ئەزموونەكانی ژیان

وتار/ 09/12/2017 1259 جار بینراوە

م.شوكریه‌ شێخانی

ئەزموونەكانی ژیان
شوكریه‌ شێخانی
خۆش ویستنی پێغەمبەر(دروودو سلاوی خوای گەورەی لێ بێت)
هەروەك زانایان دەربارەی خۆش ویستنی پێغەمبەر (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) دەفەرموون خۆش ویستنی پێغەمبەری ئازیزمان (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) فەرزێكی لازمە لەسەر هەر تاكێكی موسڵمان ،پێویستە خۆش ویستنێكی پاك و بێگەرد و دووربێت لە خۆش ویستنێكی درۆی .
خوای گەورە [ قُلْ إِنْ كُنْتُمْ تُحِبُّونَ اللَّهَ فَاتَّبِعُونِي يُحْبِبْكُمُ اللَّهُ وَيَغْفِرْ لَكُمْ ذُنُوبَكُمْ وَاللَّهُ غَفُورٌ رَحِيمٌ ]1
واتا ئەی موحەمەد (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) بە ئیمانداران بڵێ : ئەگەر ئێوە خۆتان خۆش دەوێت دە شوێنی من بكەون و لە فەرمانی من دەرمەچن ، ئەوكاتە خوایش ئێوەی خۆش دەوێت و لە گوناهو هەڵەكانیشتان خۆش دەبێت ، ئەو خوایە لێ خۆشبوو و میهرەبانە .
تەنانەت پاش خۆش ویستنی خوای گەورە لەنەفسی خۆمان پێویستە پێغەمبەری خوامان (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) خۆشمان بوێت هەروەك پێغەمبەری ئازیزمان (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) دەفەرمووێت [لا يُؤْمِنُ أَحَدُكُمْ حَتَّى أَكونَ أحَبَّ إِلَيْهِ مِنْ وَالِدِهِ وَوَلَدِه وَالنَّاسِ أَجْمَعينَ ]2  
واتا سوێند بە خوا ئیمانی هیچ یەكێك لە ئێوە تەواو نابێت تاوەكو منی لە دایك و باوكی و منداڵەكانی و نەفسی خۆی و هەموو خەڵكی خۆشتر نەوێت .
پاش بیستنی ئەم فەرموودەیە امامی عمر (ڕەزاو رەحمەتی خوای گەورەی لێ بێت) فەرمووی ئەی پێغەمبەری خوا (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) سوێند بە خوا تۆم لە دایك و باوكم و منداڵەكانم خۆشتر دەوێت بەڵام لەنەفسی خۆم خۆشترم ناوێیت ،پێغەمبەری ئازیزمان (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) فەرمووی ئیمانت تەواو نابێت تاوەكو منت لە خۆشت خۆشتر نەوێت ،پاشان امامی عمر (ڕەزاو رەحمەتی خوای گەورەی لێ بێت) چووە ماڵەوەو بیری كردەوە پرسیاری لەخۆی دەكرد و دەیووت ئەی عمر تۆ پێش ئیسلام كەسێكی زەلیل و خراپ بووی بەڵام پاش هاتنی ئیسلام و پێغەمبەری خوا (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) بوویە كەسێكی سەربەرزو بەشكۆ ،وە هەر ئەو پێغەمبەرەیە كە دەتوانێت شەفاعەت و داوای لێ خۆشیبوونمان بۆ بكات لەرۆژی دوایدا ،پاشان گەڕایەوە لای پێغەمبەری خۆشەویستمان (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) فەرمووی ئەی پێغەمبەری خوا سوێند بەخوا ئێستا تۆم لە خۆشم خۆشتر دەوێت پاشان پێغەمبەری خۆشەویستمان (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) فەرمووی ئەی عمر ئێستا ئیمانەكەت تەواو بووە .
بەراستی پێویستە لەسەر ئێمەی موسڵمان وەكو امامی عمر (ڕەزاو رەحمەتی خوای گەورەی لێ بێت) بیر بكەینەوە و بڕیار بدەین ئەگەر گوێڕایەلی خوا پاشان پێغەمبەری خوامان (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) كرد ئەوا بەراستی كە دەیسەلمێنین كە پێغەمبەری خوامان (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) خۆش دەوێت .
هەروەك زانایان دەفەرموون خۆش ویستنی هاوەڵە بەرێزەكان بۆ پێغەمبەری خوا (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) بریتی بوو لە گوێڕایەلی و شوێن كەوتنی .
رۆژێكیان لە شوێینێكدا پێغەمبەری خوا (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) پێش نوێژی بۆ هاوەڵە بەرێزەكانی دەكرد لەبەر ئەوەی لەمزگەوت نەبوون بۆیە بە پێڵاوەوە نوێژیان كرد لەناو نوێژەكە جبریل هاتە خوارەوە و وەحی بۆ هێنا و فەرمووی ئەی پێغەمبەری خوا (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) نەعلەكەی تۆ كەمێك پیسە پێغەمبەری خواش (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) فەرمووی ئەی چی بكەم ؟ ئەویش فەرمووی نەعلەكەت لە پێكەوە ، نوێژكردن بە پێڵاوەوە دروستە لە هەندێ كات و جێگادا بەڵام ئەگەر پیسی بە پێڵاوەكەوە بوو دروست نیە و پێویستە لە پێ كرێتەوە ،بۆیە بە گوێی (جبریل) ی كردوو نەعلەكەی لە پێی كردەوە چونكە ئەوە فەرمانی خوای گەورەیەو جبریل لەخۆیەوە قسان ناكات ،هەر دوای لە پێكردنەوەی نەعلەكەی  هاوەڵە بەرێزەكانی (ڕەزای خوای گەورەیان لێ بێت) ڕاستەخۆ پێڵاوەكانیان لە پێ كردەوە ، ئیتر دوای تەواو بوونی نوێژەكە پێغەمبەری خۆشەویستمان (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) فەرمووی ئێوە بۆ پێڵاوەكانتان لە پێ كردەوە ئەوانیش فەرموویان كە بینیمان تۆ لە پێت كردەوە ئێمەش دوای تۆ لە پێمان كردەوە پێغەمبەری خۆشەویستمان (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) فەرمووی لەناو نوێژەكە خوای گەورە وەحی بۆناردم كە دەبێت پێڵاوەكەم لە پێ بكەمەوە چونكە پێڵاوەكەی من پیسی پێوە بوو و ئاگادارنەبووم ، ئەگەر سەیری هاوەڵە بەڕێزەكان بكەین  (ڕەزای خوای گەورەیان لێ بێت) دەبینین بە چ شێوازێك و چۆن ؟ كە بێ ئەوەی بزانن بۆچی و لەبەرچی؟ پێغەمبەری خوا (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) پێڵاوەكەی لە پێ كردەوە ئەوانیش لە پێیان كردەوە .ئا بەراستی ئائەمەیە خۆش ویستنی پێغەمبەری خوا (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت)  .
جا بەراستی بە خۆش ویستنی پێغەمبەری ئازیزمان (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) گەلێك سوود و چاكەی بۆ خودی خۆمان هەیە ، كە یەكێك لەسوودەكانی بە شوێن كەوتنی و گوێڕایەلی كردنی پێغەمبەری ئازیزمان (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) دەبین بە یەكێك لە خۆشەویستانی خوای گەورە وەكو خوای گەورە دەفەرمووێت [ فَاتَّبِعُونِي يُحْبِبْكُمُ اللَّهُ ]  واتا ئەی موحەمەد (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) بە ئیمانداران بڵێ : شوێنی من بكەون و لە فەرمانی من دەرمەچن ، ئەوكاتە خوایش ئێوەی خۆش دەوێت .
وە سوودێكی تری دەبێتە مایەی سڕینەوی گوناهەكانمان وەكو خوای گەورە دەفەرمووێت [وَيَغْفِرْ لَكُمْ ذُنُوبَكُمْ ] واتا خوای گەورە لە گوناهو هەڵەكانتان خۆش دەبێت.
وە یەكێك لە سوودەكانی خۆش ویستنی پێغەمبەری ئازیزمان (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) واتا كردنەوەی دەرگاكانی بەهەشت بەروومان و داخستنی دەرگاكانی دۆزەخ لەسەرمان كە ئەویش بە شوێن كەوتنی و گوێڕایەلی كردنی جێ بە جێ دەبێت .هەروەك خوای گەورە فەرمانمان پێ دەكات شوێن كەوتەی و گوێڕایەلی  پێغەمبەری ئازیزمان (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) بین كە دەفەرمووێت[ يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا أَطِيعُوا اللَّهَ وَأَطِيعُوا الرَّسُولَ وَأُولِي الْأَمْرِ مِنْكُمْ ]3 
 واتا ئەی ئەوانەی باوەڕتان هێناوە ، فەرمانبەردار و گوێڕایەلی خواو پێغەمبەر و  فەرمانڕەواكان بكەن كە لە خودی خۆتانن (لە بیروباوەڕو پابەندیدا) .
هەروەك زانایان دەفەرموون خۆشەویستی پێغەمبەری خوا (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) پاداشتێكی یەكجار گەورەی هەیە كە دەبێتە هۆی ئەوەی ببیە دراوسێی پێغەمبەری خوا (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) لە ڕۆژی دواید
جارێكیان پیاوێك هاتە خزمەت پێغەمبەری ئازیزمان (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) فەرمووی  [ مَتَى السَّاعَةُ ؟ قَالَ : وَمَاذَا أَعْدَدْتَ لَهَا ؟ قَالَ : لا وَالَّذِي نَفْسِي بِيَدِهِ ، مَا أَعْدَدْتُ لَهَا مِنْ كَثِيرِ صَلاةٍ وَلا صِيَامٍ ، إِلا أَنِّي أُحِبُّ اللَّهَ وَرَسُولَهُ ، قَالَ : فَأَنْتَ مَعَ مَنْ أَحْبَبْتَ ]4  واتا ئەی پێغەمبەری خودا(دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت)  كەی ڕۆژی دوای دادێت ؟پێغەمبەر  فەرمووی خۆشەویستی خوا (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) چیت ئامادە كردوە بۆ ڕۆژی دوایی؟نەخێر سوێند بەو زاتەی كە گیانی منی لە دەستە،نوێژ و ڕۆژووی زۆرم بۆ ئامادە نەكردووە جگە لەوەی كەخودا و پێغەبەری خودام(دروود و سڵاوی خودای گەورەی لێ بێت) خۆش دەوێت پێغەمبەری خوا (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) فەرمووی تۆ لەگەل ئەو كەسانە دەبیت كە خۆشت دەوێن .
لە پاش ئەوە پێغەمبەری خوا (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) فەرمووی [مَنْ أَحْيَا سُنَّتِي فَقَدْ أَحَبَّنِي ، وَمَنْ أَحَبَّنِي كَانَ مَعِيَ فِي الْجَنَّةِ ]  واتا هەركەسێك سوننەتی من زیندوو بكاتەوە ئەوا منی خۆش دەوێ و و هەر كەسێك  منی خۆش بووێت ئەوا لەگەل منە لە بەهەشت .
یەكێك لە هاوەڵە بەڕێزەكان (ڕەزای خوای گەورەی لێ بێت) پێغەمبەری خوای (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) زۆر خۆش دەویست ، بۆیە جارێكیان بیری كردەوە كە ئەو ئێستا دەتوانێت پێغەمبەری خوا (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) ببینێت و هاتووچۆی بكات بەڵام ئەی لە ڕۆژی دوایدا لەبەهەشت چۆن چاوی پێ بكەوێت و بیبینێت ! چونكە جێگاو شوێنی پێغەمبەران جیایە ، هەموو هەم و خەمی ئەو هاوەڵە بەڕێزە ئەوەیە چۆن و بە چ شێوازێك لەبەهەشتیش لای پێغەمبەری خوا (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) بێت ،بۆیە چووە لای پێغەمبەری خوا (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) پێی فەرموو ئێستا تۆ دەبینم ئەی لە ڕۆژی دوایدا چۆن تۆ ببینم ولەگەڵت بم هەر پاش ئەمە خوای گەورە ئەم ئایەتەی دابەزاند كە دەفەرمووێت [ وَمَنْ يُطِعِ اللَّهَ وَالرَّسُولَ فَأُولَٰئِكَ مَعَ الَّذِينَ أَنْعَمَ اللَّهُ عَلَيْهِمْ مِنَ النَّبِيِّينَ وَالصِّدِّيقِينَ وَالشُّهَدَاءِ وَالصَّالِحِينَ وَحَسُنَ أُولَٰئِكَ رَفِيقًا ]6
واتا ئەوەی فەرمانبەرداری خواو پێغەمبەر بكات ، جا ئەوانە لەگەڵ ئەو كەسانەدا دەبن (لەبەهەشتی بەریندا) كە خوا نازونیعمەتی ڕژاندووە بەسەریاندالە پێغەمبەران و ڕاستگۆیان و شەهیدان و پیاوچاكان ، ئای كە ئەوانە هاوەڵ و هاوڕێ و هاودەمێكی چاك و بێ وێنەن ! . 
پێغەمبەری ئازیزمان (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) لەفەرموودەیەكدا دەفەرمووێت [من لەرۆژی دوایدا گەورەی هەموو مندالەكانی ئادەمم یەكەم كەسم كە لە ناوگۆرەكەم دێمە دەرەوە وە یەكەم كەسم كە رێگام پێ دەدرێت شەفاعەت بۆ ئومەتەكەم بكەم وە شەفاعەتەكەم لێ وەردەگیرێ و قبووڵ دەكرێت ]
جارێكیان لە امامی علی (ڕەزاو رەحمەتی خوای گەورەی لێ بێت) دەپرسن خۆشەویستی ئێوە چۆن بووە ؟ بۆ پێغەمبەری خوا (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) ئەویش لە وەڵامدا فەرمووی پێغەمبەری خوا (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) لەهەموو شتێكمان زیاتر خۆش دەویست لە ماڵ و منداڵمان و دایك و باوكمان و خزم و كەسمان و تەنانەت لە نەفسی خۆشمان ،وەكو چۆن كەسێكی توێن و لەرۆژێكی زۆر گەرمدا تەمەنای قومێك ئاو دەكات ،ئێمە لەوەش زیاتر خۆشمان دەویست .

هەروەك زانایان دەفەرموون بە دوو هۆكارەوە بە پێغەمبەری ئازیزمان (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) دەبەسترێینەوە
هۆكاری یەكەم :- لەرووی ژیری و زانست و زانیاریەوە كە ئەوەش دەبێت فەرموودە ڕاست ودروستەكانی پێغەمبەری ئازیزمان (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) وەربگرین و سوونەتەكانی جێ بەجێ بكەین لە ژیانی رۆژانەماندا .
هۆكاری دووەم :- لە ڕێگای دڵەوە كە ئەوەش چەند زیاترو زۆرتر ژیان نامەی ئەو پێغەمبەرە ئازیزەمان (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) بخوێنینەوە و ئاشنابین بە كاروكردەوەكانی و رەشتە چاك و باشەكانی ئەوا زیاتر دەچێتە ناو دڵمان و خۆشەویستیمان بۆی زیاد و زۆر دەبێت .

هەروەك خوای گەورە دەربارەی گەوێڕایەلی و شوێن كەوتنی پێغەمبەری ئازیزمان (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) دەفەرمووێت [ وَمَا آتَاكُمُ الرَّسُولُ فَخُذُوهُ وَمَا نَهَاكُمْ عَنْهُ فَانْتَهُوا وَاتَّقُوا اللَّهَ إِنَّ اللَّهَ شَدِيدُ الْعِقَابِ ]7
 واتا ئەوەی پێغەمبەر(دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) پێی بەخشیوون وەری بگرن ، هەر فەرمانێكی پێدان بە گوێی بكەن ، قەدەغەی هەرشتێكی لێ كردن مەیكەن ، لەخوابترسن چونكە بەڕاستی خوا بەتوندی تۆڵە دەسێنێت . 
پێغەمبەری ئازیزمان (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) هەردەم ئومەتەكەی خۆش ویستیە و لەخەمی ئومەتەكەی دابووە هەروەك خوای گەورە لە وەسفی پێغەمبەری ئازیزمان (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) دەفەرمووێت  [ لَقَدْ جَاءَكُمْ رَسُولٌ مِنْ أَنْفُسِكُمْ عَزِيزٌ عَلَيْهِ مَا عَنِتُّمْ حَرِيصٌ عَلَيْكُمْ بِالْمُؤْمِنِينَ رَءُوفٌ رَحِيمٌ ]8  واتا (ئەی خەڵكینە) سوێند بەخوا بێگومان پێغەمبەرێكتان بۆ ڕەوانە كراوە كە هەریەكێكە لە خۆتان ، زۆر سەختە بە تەنگیشتانەوەیە و پەرۆشە لەسەرتان ، زۆر دڵسۆزی ئیماندارانە و میهرەبان و دلۆڤانە بۆیان .
دەگێڕنەوە گەنجێك قوتابی بوو لای مامۆستایەكی زانا و دانا ڕۆژێكیان چووە لای مامۆستاكەی و ووتی مامۆستا من پێغەمبەری خوا (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) زۆر خۆش دەوێت بەڵام بەئاواتم جارێك لەخەوما بەدیداری شاد ببم، مامۆستاكەشی كەسێكی زیرەك و ژیرو دانا بووە بۆیە وویستی بەكردەوە ئەو قوتابیەی تاقی بكاتەوەو تێی بگەیەنێت هێشتا ئەو خۆشەویستیە نیە كە لەناخ و دڵ و دەروونیەوە دروست بووبێت ،بۆیە بە قوتابیەكەی فەرموو ئەم شەو وەرە ماڵی ئێمە وەڵامەكەت دەدەمەوە بەڵام هیچ نانێك مەخۆ و لای من نانی ئێوارە بخۆ ، ئیتر كە ئێوارە داهات مامۆستاكەی خواردنێكی زۆر سوێری بۆ ئامادەكردبوو پڕ لەخوێ ، بەم شێوەیە قوتابیەكەی هات ونانەكەی لای مامۆستاكەی خوارد بەڵام خواردنەكە زۆر سوێر بوو بۆیە قوتابیەكەی هەر داوای ئاوی دەكرد بەڵام مامۆستاكەی رازی نەبوو ئاوی پێ نەدا ، ئیتر كە كاتی خەو داهات قەتابیەكەی هەر داوای ئاوی دەكرد بەڵام دووبارە مامۆستاكەی رەتی كردەوە ئاوی پێ بدات و ووتی بەم شێوەیە بخەوە ،پاشان كە بەیانی داهات و لەخەو هەڵسان مامۆستاكەی ووتی پێغەمبەری خوا(دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) لە خەو نەدیت ئەویش ووتی نەخێرنەم دیت مامۆستاكەی ووتی ئەی چیت بینی ؟ ئەویش ووتی رووبارو ئاو و باران بەسەر چیایەكان دەباری ، مامۆستاكەشی ووتی خەونەكەی تۆ مانای ئەوەیە ئەوەندە زۆر تێنووت بووە بۆیە خەونت بە رووبار و ئاو باران و ئەوشتانەوە بینیوە ، بۆیە تاوەكو خۆشەویستیت بۆ پێغەمبەری خوا (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) نەگاتە رادەیەك هەروەك چۆن بەم شێوەیە تێنووت بووە بۆ ئاوەكە ئەوا ناگەی بە دیداری پێغەمبەری خوا (دروودو سڵاوی خوای گەورەی لێ بێت) لە خەونت .

نوێترین نوسینەکانی م.شوكریه‌ شێخانی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌