بەرپرسێکی باڵای پێشمەرگە: پارتی به‌ یه‌كێتی وتووه‌ هیچ ئیشمان پێتان نییه‌ و ده‌توانن مۆڵه‌ت وه‌ربگرن

هەواڵی / 7/8/2023 589 جار بینراوە

کێشەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی نزیکن لە تەقینەوە
“پارتی کۆمپیوتەرەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی لە یەکێتی بلۆک کردووە”
بەرپرسێکی باڵای پێشمەرگە: پارتی به‌ یه‌كێتی وتووه‌ هیچ ئیشمان پێتان نییه‌ و ده‌توانن مۆڵه‌ت وه‌ربگرن


بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند،ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لە وەزارەتی پێشمەرگە گەشتونەتە "قۆناغی لێکترازان" و ئەوەی دۆخەکەی هێشتووەتەوە تەنیا بڕیارێکی سیاسیە. وتی ئێستا "بەشێکی زۆر" لە کۆمپیوتەرەکانی ناو وەزارەت لەلایەن بەرپرسانی پارتی لە وەزارەتی پێشمەرگە هاککراون و لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتی هێندراونەتە دەرەوە، ئەمە جگە لەوەی پارتی بە چەند کارمەندێکی بەشی وەرگرتنی موچەی لە پشکی یەکێتی گوتووە "جارێ ئیش مەکەن."

لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە کە لە پشکی یەکێتی یە، تەواوی زانیارییەکانی بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاستکردەوە و وتی، "داوا لە سەرجەم لایەنە پەیونەدیدارە حکومی و حزبییەکان دەکەم بێنە سەر خەت بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشیە و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن واژوو بکرێت، چونکە پێشمەرگە سمبولی گەلی کوردستانە."

سەرچاوە باڵاکە بە دەنگی ئەمەریکای گوت،"کێشەکان دوای فەرمانێکی بریکاری وەزارەت دەستیپێکرد، لە مانگی یازدەی 2023. بڕیارەکە سەبارەت بە دابەشکردنی میلاکاتی وەزارەتی پێشمەرگەیە بە 57 بە 43. دوای ئەوە لە بەشی مووچە، کە تێکەڵە لە ئەفسەرانی یەکێتی و پارتی، پارتیەکان هاتن ئەندازیاریکی ئای تیمان هەیە ئەویان بلۆک کرد و کومپیوتەریان بلۆک کرد. چوون کۆمپانیایەکی مەدەنی هی کەسێکە هیناویانە و لە ڕێگەی ئەوەوە ئەو کارەیان کرد. ئەفسەرەکان کە ئیشی مووچە و ئەو شتانە دەکەن،موچەی وەحدە و لیواکان، لە تیمی یەکێتین هەموو کومپیوتەرەکانیان بلۆک کرد و کومپیوتەرەکان پاسۆردی خۆمانی لەسەربوو شکاندیان، هەستان داخلی کومپیوتەرەکان بوون."

وتیشی"ڕۆژی دواتر پێیان وتین، ئەم فەرمانە دەبێت جێبەجی بکەین و لە قوەتی ئێمە نییە و فشاری حزبە تاسیری لێکردووین،وە ئەمریان پێکردووین دەبێت فەرمانی 57 بە 43 جێبەجێ بکەین."

بە وتەی سەرچاوەکە، ئەوە لە 12/7/2023 ڕوویداوە و دوای ئەوەی تیمی یەکێتی بە نووسراوی فەرمی بەشی ژمێریاری وەزارەتیان ئاگادارکردۆتەوە لەوەی ئەوان وەک یەکێتی بەرپرسیارێتی دابەشکاری مووچە هەڵناگرین، "چونکە بە کارێکی یاسایی نازانین."

هەروەها ڕایگەیاند، "تیمی پارتی پێیان وتین نەپێویستمان بە ئموری ئێوەیە نە بە ئیمزای ئێوەیە. تەنانەت کە بەڕێوەبەری مووچەی وەزارەت کە لە پشکی یەکێتیە، بە ئەویش وتراوە پێویستمان بە مۆر و ئیمزای تۆ نییە؛ بەشی وردبینی مووچەش کە پشکی یەکێتیە، بە ئەویش وتراوە پێویستمان بە تۆش نییە. پێشیان وتین، 'دەتوانن ئەم ماوەیە مۆڵەت وەربگرن یان ئیش نەکەن' لیستی مووچەی مانگی حەوت ڕاکێشراوە، بێ ئەوەی ئیمزای هیچ ئەفسەرێکی یەکێتی لەسەر بێت، بەڵام پێشتر بە هاوبەشی ئەم کارە کراوە."

بە گوێرەی سەرچاوەکە، یەکێتی هیزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکای لەم پێشهاتە ئاگادارکردۆتەوە، هاوپەیمانانیش بەو هۆیەوە مووچەی لیوا هاوبەشەکانیان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک ڕاگرتووە.

هاوپەیمانان مووچەی لیوا هاوبەشەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە دابین دەکەن و مانگانە بڕی 20 ملیۆن دۆلار کە دەکاتە نزیکی 25 ملیار دینار دەبەخشنە وەزارەتی پێشمەرگە. پشتگیری هاوپەیمانان بۆ یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و ڕێکخستنیانە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا، بۆ ئەمەش ڕێکەوتنی هاوبەش لە نێوان وەزارەتەکە و هاوپەیمانان هەیە و بەگوێرەی ڕێکەوتنەکە بێت دەبێت لە ماوەی 4 ساڵدا هێزەکان یەکبگرنەوە.

سەرچاوە باڵاکەی وەزارەت ڕایگەیاند، "هاوپەیمانان ئاگاداری کێشەکانی وەزارەتی پێشمەرگەن. ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە هاوپەیمانانی لە کێشەکانی وەزارەت ئاگادار کردووەتەوە. هەموو ڕاگەیاندنەکان دەڵین ئەوەی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەگوزەرێت، نا ئاساییە و دۆخەکە لە تەقینەوە نزیکە."

دەشڵێت،"حەفتەی ڕابردوو بەو کەسەمان وت کە پارە و تەمویلەکەی هاوپەیمانان دەهێنێت بۆ وەزارەت ڕایبگرێت، بۆ ئەوەی ببێت بە وەرەقەیەکی فشار لە بەرامبەر برادەرانی پارتی."

کێشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە کاتێکدایە، کە وەزیری پێشمەرگە کە لە پشکی یەکێتیە، ماوەی ساڵێکە دەوام ناکات بەهۆی ناکۆکی ئەو لەگەڵ حزبەکەی و سووربوونی یەکێتی لەسەر گۆڕینی بە کەسێکی تر.

سەرچاوە باڵاکەی یەکێتی لە وەزارەتی پێشمەرگە، پارتی بەوە تۆمەتبارکرد کە "ئیستیغلالی بێ وەزیری کردووە،" و لە هەبوونی ئەو بۆشاییەدا بریکاری وەزیر کە پارتییە بڕیاری دابەشکاری دەسەڵاتی لە ناو وەزارەت دەرکردووە بە شێوەیەک کە 57٪ بۆ پارتی و 43٪ بۆ یەکێتی بێت.

سەرچاوەکە وتی، "ئەو کەلەڕەقیەی ئێستا و ئەو بڕیارە نا ئاساییەی کە بریکار دەریکردووە بە هیچ شێوەیەک دەسەڵاتی ئەو نییە و دەسەڵاتی وەزیری پێشمەرگەیە، بەڵام لە غیابی وەزیری پێشمەرگەدا ئیستیغلالی ئەو وەزعەی کردووە، ئەو فەرمانەی دەرکردووە، وەک بڵێین سەرجەم ڕێکەوتن و یاداشتنامەکان و بەڵێننامەکان کە هاوپەیمانان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە ئیمزایان کردووە، بەوەی کە 50 بە 50 هەبێت، سەرجەم پرەنسیپەکانیان تێکشکاندووە و بارودۆخێکیان لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە خوڵقاندووە، کە نزیکە لە ترازانی سەد لەسە، بەڵام قەرارێکی سیاسی ڕایگرتووە.

وتیشی"کاک قوباد و کاک مەسرور چەند ڕۆژی ڕابردوو کۆبوونەوەیان لەو بارەیەوە کردووە، بەڵام تا ئێستا بێ ئەنجام بووە."

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌