لەبەرچی رژێمی ئێران لە راستيەكان دەترسێت؟!

وتار/ 01/01/2017 542 جار بینراوە

عەبدولڕەحمان مەهابادی

لەبەرچی رژێمی ئێران لە راستيەكان دەترسێت؟!
عەبدولڕەحمان مەهابادی(*)


لەم دواييانەدا رژێمی ئێران دەستی بە خولێكی نوێی كاری راگەياندن كردووە بەرانبەر بە ئۆپۆزيسيۆن چ لە ناو ئێران و چ لە دەرەوەی سنوورەكان. ئەگەرچی ئەم بابەتە نموونەی هاوشێوەی زۆر بووە لە ساڵانی رابردوو بەڵام هەنگاوەكانی ئەم دواييانەی رژێم، واتای تايبەتی خۆی هەيە كە ئەويش کاردانەوەی گۆڕانكارييەی ئەمدواييانە ياخود ئەوانەن کە روودانیان نزيك بووەەتەوە.

لەمدواييانەدا وەزارەتی ئيتڵاعاتی ئێران بە رێگەی هەندێك لە دەست و پێوەندەكانيەوە، چەند فيلمی سينەمايی درووست كردووە لەسەر موجاهيدينی خەلق. لەوانە: رووداوەكانی نيوەڕۆ، دوايين رۆژەكانی هاوين، تاسەمەندی و جێهێڵراو. چەند مانگ پێشتريش فيلمی وەك سيانۆر، هەناسە و ئيمكانی مينا و... درووست كرابوو. ساڵانی پێشتريش چەندين فيليمی لەمجۆرە لە لايەن حكومەتی ئێرانەوە درووست كرابوو و لەوانە: چەمەدان، نفوزی و ....

لەبەر ئەوەی ميدياكانی سەر بە حكومەت لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران زۆر لەوە سوكتر و بێ ئابڕوترن كە كەس باوەڕيان پێ بكات، رژێم هەوڵی ئەوەی داوە بە رێگەی دزەكرن بۆ ناو ميدياكانيترەوە، مەبەستەكانی خۆی پێ و شوێن بگرێت و بەڵگەی ساختە و هەواڵی درۆ بەرانبەر بە ئۆپۆزيسيۆن بڵاو بكاتەوە تا بەر بە گەشەسەندنی ئۆپۆزيسيۆنی سەراسەری بگرێت.

لەگەڵ ئەوانەشدا. وەزارەتی ئيتڵاعاتی رژێمی ئێران بە رێگەی باڵيۆزخانە و كونسولخانەكانيەوە. لەم دواييانەدا هەندێك لە ميدياكانی بانگهێشت كردووە بچن بۆ ئێران تا بيانكات بە خۆراكی دەزگاكانی راگەياندنی خۆی. هەروەها سەردانی هەندێك لە ميديا بيانيه‌كان و لەوانە هەندێك ميديای عێراقی كردووە و تايبەت بەو شتانەی دەربارەی ئێران بڵاويان كردووەتەوە هەڕەشەی لێكردون. بەڵام بەرپرسانی ئەم ميديايانە بە گشتی ئەم داخوازييەی رژێميان رەت كردووەتەوە ياخود ئامادە نەبوون پێشوازی لە ئەندامانی كۆنسوخانە و باڵيۆزخانەكانی ئێران بكەن.

ئەوانەی سەرەوە لە لايەك و لە لايەكيترەوە ئەو تاوانانەی کاربەدەستانی رژێم کە لە رەوتی باڵ باڵێنی ناو دەسەڵات بۆ خەڵک ئاشكرا بووە و ئەمەيش خۆی لە خۆیدا کاردانەوەی گەشەسەندنەکانی ئۆپۆزيسيۆنە، حكومەتی ناچار کردووە پەنا بباتە بە هەنگاوگەلی لەمجۆرە. لەم دواييانەدا و جيا لە بڵاوبوونەۆەی ئەو فايلە دەنگيەی بەڕێز (حسێنعەلی مونتەزيری) لەمەڕ قەتڵوعامكردنی زياتر لە 30 هەزار زيندانيی سياسی لە ساڵی 1988، (مەهدی خەزعەلی)، كوڕی مەلا خەزعەلی كە خۆی پێشتر يەكێك بووە لە بەرپرسانی ناسراوی ئەو حكومەتە، پەردەی لەسەر هەندێك لە تاوانەكانی بەرپرسانی ئەم رژێمە بە تايبەت لەمەر بێ سەر و شوێن كردن و كوشتاری نەيارانی حكومەت لە ناو ئێران ياخود قەتڵوعامكردنی زيندانيانی سياسی لەناوخۆی وڵات لادا.

كۆی ئەم رووداوانە، هەندێك پرسيار لە مێشكدا درووست دەكات. لەبەرچی رژێم هەنگاوی لەمجۆرە دەنێت؟ ئايا لەم بارودۆخە هەنووكەييدا ئەم هەنگاوانە برينەكانی ئەم رژێمە سارێژ دەكات؟ تاکی ئێرانی و مرۆڤی بە ئينساف و ميديای رەسەن لەم پێوەندييەدا چ ئەركێكدا لە ئەستۆيە؟ و ...هتد.

سەرەتايی‌‌ترين و گرينگترين مەسجی ئەمكارانەی رژێم گوزارشت لە دواقۆناغی ئەم رژێمە دەکات کە تا چەند لاواز و ناسكە. ئەم رژێمە لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قەيرانەكاندا هەموو توێش و توانای خۆی بە كار هێناوە و فارس وتەنی، كەوگير لە بنی مەنجەڵی داوە. واتا هێزی بەرەنگاربوونەوەی ئەم رژێمە بەرانبەر بە خەڵك و ئۆپۆزيسيون كۆتايی پێهاتووە و ئەم كارانەيش كە دەيكات تەنها بۆ دواخستنی كۆتايی رژێمەكەيەتی.

لە راستیدا ئەم دۆخەی ئێستای رژێم هاوشێوەی دوادۆخی كۆتايی رژێمە ديكتاتۆرەكانە لە جيهاندا. بە تايبەت لە دوايين مانگەكانی كۆتايی حكومەتی حەمەڕەزاشای پەهلەوی دەچێت. جياوازييەكەيشی لەوەدایە كە ئەمجارە بەرانبەر بە رژێم ئۆپۆزيسيۆكی ئامادە و رێكخراو هەيە كە ئەركی گۆڕينی ئەم حكومەتە و دياريكردنی جێگرەوەی رژێمێكی ديموكراتی لە ئەستۆيە كە ئەنجوومەنی نيشتمانيی بەرهەڵستكاری نوێنەرايەتی دەكات.

ئێستا بە چاوخشانێك بەسەر كارنامەی 38 ساڵی رابردووی ئەم رژێمە لەهەمبەر شەڕی هەشت ساڵان، پرۆژەی ئەتۆم، دەست خستنه ناو كاروباری وڵاتان و بە تايبەت سوريا و عێراق، پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و له سێدارەدان و گەندەڵی و بە تاڵانبردنی سەروەت و سامانی نيشتمان و... بە باشی شوێن پەنجەی ئەم موقاومەتەمان بۆ دەردەكەوێت كە چۆن وەك ياريزانی سەرەكی توانيويەتی ئەم رژێمە بەرەو لێكترازان بەرێت.

هەر بۆيە ئەم رژێمە هەموو هێز و توانای خۆی خستۆتە گەڕ بۆ شێواندنی سيمای راستەقينەی ئەم موقاومەتە بە گشتی و رێكخراوی موجاهيدينی خەلق بە تايبەتی و ويستويەتی بە بێژنگ بەر بە راستييەكانی كۆمەڵی ئێران و ريسواييەكانی رژێم بگرێت.

لە سەرەتای ئەم قۆناغی نوێیەدا، رژێمی ئێران خۆی بەر لە هەمووان هەست بە زەنگی خەتەر دەکات. قۆناغێك كە دەرچوونی سەركەوتووانەی موجاهيدين لە عێراق و پەرەسەندنی ناڕەزايەتيە جەماوەرييەكان لە ناوخۆی وڵات، كارتە ئاڵتوونيەكانيەتی لە هەر دوو ديوی سنوورەكاندا و بەرەو ئەوە دەچن كە ئەركەكانی خۆیان بە جێ بگەيەنن.

@m_abdorrahman

نوێترین نوسینەکانی عەبدولڕەحمان مەهابادی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌