ئینقلابی مسڕوڕ بارزانی چی لێ بەرھەم دێت؟

وتار/ 05/12/2018 1056 جار بینراوە

كارۆخ عوسمان

ئینقلابی مسڕوڕ بارزانی چی لێ بەرھەم دێت؟
كارۆخ عوسمان


ئینقلابی ئەولادەكانی حمایل زێباری بەسەر ئیدریس بارزانی و ئەولادەكانیدا بەردەوامە.
مسروریش بەچەشنی باوكی (كەبراكەی نەفی ئەودونیاكرد) پسمامە زڕەكەی نەفەس بڕ دەكات.
ئینقلابی مەسڕوڕ بارزانی بەسەر باوكیشیدایە نەك بەتەنھا پسمامەكانی، چونكە ئەوەی مەسڕوڕ دەیكات خواستی مسعود بارزانی نیە، مسعود بارزانی تێگەیشتووە بەلێكترازانی لەگەڵ دارودەستەی نێچیری (برازاو زاوا)ی حزب و بنەماڵەكەی توشی بومەلەرزە دەبن، لەبەرئەوەی بەری ئیدریس بارزانی لەئێستادا خاوەن نفوزن بەھۆی ئابوریە زەبەلاحەكەیانەوە.
بۆیەش لەو بەریەككەوتنەی كوڕەكەی و نێچیردا ترسێكی زۆری ھەیە، سەرەنجامیش ئەو بەریەككەوتنە چڕە نھێنیە دەكەوێتە مەیدانی عەلەنیەوە.
بارزانی باوك ناچارە بۆ ئیدامەدان بەڕەوشی ئێستای حزب و بنەماڵەكەی بەپێی ئەو دەستەڵاتە كەمەی كەلەبەردەستیدا ماوە پۆست دابتاشێ بۆ ھەردوولایان.
شتێك كەبەلایەوە گرنگەو ئیشی لەسەركردووە سەرۆكایەتی حزب و خودانێ بنەماڵەكەیەتی، بۆ ئەوەیان خواستی لەسەر مەسڕوڕی كوڕی ھەیە، بۆیە ھەر زۆر زوو ئامادەی كردووە.
جگە لەفلتەری دەزگای پاراستن كردوویەتی بەساحێبی اقتسادێكی قەبە و پێگەی دیبلۆماسی نێودەوڵەتی، تەنانەت ھاوبەندیەكی باشی لەگەڵ توركەكان و ڕۆژئاوا بۆ پێكھێناوە، وە تەعریفی كردووە لەلای شەریكە گەورە جیھانیەكان.
مەسڕوڕ سەرۆكی دەزگای ھەواڵگری ھەرێم بوو كەبەتەواوەتی لەژێر ھەژمونی بنەماڵەی بارزانی و پارتیدایە، لەو ڕووەوە بەھۆی ڕاوێژكارە شارەزاكانی بواری ئەمن و سیخوڕی و ئیغتیال دەستی بەھەموو ھەرێم ڕاگەیشتووە، ئێستاش بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت ئامادەكراوە، ئینجا ئەو سەرۆكی كابینە نوێیە شارەزای سیخوڕی كردنەو خویەكی خێزانەكەیانە، یەكەم ئیشی مەسڕوڕی سەرۆك حكومەت دانانی جاسوس دەبێت لەگشت دائیرە حكومیەكان.
ئەوكات خەڵكی كوردستان خۆزی بەدەوڵەتمەداری شەریكەی كەپكۆ دەخوازن.
سەرۆكە نوێیەكەی حكومەت پێنج ساڵ لەوەو پێشەوە كاری بۆ ئەو ڕۆژانە دەكرد، لەناو بارەگا حزبیەكانی پارتیدا لەتەك وێنەی مەلا مستەفای خودان و مسعود بارزانیدا وێنەی خۆی ھەڵواسیوە، بۆ ئەوەی ھەموان دڵنیابكاتەوە كەئەو سوڵتەی موتڵەقی میراتی بارزانیەكانە.
مسڕوڕ بارزانی سەرەڕای ئەوەی كەسێكی وشك و متطرفه بەڵام حەتمەن ماوەی ساڵێك بۆ دووساڵ ھەوڵی جیاوازی گەورە دەدا لەناو حكومەت بەئاراستەی بوژانەوەی ژیانی خەڵك، بۆ ئەوەی بەخەڵك بڵێن: ئێمەی ئەولادەكانی تۆوی مەسعود بارزانی لەنەوەی ئیدریس بارزانی باشترین، بەڵام بێ ھیچ قەیدوشەرتێك ھەر دەگەڕێتەوە سەر پلێتە ئەسڵەكەی خۆی كە بەدمۆڕاڵی و ئارەزووە ئیغتیالی و جاسوسیەكەیە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە بەعزێ لەو كەسایەتیە ڕكابەرانە كەپێشتر ئیددعای گۆڕانی سیستەمی حوكمیان دەكرد ئەوڕۆ ھەڵپەی چونە ژێربارو سێبەری ئەو متعصبە خێڵەكی و حزبیە دەكەن، ئەوكاتانەی كە داوای ھەڵوەشانەوەی حكومەت دەكرا بەگشت پێودانگێك لەئێستاو كابینەی ئایندەی مسڕوڕ بارزانی باشتر بوو، كەچی دەیانھەوێ باڵە چڵكن و فۆبیاویەكەی سەرۆكە میراتگرەكە بەسەر خۆیاند بكێشن تاكو لەئەزمەی چاوەڕوانی گەیشتن بەكورسیەكی لینگ شكاو نەجاتیان ببێت.
ئەوە ڕوونە كە مسڕوڕی سەرۆك حكومەت كابینەكەی لەسەر بنەمای موخابەرات و كەسب كردنی كارمەندە باڵاكان بەوەسیلەی تۆقاندن و دروستكردنی مەلەفی ئەخلاقی بونیاد دەنێت.
نەك وەكو نێچیروان بارزانی بۆی بچێتەسەر كە ١٧ ساڵ ڕاستەوخۆ و ٢ ساڵی كابینەكەی بەرھەم ساڵحیش بەناڕاستەوخۆ سەرۆك حكومەت بووە ئەگەر كەمتر لەنێچیریش دەرفەتی بۆ بلوێ مسڕوڕ بارزانی زۆر زیاتر لەسەرۆكایەتی حكومەت دەمێنێتەوە.
ئەگەر لەحكومەتیش دووربكەوێتەوە ئاسەواری خراپی ئیدارەی مسڕوڕی حمایل بارزانی بەئاسانی بنەبڕ ناكرێت، چونكە وەك خۆری نیوەڕۆ دیارە كە چی بەسەر خەڵكی ھەرێم دێت لەماوەی حوكمی موتڵەقی ئەو ھەرزە سیخوڕە.
خراپیەكیتریش ئەوەیە كەھەر لەگەڵ دەركەوتنی نیشانەكانی بوون بەسەرۆكی حكومەت حزبەكانیتری ساحەی سیاسی نەك ناڕەزامەند نەبوون بەڵكو بون بەدەھۆڵ كوتی ئاھەنگی كەیف و سەفای سەرۆك بوونی مەسڕوڕ، كەچی تادوێنێ بۆدژایەتی بەبنەماڵەكردنی حوكمڕانی كەف و كوڵیان دەڕشت.
مسڕوڕ بەرلەوەی ببێتە سەرۆك وەك سەرۆك مامەڵەی دەكردو دەستەڵاتی سەرۆكی حكومەتی بەزیادەوەش ھەبوو، ھەر لەمەسەلەی موخابەرات و پەیوەندیە سیاسی و دیبلۆماسیەكان و دانوستان و پڕۆتۆكۆڵە گەورەكان تا فرۆشتنی نەوت، ئێستاش سێبەری ڕەشی موخابەراتی ئەو میراتگرە بەتەواوەتی دەنیشێتە سەر ئەرزی ھەرێم.
گیا لەسەرپنجی خۆی شین دەبێتەوە، مسڕوڕیش ڕێگا بۆ كوڕەكەی خۆی خۆش دەكات تا دەیگەیەنێتە سەرۆكایەتی خێڵی بارزانی-پارتی دیموكڕاتی كوردستان-حكومەتی وڵات، ئەوكاتیش دەبێ ھەموو ئەوانەی دەوروبەر خۆیان تێر بكەن لەسەروەتی گەندەڵی تاكو لەڕۆژێكی ڕەشدا كە مسڕوڕ ئیشی پێنامێنن و بیەوێ بیانكاتە دیاری ئیغتیال بتوانن خۆیان نەجات بدەن، خەڵكی كوردستانیش تاكو ساحێبەكەی ئەم جۆرە ئۆپۆزسیۆنەبێت ھەردەبێ چاولەدەستی ئەو بنەماڵە سیخوڕە بێت.
واوەیلاش بۆ ئەوانە كەدەبنە فەرمانبەری باڵای حكومەتی سیخوڕی، چون لەبەڵای تەرتیب كردنی مەلەفە پۆخنەكان ئەسڵا نەجاتیان نابێت.
جگە لەھەموو ئەوانەش ھەرێمی كوردستان لەسێبەری حوكمی نەوەی حمایل زێباریدا دەبێتە كۆڵۆنیەكی سیخوڕی ئیقلیمی.

نوێترین نوسینەکانی كارۆخ عوسمان

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌