لەبەرچی (مەهديس) خۆی كوشت؟

وتار/ 05/03/2017 844 جار بینراوە

عەبدولڕەحمان مەهابادی

لە سەروبەندی روژی جيهانی ئافرەتان
لەبەرچی (مەهديس) خۆی كوشت؟

 
عەبدولڕەحمان مەهابادی. نووسەر و لێکۆلەری سیاسی
بە پێی هەواڵی ئاژانسەكان، روژی سێشەممە 24ی كانوونی دووەم لە لايەن ئيدارەی ئيتڵاعات رژێمی ئێران لە شارستانی كرماشان لە رۆژئاوای ئێران، ئەندازيار ”مەهديس ميرقەوامی” بانگ دەكرێت و بۆ ماوەی دوو رۆژ لە ئيدارە گل دەدرێتەوه و دواتر ئازاد دەكرێت. بەڵام دەستبەجێ بە ”حەبی برنج” كۆتايی بە ژيانی خۆی دەهێنێت. زانيارييەكانی دوايی ئەوە پشت راست دەكاتەوە كە ئەم ئيدارەيە هەڕەشەی لە خزم و و كەس و كاری كردووە كە لای كەس باسی خۆكوشتنی مەهديس نەكەن.
بە پێی زانياريی نوێ دەركەوتووە كە هۆی خۆكوشتنی ئەم خاتوونە گەنجە ئەوە بووە كە مەئموورانی ئيتڵاعات لە ناو زيندان دەستدرێژيی سيكسيان كردووە سەر!
لە حكومەتی ويلايەتی فەقيهی دەسەڵاتدار لە ئێران، ”ژنان” چينی هەرە سەركوتكراون و چەوساوەترينن و ئەوەش تەواو هەڵقوڵاوی مێشك و پێناسەی كۆنەپەرستانەی دەسەڵات و مەلا بە رواڵەت موسڵمانەكانە.
ئەگەر ئاوڕێك لە رابردوو بدەينەوە باش دەبينين كه حەمەرەزاشای پەهلەوی له سەرەتای دەيەی 60 كە شەقامی ئێرانی بەرەو تەقينەوە دەچوو، بە ناچاری دەستی دايە چاكسازی لە ژێر ناوی «شۆرشی سپی» و مافی دەنگدان لە هەڵبژاردنەكانی بۆ ژنان بە رەسمی ناسی. بەڵام خومەينی و هاوپيشەكانی ئەم هەنگاوەی شايان شەرمەزار كرد و ناڕەزايەتييان دەربڕی كە لەبەرچی ژنان و پياوان دەبێ مافی يەكسانيان هەبێت لە دەنگداندا!؟
لەمڕووەوە كاتێ خومەينی بە دزينی شۆڕشی گەلی ئێران لە ساڵی 1979 دەسەڵاتی خۆی بەسەر خەڵكدا سەپاند، ژنان بە توندی سەركوت كران و ئەوان لە سەرجەم مافەكانی خۆيان بێبەش كران. لەوانە بێبەش بوونيان لە وەرگرتنی پۆستە سەرەكيەكانی وەك سەرۆكايەتی كۆمار يا بوون بە دادوەر و زورێك پۆستی سيادی تر.
ئێستا لە ئێران رۆژ نيە كە ژنانی ئێرانی نەخرێنە بەر ستەم و چەوساندنەوە و ئەشكەنجە و كوشتاری رژێمی كۆنەپەرستی دەسەڵاتدار. تا ئێستا هەزارن زيندانيی سياسی ژن لە سێدارە دراون. ئەوان لە سەرجەم مافە رەواكانيان بێبەش كراون و لەم ساڵانەی دواييشدا مەئموورانی رەسمی رژێم زۆر جار بە ”تيزاب” لە ناو شەقامەكان هێرشيان كردووەتە سەر ئافرەتان و دەم و چاوی ئەو ئافرەتانەيان شپرزە كردووە.
بە پێی راپۆرتی باوەڕ پێكراو و وتەی شايەت حاڵان، لە ناو زيندانەكاندا، ئەشكەنجەی هەرە دڕندانە دەرهەق بە ژنان دەكرێت. دەستدرێژيكردن بۆ سەر ژنانی زيندانی شتێكی باوە لە ناو زيندانەكانی ئەم رژێمەدا و بە پێی فەتوای خومەينی و مەلاكانی دەسەڵاتدار لە ئێران، دەستدرێژيكردن بۆ سەر ژنانی زيندانی بەر له ئيعدامكردنيان رێگە پێدراوه.
چەند نموونەيەكی ساڵانی رابردوو:
خاتوو (تەرانە موسەوی ) تەمەن 28 ساڵ لە رۆژی 28ی حوزێرانی 2009 لە تاران دەستگير دەكرێت و دوای دەستدرێژكردن بۆ سەری لە لايەن پياوانی حكومەتەوە تەرمەكەيشی دەسوتێندرێت و لە دەوربەری قەزوێن فڕێ دەدرێت.
كچێكی گەنج بە ناوی (سەعيدە پورئاقايی ) لە لايەن پياوانی حكومەتەوە دوای ئەوەی دەستگير دەكرێت دەستدرێژی دەكرێتە سەری و تەرمەكەيشی لە ئەژنۆ بەرەو ژوور بە تيزاب شپرزە دەكرێت تا ئاسەواری ئەم تاوانە دڕندانەيە بە تەواوی بسڕدرێتەوە. دواتريش گوشار دەخرێتە سەر كەس و كاری تا رابگەيەنن هۆی مردنی كچەكەيان نەخۆشی گورچيلە بووە.
(رێحانە جەباری) ئافرەتێكی گەنجی تەمەن 19 ساڵ كە لە مانگی پووشپەڕی 2007 بە تۆمەتی كوشتنی (مورتەزا عەبدولعەلی) تەمەن 47 ساڵ گيرا و بڕياری لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو. عەبدولعەلی مەئمووری رەسميی ئيتڵاعاتی رژێم بووە كە ويستوويەتی دەستدرێژی بكاتە سەر ئەم شێرەژنە و ئەويش توانيوەتی بەرگری لە خۆی بكات و بيكوژێت. دادگای رژێم سزای ئيعدام بۆ رێحانە دەردەكات و بڕيارەكەيش رۆژی 25ی ئۆكتۆبەری 2014 جێبەجێ دەكرێت.
(د.زەهرا بەنی يەعقوب) ئەو ئافرەته گەنجەيە كە لە تەمەنی 27 ساڵيدا لەگەڵ دەستگێرانەكەی دەستگير دەكرێت و دەستدرێژی دەكرێتە سەری لە لايەن پياوانی حكومەتەوە بۆ داپۆشينی تاوانەكەيشان، زەهرا دەكوژن و تەرمەكەی لە سێدارە دەدەن تا وا نشان بدەن كە خۆی خۆی كوشتووە.
لە نموونەيەكيتردا. لە رۆژی 4ی كانوونی دووەمی 2013 ئافرەتێكی گەنجی تەمەن 23 ساڵی خەڵكی شاری كرماشان بە ناوی (حەنانە شلێر فەرهادی ) دەرچووی زانكۆ و بكالۆريۆس، كە بۆ ماوەی چوار مانگ لە لايەن ئيتڵاعاتەوە دەستبەسەر كرابوو، دەستبەجێ دوای ئازادبوونی خۆی كوشت و دەركەوت كە لە ناو زيندان دەستدرێژی كراوەتە سەری.
لە رۆژی 3ی ئاياری 2015 خاتوونێكی گەنجی كورد بە ناوی (فەريناز خوسرەوانی) دوای ئەوەی يەكێك لە پياوانی رژێم ويستويەتی دەستدرێژی بكاتە سەری، لە نهۆمی 4ی هۆتێل (تارا)ی شاری مەهاباد كەوتە خوارەوە و دەستبەجێ گيانی دا.
ئەوانە و زۆرێك نمونەيتر، بارودۆخی ژنان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ديكتاتۆريی مەزهەبی نيشان دەدات. رژێمێك كە لە جينايەت و رەزاڵەت و دڵرقی هيچ حەددێك ناناسێت و هەموو سنوورەكانی مرۆڤايەتی بەزاندووە و رووی هەموو ديكتاتۆرانی مێژووی سپی كردووە.
بارودۆخەكە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی مەلاكان لە هەموو روويەكەوە دڵتەزێنە.. بەڵام ستەم و تاوان و چەوسانەوە دەرهەق بە ئافرەت دەگاتە لووتكەی خۆی. چون دژايەتيكردنی ئەم رژێمە بەرانبەر بە ژنان بەشێكە لە زات و پێناسەی ئەم رژێمە و كاربەدەستانی حكومەت رق و كينی تايبەتيان هەيە بەرانبەر بە ژنان. چون ئەم رژێمە زۆر تۆقاوە لە توانا و پوتانسيەلی ژنانی ئێرانی.
بەڵام بە ديوەكەيتريدا، واتا ديوی خەبات و تێكۆشان بەرانبەر بەم رژێمە ناسەردەميانەيە، ”ژنانی ئێرانی” لێهاتوويی و شايستەيی خويان بە باشی نيشان داوە لە ئاستی خەبات و بە تايبەت رێبەرايەتيكردنی سياسی ئوپۆزيسيۆنی ئێرانی و سەلماندوويانە كە لايق و شايستەی ئەم مافەن و بۆ ئەم رژێمە بوونەتەوە راستييەكی تۆقێنەر. ژنانی ئێرانی لە هەموو بوارەكانی خەباتی سياسی و سەربازی و ئايديۆلۆژيايی، لە ناو ئێران ياخود زيندانە ترسناكەكانی رژێمی مەلاكان يانيش لە دەرەوەی سنوورەكان، لە هەموو بوارەكاندا توانا و لێهاتوويی خۆيان نيشان داوە و بوونەتەوە ئاڵاهەڵگر و رابەری بزوتنەوەی حەقخوازانەی گەلی ئێران. پياوانی رەسەن و بە ئاگای ئێرانيش لەم مەسێرەدا هاوكار و يارمەتيدەريانن و پێكەوە ديمەنێكی شكۆداری مرۆڤی ئەم سەردەمە وێنا دەكەن كە رۆژ بە رۆژ گەشە دەسەنێت و لە دواقوناغی ئەم رژێمەدا، باوەڕمەند و پێداگرن لەوەی پلانێكی نوێ بۆ ئێران بخەنە روو و رەگ و ريشەی توندڕۆيی ئيسلامی و ئەو دەسەڵاتە هەڵتەكێنن كە دوژمنايەتی ژنان و پياوانی ئازاديخواز دەكات.
@m_abdorrahman
***


نوێترین نوسینەکانی عەبدولڕەحمان مەهابادی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌