دااعش يا داعش، كاميان؟

وتار/ 12/12/2016 740 جار بینراوە

عەبدولڕەحمان مەهابادی

دااعش يا داعش، كاميان؟
عەبدولڕەحمان مەهابادی(*)


بۆ ئەوانەی وردە شارەزاييەكيان هەبێت لەسەر مێژووی پەنجا ساڵەی ئێران ”داعش” لە رووی هزر و تاوانەكانی دياردەيەكی نوێ نيە و لە راستيدا درێژە يا بە واتايەكيتر، لەدايكبووی دياردەيەكيترە کە لە ساڵی 1979 لە ئێران سەری هەڵدا.

خەبات و تێكۆشانی خەڵكی ئێران بەرانبەر بە بنەماڵەی پەهلەوی بە تێپەڕبوون بە ناو گەلێك هەوراز و نشێودا، لە سەرەتای ساڵی 1979 بەری خۆی دا و كۆتايی هێنا بە رژێمی حەمەڕەزاشای پەهلەوی. بەڵام بە هۆی كەم و كورييەكان بە گشتی و لە پێوەند لەگەڵ سەركردايەتی شۆرش و رێكخراوە پێشەنگەكان بە تايبەتی لە لايەك و هەلپەرستبوونی لايەنی مەزهەبی بە سەركردايەتيی خومەينی لە لايەكيترەوە، ئەم شۆڕشە نەكرا بەرەو تەواوبوون بچێت. كەوايە سەر لە نوێ ديكتاتۆرييەكی خراپتر لە جۆری ئايينی دەسەڵاتی گرتە دەست لە ئێران. کو ئەگەر ئەم شۆڕشە بەرەو تەواوبوون چووبا و ئامانجی سەرەكی واتا ”دەسەڵاتی گەل”ی مسۆگەر كردبا، بێگومان بە هۆی پێگەی مێژوويی و ستراتیژییانەی ئێران لە ناوچەكە، ئاسۆيەكيتر بەرەوڕووی وڵاتانی ناوچەكە دەکرایەوە كە دەيتوانی زۆر جياواز بێت لەوەی ئێستا. بەڵام هەر بەو هۆيە، واتا هاتنە سەر كاری ديكتاتۆرييەتی مەزهەبی لە ئێران، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە شوێنی تەراتێن كردن بۆ توندڕۆيی ئيسلامی و كۆمەڵگای جهانی خستۆتە کەوتە مەترسییەوە.

لە ساڵانی كۆتايی حكومەتی حەمەڕەزاشای پەهلەوی، رێبەرانی رێكخراوە شۆڕشگێڕەكانی دژ بە شا واتا رێكخراوی موجاهيدينی خەلق و رێكخراوی چريكە فيداييەكانی خەلق لە ناو زينداندا بوون. هاوكات خومەينی بە قۆستنەوەی هەستی ئايينی خەڵك، شۆڕش و سەرجەم دەستكەوتەكانی خەباتی جەماوەری خەڵكی ئێرانی بە تاڵان برد و بێ سێ دوو كردن دەستی كرد بە داپڵۆسين و كوشتاری پارت و لايەنە سياسيەكان و توانست و پوتانسيەلی كۆمەڵگای خستە خزمەت فرەخوازی و دەسەڵاتخوازيی خۆيەوە. کە دەکرا ئەو هێز و وزە بە توانايە ببێتە سەرمەشقێك بۆ وڵاتانی ناوچەكە بەرەو چەسپاندنی ديموكراتييەت و ئاشتەوايی.

خومەينی هەرگيز نوێنەرايەتی خەڵك و داخوازييەكانی نەدەكرد. تەنانەت لەسەر پێشێلكردنی مافەكانی ژنان و كەمايەتييەكان خاڵی هاوبەشی زۆری هەبوو لەگەڵ حکومەتی حەمەڕەزاشادا. هەربۆيە هەرگيز ”فەتوای جيهاد”ی بەرانبەر بە حكومەتی شا دەرنەكرد. بەڵام كە بووە خاوەن دەسەڵات، دەستبەجێ فەتواگەلێكی دەركرد بەرانبەر بە خەڵك و خەباتكارانی ئێرانی و بووە سەرەتايەك بۆ ئەنجامدانی تاوانەكانی لە سەراسەری ناوچەكە.

خومەينی بەر لە سەركەوتنی شۆڕشی گەل لە ساڵی 1979، زۆرێك وادە و بەڵێنی خۆش و شيرينی دا بە خەڵكی ئێران. بەڵام هەر هەموويان تەنها بۆ لە خشتەبردنی خەڵك بوو. دەيوت دوای گەڕانەوەم بۆ ئێران دەست ناخەمە ناو كاروباری حكومەت. بەڵام هەر خۆی بوو كە بە رەسمی و به ئاشكرا تاكە كانديدی خەڵك و پارت و لايەنە ديموكراتييەكان لە يەكەم خولی هەڵبژاردنی سەرۆكايەتی كۆمار، واتا بەڕێز مەسعود رەجەوی، كە لە لايەن زۆرينەی هەرە زۆری خەڵكی ئێران و لەوانە گەلی كورد پشتيوانی لێ دەكرا، لە هەڵبژاردنەكان دوور خستەوە و رێگريی لێكرد.

خومەينی لە يەكەم مانگەكانی دوای سەركەوتنی شۆڕشی 1979 دوو ”فەتوا”ی دەركرد. يەكەميان بەرانبەر بە رێكخراوی موجاهيدين و ئەويتر بەرانبەر بە خەڵكی كوردستان. هەر بەو پێيە بوو كە دەستبەجێ هێز و لايەنگرانی موجاهيدين لە سەراسەری ئێران و كورد لە كوردستان بوونە ئامانجی گڵاوی كوشتاری دڕندانەی هێزەكانی حكومەت كە ئەم هێرش و كوشتاركردنانە تا ئەمڕۆ بەردەوامە..

خومەينی هەر لە سەرەتاوە ويستی بە هەڵگيرسانی شەڕێكی ماڵوێرانكەر بەرانبەر بە عێراق و دواتريش بەرەو سوريا، بە پێكهێنانی دەوڵەتی ئيسلامی ئێران و عێراق و شام (دااعش)، خەونی ئيمپراتۆرييەتی ئيسلامی بهێنێتە دی.

بەڵام ئەم خەونە بۆ خومەينی و پاشماوەكانی نەهاتە دی. هۆی سەرەكيش ئەوە بوو كە نەيتوانی بە هۆی هەبوونی رێكخراوێكی شۆڕشگێری دژ بە توندڕۆيی و بناژويخوازی وەک موجاهيدينی خەلق لە ئێران رژێمەكەی جێگير بكات. چون ئەم رێكخراوە بە پشت بەستن بە خۆی و گەلەكەی، خاوەن پێگەی جەماوەری خۆيەتی لە ناو ئێران و لە رەوتی گۆڕانكارييەكان و هەروەها خەبات و تێكۆشان بەرانبەر بە دوو ديكتاتۆری، راهاتووە و خاوەن ئەزموونە. ئەمەش راستييەكی حاشاهەڵنەگرە كە كاربەدەستانی رژێم خۆيان زۆر جار دانيان پێدا ناوە و بەردەوام موجاهيدينيان بە مەترسی سەرەكی بۆ سەر رژێمەكەيان لە قەڵەم داوە.

كەوايە دااعش و داعش، نەك دوو لايەنی دژ بە يەك، بەڵكو يەكەميان بانكەوانی ئەويتر و دووەميان لەدايكبووی ئەويترە. گەر سەيری هزر و ئەندێشە و تاكتيك و ميكانيزمی كاركردنيان و دڕندايەتی لە ئەنجامدانی تاوانەكانياندا و هەروەها پێوەنديی ئەم دوو رەوتە لەگەڵ یەکتر بكەين بە باشی ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت. ئێستا پاش تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر هاتنە ئاڕای داعش، بۆ هەمووان دەركەوتووە كە ”داعش” لەدايكبووی ”دااعش”ە كە هەڵبەت سياسەت و ستراتيژيی هەڵەی رۆژئاوا لە پێوەند لەگەڵ رووداوەكانی ناوچەكە يارمەتيدەر بووە بۆ سەر هەڵدانی ئەم دياردەيە.
@m_abdorrahman
(*)چالاکوانی سیاسی

نوێترین نوسینەکانی عەبدولڕەحمان مەهابادی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌