داڕووخانی بەشێ لەگوتاری ئاینی لەکوردستاندا

وتار/ 16/08/2019 681 جار بینراوە

ئه‌بوبه‌كر كاروانی

داڕووخانی بەشێ لەگوتاری ئاینی لەکوردستاندا

هێرشی توند و بەزمانێکی یەکجار نزمی مامۆستایەکی ئاینی بۆسەرمامۆستایەکی ترو خانمێکی گۆرانیبێژ ، کەتەنها نمونەیەکە لەوەی لەبەشێ لەناوەندە ئاینیەکەدا و بەتایبەتیش ئەوبەشەی کاریگەرە بە سەلەفیەت ڕوودەدات ، ئاماژەیە بەئەوداڕووخاوی و قەیرانە قوڵەی بەشێ لەم گوتارە بەدەستیەوە دەناڵێنێ . ناوەڕۆکی ئەم گوتارە ، بەڕوونی کاریگەری ڕەوتێکی بیابانگەرایی عەرەبی لەتێگەیشتنی ئیسلامی پێوە دیارە ، هەربۆیە زمانی دەربڕین و گەیاندنیشی ڕەنگدانەوەی ڕووە دواکەوتوو خراپەکەی خێڵەو ڕەچاوی سەرەتا دینی و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیەکان ناکات . ئەوەش دەیسەلمێنێت ، کەگوتارەکە گەرچی بەناوی دینەوە پێشکەش دەکرێت ، لەجەوهەردا نادینی یە لەبەرئەوەی لەدوورو نزیکەوە پەیوەندی بەو شێوازانەوە نیە قورئان بۆبانگەشەکردنی خەڵکانی ناموسوڵمان دەستنیشانی کردوەو دانی پێدا ناون ، کەلە(الحکمة ، الموعظة الحسنة وجدال بالتي هي احسن) دا بەرجەستە دەبن ، چجای دواندنی موسڵمانێ با تۆ بەگوناهباریشی بزانی . ئەم گوتارە جگە لەنامۆبوونی بە چەندان دەقی دینی ، بەتەواوەتیش لەوگوتارە ئیسلامیە کوردییە خۆماڵیە نامۆیە ، کە لەمێژوودا دەربڕی کارلێکی کورد لەگەڵ ئیسلام ئەو میانەڕەوی و لێبوردەییە ئایینی و کۆمەڵایەتیە جوانەیە لێی کەوتۆتەوە ، کەمامۆستا فاتیح شارستێنی_ لەگەڵ ئەوەی لەگەڵ هەموو ئەوشتانەدانین دەیانڵێت_یەکێ لەو خەتیب وبانگخوازانەیە سەربەم قوتابخانە دیندارییە کوردەواریە جوانەیە و بۆن وبەرامەی ئەوی لێ دێت و شایستەی ڕێزگرتنە و هێرشکردنە سەری بەو جۆرە تاوانێکی دینی و یاسایی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیە . ئەم گوتارە بەو ئەندازەی دژبە کۆمەڵگەو هەموو ئەوکەس وناوەندانەیە بەئامانجیان دەگرێت ، دژبەخودی دین و بانگەشە ئیسلامیەکەشە لەکۆمەڵدا ، چونکە دەچێتە خزمەت زیاتر بەدبینکردنی بەشێ لەنەوەی نوێ بەرامبەر بەئاین و بیانووش بەدەست هەندێ کەسەوە دەدات ، بۆ پەلاماردانی ئیسلام و کۆی ئەوچالاکی و هەوڵانەش بەناوی بوژانەوەی بەهائیسلامیەکانەوە دەیانەوێت خزمەت بەڕووە ئیسلامی و ڕووحی و ئەخلاقیەکەی کۆمەڵگەبکەن . لەڕوویەکی ترەوە جگەلەوەی سیمایەکی دژە ئازادی ، وەك مەعروفێکی سەردەم بەگوتاری بانگخوازی و دینی دەبەخشێت ، لەجیاتی ئەوەی ڕووبەڕووی داڕووخانی بەشێ لە زمانی سۆشیال میدییاش ببێتەوە ، کەداڕووخاویی سیاسەت لەقۆناغی ڕابردوودا خوڵقاندویەتی ، هەمان شێواز بەناوی ئاینەوە دووبارە دەکاتەوە !! کە ئەوەش تاوانەکەی چەند قاتە ، چونکە خراپەیەکە لەژێر بەرگی پیرۆزیدا ئەنجام دەدرێت ، جۆرێ لەڕەوایەتی پێدانی ئاینیش بەو زمانە نەشیاوەی سۆشیال میدیا کە ئاماژەمان پێکرد دەبەخشێت ! لەکاتێکدا ئاین دەبێت وەك سەرچاوەیەکی ئیدانە کردن و ئیسڵاحیی هەمییشەیی کردەو شێوازە نائەخلاقیەکان بمێنێتەوە . ئێمە لەسەردەمێکدا دەژین پڕە لە ڕق و خۆپەرستی و شەڕو نائومێدی ، ڕۆڵی ئاین بانگەشە بۆشەڕو زبری و کینەو هەست بریندارکردن و سەپاندنی فۆڕمێ لەژیانی کۆمەڵایەتی مێژوویی نیە ، کەلەمێژووشدا پانتاییەکی مێژوویی کەمی بەردەکەوێت . وەزیفەی ئاین شەکەتی دەرکردنی مرۆڤی ماندووی سەردەم و بەخشینەوەی ڕێزو سۆزو خۆشەویستی و گیانی فرەیی یە ، کەمکردنەوەیە لەگرژی و کێشەکان ، نیشاندانی ئاسۆی لێخۆشبوونی بێ سنوری خواییە بۆگوناهکاران . نەك لەمیانەی ڕەفتارێکەوە کەتۆ بەگوناهی دەزانی یاخود هەر لەبنەڕەتدا گوناهە ،حوکم بەسەرئاین و کۆی کەسێتی و دنیاو قیامەتی مرۆڤێکدا بدەی !! وەك ئەو مامۆسایە بەرامبەر ئەو خانمەو تەنانەت مامۆستا فاتیحی بانگخوازدا کردوویەتی . لەگەڵ ئەوەشدا کەداوای لێبوردنی مامۆستاکەو پەشیمان بوونەوەی لەهەندێ دەستەواژە ی و داننانی بەنەشیاو بوونیان لەڕووی شەرعی و کۆمەڵایەتیەوە شتێکی باشە وەدەکرێت خاوەن مافەکان لەو کەیسەدا قبووڵی بکەن ، مەسەلەکە بەمە کۆتایی نایەت و ناشبێت کۆتایی بێت . چونکە کێشەکە ڕووداوێکی دابڕاوو تێپەڕنیە ، بەڵکوئاماژەیە بەکێشەیەکی گەورەترو ڕێبازێکە لەتێگەیشتن لە دین و شێوازێکە بۆ تێگەیشتنی ئیسلام و گەیاند ن و پیادەکردنی و چەندان مامۆستاو خەڵکی جۆراو جۆر لە پشتیەوەتی و بۆ بەدبەختیش لەساڵانی ڕابردوودا دەسەڵاتیش پشتیوانی کردووە !! هەندێ ڕێوشوێنی ڕواڵەتی بەرامبەر هەندێکیشان بووە بە میکانیزمێ بۆ بە ئەستێرە بوونیان و کردنیان بەپاڵەوانی شاشەو سۆشیال میدیا ، کەفیتنەیەکی ڕاستەقینەو سەرچاوەو هۆکارێکی سەردەمیانەی لەڕێ لادان و شێواندنی بەشێ لەگوتاری بانگخوازی یە . وەناتوانین دڵنیابین لەوەی بەشێ نەبێت لەهەمان پشتیوانی پێشوو بەجۆرێکی تر . بەگشتیش لەبەرئەوەی هەر وەك وتمان ئەمە قوتابخانەیە ، ڕەوت و دیاردەیە ، وەلەهەمان کاتدا مەترسیە بۆ سەر ڕۆحی ئیسلام و دینداریی کوردەواری و ئاشتی کۆمەڵایەتی و سەرهەڵدانی توندوتیژی لەداهاتوودا ، پێویستە ببێتە جێگەی بایەخ و قسە لەسەرکردنی ناوەندە ئیسلامی و زانایی و فیکرییەکەی کوردستان . چونکە بەجێهێشتنی بێ ڕەخنە لێگرتن و لەسەروەستان و ڕاوەستاندنی فیکریی و زانستی ، مەترسیەکانی چەندقات دەکاتەوەو چارەسەرەکانیش قورستر دەبن . ماوەتەوە بڵێین لێپرسراوێتی بەشێ لەوەی لەم ڕوەوە ڕوودەدات ڕوودەکاتە ئیسلامیەکان و بەتایبەتیش یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کەلەڕابردوودا ڕۆڵی بەرچاوی لەپاشەکشەکردن بەوگوتارە هەبووە ، لەوسۆنگەوەکە بەهۆی درێژەدانیان بەشێوازێکی چەقبەستوو لەکارکرندا ، وەبەکارهێنانی بانگەوازو بانگخوازان و ئیستهلاککردنیان وەك ئامراز بۆ سیاسەتێکی شکستخواردوو ، وەبەپاشکۆ مانەوەی بانگەواز بۆکاری حیزبی و سیاسی و سەربەخۆنەکردن و ئەولەویەت پێنەدانی ، وەڕانەماڵینی پاشماوەکانی هەندێ ڕوواڵەتی سەلەفیەت لەناو خۆیانداو درێژەدان بە پێشکەشکردنی بانگەوازو بابەتی ڕوحی لەبەرگی حیزبدا و نوێ نەکردنەوەی زمان و شێوازو میکانیزمەکان ، کەمرۆڤ و کۆمەڵگەی کوردستان تێی پەڕاندووەو کاریگەری بۆنزمترین ئاستی خۆی دابەزیوە ، بۆشاییەکی ڕاستەقینەیان دروست کردووە ، بەشێکی بەرچاوی بۆشاییەکەش لەلایەن کۆمەڵێ بانگخوازو پڕکراوەتەوە ، کەهەڵگری گوتارێکی دینی وشك و توندن . لەڕووی فکریشەوە جگە لەهەندێ دەنگی تاکەکەسی سنوردا ڕۆڵێکی وایان لەڕەخنەلێگردتنی ئەم فیکرو گوتارەدا نیە . بەڵکو هەندێ جار موجامەلە دەکەن و تەنانەت بەداخێکی زۆرەوە لەهەندێ ڕووی فکرییەوە خەریکە پاشەکشە لەبەشێ لەو دەستکەوتە فیکریانەش دەکەن ، کەلەقۆناغی ڕابردوودا بەدەست هاتوون ؟!

نوێترین نوسینەکانی ئه‌بوبه‌كر كاروانی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌