لەمەڕ فتواکەی لیژنەی فتوای یەکیەتی زانایان و دین و ئەخلاق
وتار/
14/12/2019
679 جار بینراوە
ئهبوبهكر كاروانی
لەمەڕ فتواکەی لیژنەی فتوای یەکیەتی زانایان و دین و ئەخلاق
فتواکەی لیژنەی فتوای یەکێتی زانایان دەربارەی ئافرەت و بەکارهێنانی تەکسی کاردانەوەی جۆراو جۆری لێ کەوتەوە. ئێمەش لای خۆمانەوە حەزدەکەین ئەم چەند سەرنجە دەربارەی فتواکەو کێشەکانی و پەیوەندی بەدین و ئەخلاقی خەڵکەوە بخەینەڕوو:
١ ) فتوا لەم جۆرە شتانەدا تاکە کەسیەو ناگشتێنرێ، هەرکاتێ گشتێنرا تێکەڵ بەسیاسەت و ململانێی سیاسی دەبێت.
٢ ) فتواکە لەچەند ڕوویەکەوە کێشەی هەیە لەوانەش:
ا /تۆمەتبارکرنی هەزاران پیاوی شۆفێری تەکسی بەهۆی هەڵەی چەند کەسێکەوە.کەکارێکی ناڕاستە.
ب / ڕووکردنە قوربانی لەبری تاوانبارو سەرچاوەی کێشەکە!.سەرچاوەی کێشەکە بەو ئەندازەی هەبێت ،هەندێ سایەق تەکسیە ،بۆیە دەبێت زمانی زانایانی ئاین لەوان وحکومەت بێت ولەڕێی کەم کردنەوەی کێشەکان لای ئەوانەوە هەوڵی چارەسەرکردنی بدرێت. بۆنموونە مەرج دابنرێ بۆ شۆفێری تەکسی، چوونە ناو خولی پێشوەختەو دانانی سیستمی چاودێری و..هتد نەك بەهۆی کێشەیەکی جوزئیەوە حوکمێکی کوللی بدرێت.
ج/ فتواکە ڵەگەڵ واقیعی ژیانی ئەم سەردەمەو ڕۆڵی ئێستای ژنی موسوڵماندا ناگونجێ، کەلەدەرەوەیەو کاردەکات و بەمە ئیحراجیی بۆ دروست دەبێ و لاوازیش دەردەخرێت.
د/ ئەگەر فتواکە لە دەرگای کەم کردنەوەی خراپەوە بووە، ئەوا باسی خراپەی ئەخلاقی لەم سەردەمەدا زۆر لەم شتانە قوڵترە.دروستکردنی گومان وشت کردن بەقەزیەو گەورەکردنیشی بەوجۆرەی فتواکە کردویەتی،بەدگومانی و بێ متمانەیی زیاد دەکات و کۆمەڵگەش بەرەو هەڵوەشانەوەی زۆرتر دەبات.چونکە متمانە بەردی بناغەی ژیانی کۆمەڵایەتیە،گەر مرۆڤ و لەوانەش ئافرەت گومانی زۆر لەدەوروبەری کۆمەڵایەتی خۆی بکات و وابزانێ بنەڕەت لەکۆمەڵگەدا بۆتە خراپەکاری و ئیستغلال ،بەربەستی ئەخلاقیان لاواز دەبێت و لەخودی خۆیدا دەچێتەوە خزمەتی خراپەکاری.ئەمە جیایە لە پێویستی هوشیاربوون و دوورکەوتنەوە لە متمانە بەهەموو کەس کردن و ساویلکەیی.
ه/ لەڕووی پەروەردەیشەوە فتواکە کێشەی هەیە،چونکە بەگوێرەی تێگەیشتنێکی بەرتەسك بۆ ڕێسای( درءالمفاسد اولى من جلب المصا لح ) وخۆکەناردان وکشانەوە لەژیان بنیات نراوە و ڕوانگەیەکی ئیسڵاحی کۆمەڵایەتیشی نیە. کەدەخوازێت مرۆڤ لەسەر متمانە بەخۆبون و هەست بەهێز و کەرامەت و ڕێسای(المؤمن القوي خير واحب الى الله من المؤمن الضعيف) دابڕێژرێت وئازاو ئازاد بێت و بخرێته ناو جەرگەی ژیان و لەوێوە ڕوبەڕووی لەڕێ لادان وخراپە ببێتەوە. ئافرەتی موسوڵمانی سەردەمیش دەبێت بەگوێرەی ئەم ڕوحیەتە بەهێزە پەروەردە بکرێت نەك وەك کائینێکی لاوازی بێ دەسەڵات وێنا بکرێت.
٣ )پێمان وایە ئەم مەسەلەیە بابەتی فتوانیەو دەچێتە چوارچێوەی ڕێنوێنی ئەخلاقیەوە.
٤) گرنگە بزانین هەر لەبنەڕەتەوە فتواو دین یەك شت نین، ئەوەی دینە بۆهەموو باوەڕداران پابەندکەرە، هەرچی فتوایە کارپێکردنی وەستاوەتە سەر باوەڕپێبوون و قەناعەتتی شەخسی باوەڕداران.
٥ )ڕاست نیە ئە م مسەلە بۆلێدانی پێگەی زانایانی بەڕێزی ئاینی لەکوردستان بەکاربێت و زیاد لەپێویست گەورە بکرێت و بخرێتە چوارچێوەی ململانێی سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە. بۆئەوەی ئەمەش ڕوونەدا گرنگە زانایانی بەڕێزی ئاینی و هێزو ناوەندە ئیسلامیەکانی کۆمەڵگە خۆیان ڕەخنە لەفتواکە بگرن و داوای پێداچوونەوە و ڕاستکردنەوەی هەڵەیەك بکەن کە دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ کەم کردنەوەی هەیبەت وکەسێتی مەعنەوی دین و زانای ئاینی و دروستکردنی وێنایەکی دابڕاو لە ژیانی سەردەم بۆیان.
نوێترین نوسینەکانی ئهبوبهكر كاروانی
-
ئهبوبهكر كاروانی
16/08/2021
-
ئهبوبهكر كاروانی
10/07/2021
-
ئهبوبهكر كاروانی
30/04/2021
-
ئهبوبهكر كاروانی
14/03/2021
-
ئهبوبهكر كاروانی
20/06/2020
-
ئهبوبهكر كاروانی
03/05/2020