كۆتايی دزێوترين جۆری ديكتاتۆری لە ئێران نزيك بووەتەوە!
وتار/
31/01/2018
560 جار بینراوە
عەبدولڕەحمان مەهابادی
كۆتايی دزێوترين جۆری ديكتاتۆری لە ئێران نزيك بووەتەوە!
عەبدولڕەحمان مەهابادی، نووسەر و لێكۆڵەری سياسی
ديكتاتۆريی ئايينی، دزێوترين جۆری ديكتاتۆرييەتە لە مێژوودا. ئێران كە وڵاتێكی خاوەن شارستانيەتی چەندین هەزار ساڵەيە لە ماوەی چوار دەيەی رابردوودا ئەوەی كردووە بە ئەزمون.
بەر لە هاتنە سەرکاری ئەو ديكتاتۆرييەتی ئێستا، خەڵكی ئێران لە خەبات و تێكۆشاندا بوو بۆ نەهێشتنی ديكتاتۆرييەتی حەمەڕەزاشای پەهلەوی. بەڵام هەرگيز بەوەيان نەدەزانی كە دوای رووخاندنی ئەم ديكتاتۆرييەتە، تووشی ديكتاتۆرييەتێكی دزێوتر دەبنەوە. لێ خەڵكی ئێران لە خەبات بۆ رووخاندنی ديكتاتۆرييەتی شار پاشگەز نەبوونەوە. بەڵكو بڕياری ئەوەيان داو كە بەردەوام بن لە خەبات بۆ رووخاندنی ئەم ديكتاتۆرييەتەيش. ئەو راپەڕينەی لە دوا رۆژانی ساڵی 2017 دەستی پێكردووە، ئێستا بەرەو ئەوە هەنگاو دەنێت كە كۆتايی بە ديكتاتۆرييەتی ئايينی بهێنێت.
لە رژێمی ديكتاتۆريی ويلايەتی فەقيهيدا. قبوڵكردنی فيكری و پابەندبوونی كردەيی بە ويلايەتی فەقيهیەوە، كۆڵەكەی بنەڕەتييە بۆ هەر ئورگان و كاربەدەستێكی حكومەت. لەم رژێمەدا، وەلی فەقێ رەوايەت نەك لە خەڵك بەڵكو لە خوا(!) وەردەگرێت و كەس لێی ناپرسێتەوە. لەمڕووەوە ”حكومەتێكی رەها”يە كە بەستراوەی سەدەكانی رابردووە و لەگەڵ كۆمەڵگای شارستانيەتی سەردەم يەك ناگرێتەوە.
خومەينی بە دزينی رێبەرايەتيی شۆڕشی دژەپاشايەتيی خەڵكی ئێران لە ساڵی 1979 و قۆستنەوەی هەستی ئايينی خەڵك، ئەم ديكتاتۆرييەتەی بەسەر خەڵكدا فەڕز كرد. لە ساڵی 1989 و تەنها چەند مانگ دوای هەڵقوڕاندنی جامی ژەهری ئاگربەست لەگەڵ عێراق مرد. پاشماوەكانی لە هەنگاوێكی کتوپڕدا، بە "شێوەيەكی كاتی" (عەلی خامنەئی)يان وەك وەلی فەقێ دەستنيشان كرد. بێ ئەوەی تەنانەت بە پێی ياسای بنەڕەتيی رژێم خاوەن مەرجەكانی بێت بۆ ئەم كارە. كارچەرخانی ئەم شانۆيەش كە لەم دواييانەدا شريتەكەی لەسەر تۆڕی ئينتەرنێت ئاشكرا بووە، كەسی ژمارە دوو واتا رەفسەنجانی بوو كە ساڵی رابردوو مرد. ئێستا 28 ساڵ بەسەر ئەو رۆژەدا تێپەڕيوە كە خامنەئی وەك ”جێگرەوەی كاتی” لە جێی خومەينی دانراوە!!
شريتە بڵاوكراوەكەی ئەم كۆبوونەوەيە چەند راستييەكيتری بۆ گەلانی جيهان ئاشكرا كرد:
· ئەم كردە لە ناكاوە لە ساڵی 1989 لە ترسی رووخاندی رژێم لە سەر دەستی موقاومەتی ئێران كرا كە ئەو كات خاوەنی (ئەڕتەشی ئازاديبخشی ميلليی ئێران) بوو لە سەرسنوور. ئەڕتەشێك كە بۆ روخاندنی رژێمی مەلاكانی ئێران درووست كرابوو و ساڵێك پێشتر، لە شەڕی نێوان رژێمی ئێران و عێراق بووە هۆی ئەوەی خمينی بڕيارنامەی 598ی رێكخراوی نەتەوە يەكگرتووەكان قبووڵ بكات. چون خومەينی له ترسی رووخانی خێرای رژێمەكەی لە لايەن ئەڕتەشی ئازاديبەخشەوە، حازر بوو جامی ژەهری ئاگربەست لەگەڵ عێراق بخواتەوە و بڕياڕنامەی 598 قبووڵ بكات.
· بوونی ”مۆدێرە” و ”ميانڕۆ” و ”ريفۆرميست” لە ناو رژێمی ديكتاتۆريی ئايينيی دەسەڵاتدار لە ئێران هەر لە سەرەتاوە بێ بنەما بوو. ئەم ئيديعايە تەنها سيناريۆی رۆژئاوا بوو بۆ لەسەر پێ هێشتنەوەی ئەم رژێمە. چون رەفسەنجانی بوو كە خامنەئيی كرد بە جێگرەوەی خومەينی. ئەو شەڕەی نێوان گورگانی دەسەڵاتدار لە ئێران کە بەردەوام هەبووە هيچ پێوەندييەكی بە خەڵكی ئێرانەوە نيە بە ئێستاشەوە و تەنها شەڕەی دەسەڵاتە بۆ ئەوەی پشكی زياتر لە سەروەت و سامانی بەتاڵانچووی گەل بەدەست بهێنن.
· ترسی بەردەوامی وەلی فەقيهی ئاخوندان لە رووخاندنی رژێمەكەی لەسەر دەستی موقاومەتی ئێران كە رژێمی لە قۆناغی جياجيادا تەنگەتاو داوە، ئەوە دەردەخات كە ئەم رژێمە تا چ رادەيەك ناڕەوا و بێ پێگەی كۆمەڵايەتييە و هاوکات موقاومەتی خەڵكی ئێران تا چ رادەيەك جەماوەری و رەوايە و رەگ و ريشەی لە ناو كۆمەڵدا هەيە.
· بە راستی دەبێ بووترێت كە دوای مردنی خومەينی، ئەم رژێمە بێ ”سەر” و بێ ”وەلی فەقێ ”بووە تا ئەمڕۆ. ئەگينا ئەگەر ئيمدادگەرانی غەيبی (واتا رۆژئاوايی) نەبوونايە، هەمووان ئەزانن كە بارودۆخەكە لەم ناوچەيە لە جيهان بە جۆرێكيتر ئەبوو...!
ئەم راستييانە و زۆرێكيتريشی، كە لە ماوەی يەكساڵی رابردوو دونيا بە چاوی خۆی بينی، لەوانە راپەڕينە جەماوەرييەكەی ئەم دواييە بۆ رووخاندنی ديكتاتۆريی دەسەڵاتدار لە ئێران، ياخود ئەو وەرچەرخانەی لە سياسەت و ستراتيژيی دەوڵەتانی رۆژئاوا، بە تايبەت ئەمريكا دەبێندرێت، هەر هەمووی بەرهەمی رەوايەتی ئەو رێگايەيە كە موقاومەتی ئێران هەر لە سەرەتاوە، لە ناوخۆی ئێران و دەرەوەی ئێران هەنگاوی بۆ ناوە و بۆ چەسپاندنيشی، نرخێكی زۆری داوە.
بەسەرنجدان بەوانەی سەرەوه دەتوانين بڵێين كە درووشمی ”مەرگ بۆ خامنەئی ”باشترين درووشمە لە نێوان درووشمەكانی راپەڕين كە خەڵكی ئێران لە زياتر لە 140 شاری ئێران وتيانەوە. چون تەواوەتی رژێم ئەپێكێت و لە نێوان ئيسڵاح تەڵەب و ئوسولگەرا جياوازی دانانێت. مانەوەی ئەم رژێمە زۆر كاتييە و بە خێرايی، ئەم ”ديكتاتۆرە هەرە دزێوەی جيهان” كە هاوکات پشتيوانی سەرەكييە بۆ تيرۆر لە جيهان، دەڕووخێت و ئێرانی ئازاد دێتە دی.
بەڵی، راپەڕين و بەردەوامبوونی تا گەيشتن بە ئامانج، ئەركی پيرۆزی هەر ئێرانييەكی سەربەست و بەشەڕەفە. دەوڵەتانی جيهان دەبێ بێنە تەنيشت خەڵك و موقاومەتی ئێران و ئەوەش دەكرێت و لەبەردەستە.
[email protected]
نوێترین نوسینەکانی عەبدولڕەحمان مەهابادی
-
عەبدولڕەحمان مەهابادی
19/10/2018
-
عەبدولڕەحمان مەهابادی
03/10/2018
-
عەبدولڕەحمان مەهابادی
05/08/2018
-
عەبدولڕەحمان مەهابادی
20/06/2018
-
عەبدولڕەحمان مەهابادی
08/06/2018
-
عەبدولڕەحمان مەهابادی
28/05/2018