ئازارەكانی گەلی ئێران

وتار/ 10/01/2017 654 جار بینراوە

عەبدولڕەحمان مەهابادی

ئازارەكانی گەلی ئێران
ئازارەكانم باشترين ديارين بۆ تۆ.. ئەو ئازارانەی گەورەترين وانەی ژيانيان فێر كردم
رۆمەن رۆلان


عەبدولڕەحمان مەهابادی(*)
سەرۆكی مەلاكانی دەسەڵاتدار لە ئێران، حەسەن رۆحانی لە رۆژی 19ی ديسامبەری 2016 بە ناو مەنشووری ”مافی هاووڵاتيبوون”ی راگەياند كە سەر تا خواری بەستراوەتەوە بە ياسای بنەڕەتی.
يەكەم پرسيار كە مێشك دادگەرێت ئەوەيە كە لەبەرچی ئەم مەنشوورە لە دوايين مانگەكانی خولی چوار ساڵەی سەرۆكايەتی روحانی دا راگەيەندرا؟
روحانی لە رێ و رەسمی راگەياندنی ئەم مەنشوورە دا كە 120 خاڵی لە خۆ گرتووە وتی كە ئەم مەنشوورە لە (100) رۆژی يەكەمی خولی سەرۆكايەتی خۆی دا دەست كراوە بە ئامادەكردنی و دوای سێ ساڵ ئێستا دەخرێتە روو!
بۆ ئەوانەی وردە شارەزاييەكيان هەبێت لەسەر ئەم شاشخاپێنە، روونە كە راگەياندنی ئەم مەنشوورە تا چ رادەيەك گاڵتەجاڕانەيە كە تەنانەت هەر دوو باڵی دەسەڵاتدار بە باڵی خۆيشيەوە گاڵتەيان بەو مەنشوورە دێت.
دەبێ بە روحانی بوترێت كە ئەگەر بە درێژايی دەسەڵاتی مەلاكان و بە تايبەت لەو ساڵانەيدا كە روحانی سەركۆمار بووە مەنشووری هاووڵاتيبوون جێبەجێ كراوە، چ پێويستييەكی بەم هەنگاوە هەبووە و ئەگەر جێبەجێش نەكراوە تۆ لە كوێ بوويت؟ سەرەتا خۆت يەكلايی بكەوە!
هەڵبەت لە روانگەی خەڵكی ئێرانەوە روحانی لە ريزی يەكەمی تاوانبارانی ئەم رژێمەدایە بە پلە يەك. چون بە درێژايی 38 ساڵی رابردوو، بەردەوام يەكێك بووە لەو كەسانەی دەستی هەبووە لە سەرجەم تاوانەكانی ئەم رژێمەدا. لە حاڵی حازردا روحانی لە ژێر پرسياری هەموو تاكێكی ئێرانيدايە. ئەوان دەپرسن كە ئەگەر ئامانجت لە راگەياندنی ئەم مەنشوورە لە خشتەبردن و چەواشەكاری نەبووە لە پێناو هەڵبژاردنەكانی دادێ، بڵێ بزانم بۆ چی لە سەردەمی سەرۆكايەتی تۆ دا. رێژەی لەسێدارەدان و بێكاركراوان و قوربانيانی مەوادی هۆشبەر و بە تاڵانبردنی داراييەكانی گەلی ئێران زيادی كردووە. بۆ چی خەڵك پەنايان بردۆتە بەر فروشتنی ئەندام جەستەیان و تەنانەت منداڵەكانيان؟ واتای پەرەسەندنی تيرۆری حكومی و دەستتێوەردان لە كاروباری وڵاتانی ناوچەكە و بە تايبەت ناردنی مێگەلانی پاسدار بۆ كوشتاری خەڵكی سوريا و عێراق چيە؟ رەنگە بە نياز بيت مەنشوورێكی هاووڵاتيبوونيش بۆ گەلانی عێراق و سوريا و يەمەن و لوبنان و ...تاد رابگەيەنێت كە خاڵی يەكەمی پێڕەوكردنی وەلی فەقيهی رژێمەكەتان بێت!؟
ئێستا هەر تاكێكی بەشەڕەف و دادگەر لە جيهان باش دەزانێت كە لە ئێرانەی ئێستادا، مافی هاووڵاتيبوون لە سيما و ژيانی هەر هاووڵاتييەكی ئێرانی دا بەدی دەكرێت. لە سيمای ژنان و منداڵان تا سيمای زيندانيان. لە دۆخی دڵتەزێنی كرێكاران و زەحمەتكێشان تا كەمايەتيە ئايينی و نەتەوەييەكان و تا ئێرانيانی تاڕاوگە كە بە هۆی نەبوونی ئازادی بە ناچاری روويان كردووەتە هەندەران.
لە وڵاتێكدا كە مافی هاووڵاتيبوون بنەما و ژێرخانی كۆمەڵ بێت، ”ئازادی” لە سەرووی مافەكانی هاووڵاتياندايە. بەڵام لە ئێران رەوشەكە بە جۆرێكيترە؟
كۆڵەكەی ئەم رژێمە، ئەسڵی ويلايەتی فەقيهيە كە رەوایەتی  خۆی بە خوا و پێغەمبەرانەوە دەبەستێتەوە و نەك دەنگ و خواستی گەل!
هەڕەشەكردنی و گرتن و ئەشكەنجەدان و لە سێدارەدان و تيرۆر، ئامێر و زامنی لەسەر پێ مانەوەی ئەم رژێمەيە و لە چاو ئاپۆرەی ئێران، ئەم رژێمە خاوەنی ريكۆردی جيهانيە لە بواری ئيعدامکردن و لە سێدارەدان.
هەڵبژاردنەكان لە ئێران بێ ئيعتيبارە و كارێكی نومايشكردنە و هيچ پێوەندييەكی بە خەڵكی ئێرانەوە نيە. هەموو پاڵێوراوانی هەڵبژاردنەكان كەسانی سەر بە باڵ و بۆندەكانی دەسەڵاتن.
ئەو رژێمەی بەسەر ئێراندا حوكم دەكات بێ سڵ كردنەوە خەڵک ئەشكەنجە و لە سێدارە دەدات. سەرباری ئەوەی تا ئێستا 63 جار لە كۆڕ و كۆمەڵە نێودەوڵەتيەكان بە هوی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤەوە سەركۆنە كراوە.
كاربەدەستانی رژێمی ئێران لە دەرەوەی سنوورەكانی ئێرانيش كاری تيرۆر و كوشتار دەكەن و نايشارنەوە كە وڵاتانيتر و بە تايبەت سوريا بە قووڵايی ستراتيژيی خۆيان دەزانن!
لە ئێران ژنان پارێزراو نين و زۆر جار لە لايەن پياوانی حكومەتەوە بە پڕژاندنی تيزاب بە دەم و چاوياندا پەلامار دراون و ژمارێكی زۆر لە هاووڵاتيانيش بە هۆی هەژاری و نەداری لە سەر شەقامەكان و ژێر پردەكان لە ناو كارتۆن دا ئەنوون ياخود پەنا دەبەنە بەر ئەو گۆرانەی بۆ مردوو ئامادە كراون و لە گۆڕەكاندا ئەژین.
لە ئێران خەڵك بە هۆی نەدارييەوە مناڵەكان ياخود ئەندام جەستەی خۆيان دەفرۆشن و بەشێكی زۆر لە ئاپۆرەی خەڵكی ئێران لە سەر دەستی خەڵكانی سەر بە حكومەت كەوتوونەتە داوی ئيعتياد و مەوادی هۆشبەری ماڵوێرانكەر.
لە ئێران ژمارێكی زۆر زيندانيی سياسی هەن كە هەندێكيان تەنها بە هۆی بڵاوكردنەوەی راگەياندراوێك يا تەنانەت پێوەندييەكی تەلەفونی لەگەڵ خزم و كەس و كاريان لە دەرەوەی وڵات گيراون و ئێستا بڕياری لە سێدارەدانيان بۆ دەرچووە.
لە ناوخۆی ئێران تەنانەت يەك رێكخراوی سياسی ياخود رێكخراوێكی مەدەنيی سەربەخۆ رێگە پێدراو نيە. هەربۆيە لە ناو ئێران بوونيان نيە. هەر رەخنەگرتنێك لە حكومەت، رەخنەگر بەرەورووی ئەشكەنجە و لە سێدارەدان دەكاتەوە.
و... تاد
روحانی لە مەنشووری مافەكانی هاووڵاتيبوون دا زياتر لە (50)جار نووسيويەتی كە ئەم مافانە دەبێ رێك بێت لەگەڵ ياسای بنەڕەوتە (واتا دەستور)دا! بۆ نموونە لە خاڵی 282ی ياسای سزادانی بە ناو ئيسلامی، تايبەت بە سزادانی موحارب (واتا كەسێك كە دژايەتی خوا دەكات) باس لەوە كراوە كە دەبێ لە خاچ بدرێت يا دەستی راست و قاچی چەپی بقرتێندرێت. لە مانگی حوزێرانی 2007، مەجليسی ئاخوندان ياسايەكيان پەسند كرد كە هەر كەسێك تەنانەت نوسراوێك دژ بە حكومەت بڵاو بكاتەوە بە ”موحارب” دادەنرێت. ئەوە نموونەيەكە لە مەنشوورەكەی روحانی!
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی مەلاكاندا، سزای كەسی موحارب، لەسێدارەدانە. روحانيش كە لە سەردەمی سەرۆكايەتيەكەيدا. رێژەی لەسێدارەدان لە چاو (30) ساڵی رابردوو زيادی كردووە بە راشكاوی وتويەتی كە لە سێدارەدانەكان ”يا فەرمانی خواييە يا بڕيار بە پێی ياسا”.
لە حاڵی حازردا رژێمێك بە سەر ئێرانەوە حوكم دەكات كە خەڵكی لە مافە رەواكانی بێ بەش كردووە و رۆژ نيە خەڵك سەركوت و كوشتار نەكات و داراييەكانيان بە تاڵان نەبات. لە دۆخێكی ئاوها دا، ئازارەكانی گەل باشترين بەڵگەی راستيە هەنووكەييەكانی ئێرانن و پێمان دەڵێت كە هيچ هەڵبژاردنێك لەم ئێرانەدا برينەكانی گەل ساڕێژ ناكات و هەر كەس بكەوێتە سەر كورسی هيچ لە رەوشەكە ناگۆڕدرێت.
ئەوەيە ئازارەكانی گەل كە گوزارشت لە دواكارييەكانی دەكات بۆ رووخاندی رژێمی ويلايەتی فەقيهی دەسەڵاتدار.
@m_abdorrahman
(*)نووسەر و لێكۆڵەری سياسی

نوێترین نوسینەکانی عەبدولڕەحمان مەهابادی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌