پێکانی درووست!

وتار/ 16/02/2017 718 جار بینراوە

عەبدولڕەحمان مەهابادی

پێکانی درووست!

 
عەبدولڕەحمان مەهابادی. نووسەر و لێکۆلەری سیاسی

لەمدواييانەدا و بە وتەی كاربەدەستانی وڵاتە يەكگرتووەكانی ئەمريكا، حكومەتی دۆناڵد ترامپ هەڵدەستێت بە تاوتوێكردنی ئەو پێشنيازەی كراوە تايبەت بە ناودێركردنی سوپای پاسدارانی ئێران لە ليستی رێكخراوە تيرۆريستييەكان. ئەوەش وەک هەنگاوێكی نوێ و هاوكات دڵخۆشكەر بۆ ئەو كەسانەی خوازياری سەركەوتنن بە سەر تيرۆر و دەمارگيريدا. چون ئەم رێكخراوە نزيكەی چوار دەيەيە دەوری چالاكی هەبووە لە كوشتاری نەك تەنها خەڵكی ئێران، بەڵكو گەلانی ناوچەكە و هاوكات كردە تيرۆريستييەكانی ناو زۆرێك لە وڵاتانی دورەدەستيش.

سوپای پاسداران ماوەيەكی كورت دوای ئەوە پێكهات كە خومەينی لە ساڵی 1979 دەسەڵاتی ئێرانی گرتە دەست. سوپای پاسداران زۆر بە خێرايی بوو بە هێزێكی سەربازيی جێ متمانەی خومەينی و هەروەها كۆڵەكەی دەزگا سەربازييەكەی ئەم رژێمە كە لە ژێر ناوی ”شۆڕشی ئيسلامی” پێشخستنی ئاوات و ئامانجەكانی مەلاكانی خومەينی خرايە ئەستۆ لە ناو ئێران و دەرەوەی سنوورەكانی، كە ئەم ئەركەش بە ئەرتەشی ئەو وڵاتە جێبەجێ نەدەكرا، وەك نموونە داپڵۆسينی جەماوەر و كوشتاری نەيارانی حكومەت چ لە ناو ئێران چ لە دەرەوەی ئێران.

ئەگەرچی سوپای پاسداران لە دەيەی يەكەمی دەسەڵاتی مەلاکاندا زياتر وەك هێزێكی سەربازی كاری دەكرد بەڵام دوای رێككەوتننامەی 598 و گرێبەستی ئاگڕبڕ لەگەڵ عێراق، بە خێرايی دەزگای ئابووری و سياسی ئێرانیشی گرتە خۆی.

تەلەڤيزيۆنی سی.ئێن.ئێن لە ساڵی 2007 لە راپۆرتێكدا تايبەت بە سوپای پاسداران و دەوری ئەم سوپايە لەهەمبەر تيرور و سەركوتكردنی نەياران دا وتی: ” سوپای پاسداران هێزێكی 150 هەزار كەسيە و گەرچی ژماری ئەندامەكانی نيوهێندەی ئەڕتەشی ئێرانە بەڵام زۆر تەيارە لە چاو ئەم ئەڕتەشە. کاتی سان دەبینن ئەوەی بەرواڵەتیانەوە دیار نیە گیرفانی پڕیانە. پاسداران زۆر دەوڵەمەندن. ئەوان خاوەن كۆمپانيايەكی زۆرن. كاربەدەستێكی پێشووی ئەمريكا گوتی كە سوپای پاسداران ساڵانە يەك ميليارد دوڵار داهاتی هەيە. لە كاتێكدا ئەركی پاراستنی حكومەتيان لە ئەستۆيە، ئۆپۆزيسيۆنی ناوخۆ سەركوت دەكەن و لە دەرەوەی وڵاتيش كار دەكەن”.

هاوكات سەرۆكی مەجليسی رژێميش خۆی يەكێكە لە ئەندامە دێرينەكانی سوپای پاسداران و پێشتر جێگری فەرماندەی سوپای پاسداران بووە. بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا، سەرجەم پرۆژەكانی تايبەت بە ئەتۆم و يەكەی مووشەك و پيشەی سەربازی لە ئێران بە دەست سوپای پاسدارانەوەيە.

چالاكييەكانی ئەم سوپايە نەبەستراوتەوە بە سنوورەكانی ئێرانەوە و پێناسە و ئامانجەكانی ئەم رژێمەی بەسەردا زاڵە. لەمڕووەوە بەڵگەگەلێكی زۆر هەن لەهەمبەر چالاكييەكانی ئەم رێكخراوە لە دەرەوەی سنوورەكانی ئێران و زۆرێك لە تاقمە تيرۆريستييە نائێرانيەكانيشی لە ژێر پۆششدايە. لەوانە: حيزبوڵڵا لە لوبنان و سوپای بەدر و حەشدی شەعبی لە عێراق و حوسيەكان لە يەمەن و .... تاد.

ئەمانە چەند راستييەكن دەربارەی پێناسەی سوپای پاسداران كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هێشتا وەك پێويست رەچاوی نەكردوون. لە پەلاماری دڕندانەی ئەم سوپايە بۆسەر خەڵكی كوردستان لە سەرەتای (1979) و هەروەها بۆ سەر راپەڕينی هێمنانەی خەڵكی شاری تارانی پێتەخت لە 20ی حوزێرانی 1982 كە خومەينی فەتوای قەتڵوعامكردنی لەسەر دەركردن و لەسەر راديۆ خوێندرايەوە بۆ پاسداران، تا داپڵۆسين و قەتڵوعامكردنەكانی دواتر لە شارەكانی ئێران و لەوانە راپەڕينی خەڵكی شاری تاران لە ساڵی 2009 و هەروەها تيرۆركردنی نەيارانی رژێم لە ناو ئێران و دەرەوەی ئێران.

لە هەموو ئەم رووداوانەدا، بەردەوام سوپای پاسداران وەك پارێزەری سەرەكی بۆ رژێمی ويلايەتی فەقيهی كاری كردووە. بە تايبەت دوای هاتنە سەر كاری پاسدار ئەحمەدی نەژاد، سوپای پاسداران هەموو پۆست و وەزارەتخانەكانی گرتە خۆی. وەك نموونە ئێستا لە وەزارەتخانەكان و باڵيۆزخانەكان، هەر ئەوانەی تا دوێنی جل و بەرگی پاسدارييان لەبەردا بوو ئێستا جل و بەرگی ديپلۆماتييان لەبەر كردووە و بونەتە وەزير و باڵيۆز و كاردار و ديپلۆمات(!). بەڵام هەمان ئامانج پێوشوێن دەگرن كە ئەويش بريتيە لە دەمارگيری و تيرور و توندڕۆيی.

كەوايە ناودێركردنی سوپای پاسداران لە ليستی تيرۆر، هەنگاوێكی زۆر پێويست و روونە كە كۆڵەكەكانی ئەم رژێمە لە هەموو بوارەكانی ئەتۆم و ئابووری و سياسی و ئەمنی و كۆمەڵايەتی لەق دەكات و رژێم نەغرۆی قەيرانگەلێكی كوشندە دەكات. ناوزەدكردنی پاسداران لە ليستی رەشی تيرۆر دەبێتە هۆی داخستن ياخود بلۆكەكردنی حيساباتی بانكی و گرێبەستەكانی ئەم سوپايە و ئەوەش دەبێتە ئيفليج كردنی ئۆرگانێكی هەرە گرينی ئەم رژێمە.

دواوتە.. پلانی ناودێركردنی سوپای پاسداران لە ليستی تيرۆر، پلانێكی كۆنە لە ئەمريكا و تا ئێستا چەندين جار خراوەتە روو لە ساڵانی رابردوودا و سەرباری ئەوەی هەموو جارێك لە لايەن بەشێكی زۆری كاربەدەستانی فەرمی ئەو وڵاتە و هەروەها ژمارێكی زۆر لە ئەندامانی هەر دوو مەجليسی ئەمريكا پشتيوانی لێكراوە، بەڵام لە لايەن سازشكاران و لۆبی حكومەتی ئێرانەوە دواخراوە.

ئێستا كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەو راستييە نزيك بووەتەوە كە بۆ توندتركردنی بەرەنگاربوونەی تيرور و دابينكردنی سەقامگيری و ئاسايش لەم بەشە لە جيهاندا، پێويستە سياسەتی كارەساتاويی موداراكردن و سازشكردن وەلا بنرێت و هەنگاوی هەرەگرينگ بۆ ئەم كارەش بريتيە لەوەی، سوپای پاسداران بخرێتە ناو ليستی تيرۆرەوە وەك هێزێكی هەرە گرينگی پاڵپشتيكاری تيرۆر و ناسەقامگيری و ئاژاوەنانەوە لە ناوچەكە.

 

@m_abdorrahman



نوێترین نوسینەکانی عەبدولڕەحمان مەهابادی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌