاد نەبوون و نين و رژێميش دەسەڵاتێكی ناڕەوا و ناشەرعيە.
لە ساڵی نوێدا، خەڵكی ئێران بە هەموو بەشەكانيەوە. بە فارس و بەلوچ و كورد و عەرەب و ئازەری و شيعە و سوننە و مەسيحی و كەليمی و پێڕەوانی هەموو ئايينەكانەوە، بە پاڵپشتی موقاومەتی رەوای خۆيان، بە ئاشتی و ئارامی و برايەتی لە كۆمەڵگايەكدا بژین و حکومەتێک بێتە سەر کار تیایدا دين لە حكومەت جيا بێت و هەموو تاكێك ئازاد بێت لە دەربڕینی را و بير و بۆچوون و ئاڕاستەی سياسی خۆی و، هەر كەسە ئازاد بێت جل و بەرگ و پۆششی چۆن بێت و هيچ شتێك بەزۆرەملی و سەپاندن بەسەر خەڵكدا فەڕز نەكرێت.
بە پشت بەستن بە ئەزمون و زانیارییەکان دەتوانم بڵێم مەشغەلی بەهاری ئێرانی بەرەو هەڵكردنە و سەركەوتنيشی بێ مشتومڕ و ئاسۆی رووداوەكانيش زۆر روونن.

نوێترین نوسینەکانی عەبدولڕەحمان مەهابادی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌