بۆچی لاهوری شێخ جەنگی کەوت؟ ئایندەی کوردستان لە ژێر تیشکی ڕووداوەکانی سلێمانی و یەکێتی
هەواڵی /
21/7/2021
1059 جار بینراوە
بۆچی لاهوری شێخ جەنگی کەوت؟ ئایندەی کوردستان لە ژێر تیشکی ڕووداوەکانی سلێمانی و ناوەخۆی یەکێتی
دكتۆر عوسمان عهلی
بەشی یەکەم و دووەم
پێش ئەوەی باس لەوە بکەم کە لەهەفتەی رابردوودا چی گوزەرا لە سلێمانی! با کەمێک بگەڕێنەوە ناو قولایی مێژوو. یەکێتی لەساڵی 1976 وەک هێزێکی کاریگەر و سەرەکی هەرێمی کوردستان بووە، لەبەر ئەوە هەرکاتێک گۆڕانکاری لەناو ئەم حزبە روویدا بێت. ئەوا کاریگەری هەیە لەسەر دوا ڕۆژی هەرێمی کوردستان.
لێرەدا ئاماژە بەوە دەکەین کە ئەم گۆڕانکارییانە چ کاریگەری دەبێت لەسەر پەیوەندی زۆنی سەوز و زەرد وە لەهەمان کاتێکدا پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ وولاتانی دراوسێ دا، باسێکی کورت و خێراش لەبارەی چۆنیەتی کاریگەری لەسەر دام و دەزگاکانی حکومەت بەتایبەتی سوپا و دەزگای زانیاری، وە ئایا ئەم کاریگەرییانە ئەرێنی دەبێت؟ یان نەرێنی؟!
بەشێکی تریش تەرخان دەکەین بۆ هەڵهینانی مەتەڵە قورسەکە ئەویش هۆکاری ڕووخان و سڕکردنی دەسەلاَتی لاهور شێخ جەنگی چی بوو؟
من لە مێژە پرسیارێکی جدی لە زیهنیم دا هەبوو کە ئەویش چ تایبەتمەندیەک وای کرد لاهوری شێخ جەنگی ببێتە هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان!؟
جارێ قاعیدەیەکی ڕوون هەیە لەبارەی دروست بوون و دەرکەوتنی سەرکردە وەک کەسێکی کاریزمای لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی سێیەم شتێکی سروشتییە چونکە ئەم بابەتە پەیوەندی بە نەبوونی دەزگای چەسپاو لە ناو پارتە سیاسیەکان و کۆمەڵگا،ئەمە فاکتەرێکە. وە لەناو پارتەکان بەتایبەت مەبەستم پارتە چەپەکانە بەردەوام سەرکردەیەکی دکتاتۆر بوونی هەیە. لەگەل نەمانی ئەو سەرکردەیە بۆشاییەکی گەورە لە دوای خۆی لەناو ئەو پارتە جێ دەهێڵێت. وەک بینیمان لەدوای مردنی لینین، ستالین شوێنی گرتەوەو پاکسازیەکی زۆری کرد. لەدوای ماوسیتۆن له صين هەمان شت روویدا. وای دەبینم ئەوەی لەناو یەکێتیش روویدا هەمان سونەتی نەگۆڕە.
ئەوانەی شارەزان لە مێژوی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ساتی دروست بوونی ئەم پارتە تا ئێستا سەرکردەکانی خاوەن یەک بۆچون نەبوون، و بەڵکو چەندین بۆچونی جیاوازی تێدا کۆبۆتەوە.
بەلام مام جەلال ئاقلانە توانی هەموو ئەو ئاراستانە کۆبکاتەوە لە ناو یەکێتی وەک یەکێتیەکان شیعارێک دەڵێنەوە (دەسکە گوڵەکەی مام). بەلآم لەدوای وەفاتی مام جەلال یەکێتی تووشی داڕوخانێکی گەورە بوو، کە ئەوندە بێ هێز دەرکەوت خەریک بوو حزبەکە ببێتە دوو بەش ئەویش دامەزراندنی ناوەندی بڕیار بوو لەو حزبە، بەڵام بەهۆی چەند فاکتەرێکی هەرێمی بەتایبەتی ئێران نەیدەویست ئەو حزبە بەهیج جۆرێک تووشی لێک هەوەشاندەوە بێت و خێزانی تالەبانی لەوە بێ هێز تر بن؟ چونکە ئەزموونێکی دوور و درێژی هەبوو لەگەل ئەم بنەماڵەیە. ئەمە جگە لەوەی دۆخی شکست خواردووی حکومەتی هەرێمی کوردستان بارەکەی یەکجار بۆ یەکێتی سەخت تر کردبوو.
بوونی ژینگەیەکی پڕ لە قەیران و ململانێی نەبونی ناوەندەی بڕیار و بئ ئومێدی خەڵک، کەسێکی وەک لاهور لێهاتوو و قۆز و ئازا کە جێگای متمانەی مام جەلال بوو هەر زوو گەیشت بە سەرپەرشتی دژە تیرۆر و لەم دوایەش وەک ئەنتی پارتی دیموکراتی کوردستان دەرکەت لە پڕ دەبێتە رەقمیێکی گەورە و زۆرێک لە هەوادارانی یەکێتی ئومێدی لەسەر هەڵدەچنن، ئەویش زیرەکانە ئەو هەلە دەقۆزیتەوە پەیوەندیەکانی لەگەل وولاتان فراوان دەکات و دەست دەکات بە خۆ پڕ پارە و چەک کردن. تا ئەو ئەندازەیەی دەبێتە کەسی یەکەم لەناو حزبەکەی و کوڕانی تالەبانیش تێدەپەڕێنێت.
بەڵام پرسیاری جدی ئەوە بۆچی لەماوەی کەمتر لەیەک هەفتە ئیمپراتۆریەکەی لاهور بەم ماوە کەمە ڕووخا؟! تا ئەوەی نەخۆی توانی بەرهەڵستی بکات و نە هەوادارنی لەسەری بێنە دەنگ!
بۆچونی بەندە بۆ شرۆڤەی ئەمە چەند هۆکارێک هەیە.
یەکەم بۆ خودی کەسایەتی لاهور دەگەڕێتەوە کە زیاد لە حەدی خۆی بوێری نیشانی جەماوەرەکەی دەدا، چەند هێلێکی سور هەبوو کە پێویست نەبوو لاهور ببەزێنێ بەزاندی! لەوانە پەیوەندی لەگەڵ سەرکردە کۆنەکانی یەکێتی و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی، ئەمە سەرەڕای ئەوەی دەرکردنی چەند بڕیارێکی خێرا و بێ بیرکردنەوەی لەگەڵ ئێران و ئەمریکا و مەرکەز لە بەغدا.
ئەو هێلە سورانەی کە لاهور تەجاوزی کرد بریتی بوون چەند هۆکارێک کە باشتر بۆ لاهوری شێخ جەنگی بەو زووە هەڵپەی بوون بەهاوسەرۆک بوونی نەکردایە بەلَکو دەرفەتی بۆ هەندێ لە سەرکردەکانی یەکێتی چۆل بکردایە تا باشتر کاری خۆی ئەنجامدایە، بۆ نموونە رێگای بۆ بەرهەم ساڵح خۆش بکردایە تا بێتە سەرۆکی یەکێتی و خۆشی لە ژێر سایەی ئەو بەبێ دەنگی کاری خۆیی بکردا بووایە. لەهەمان کاتدا لاهور زۆر بئ ئەزموونانە کەوتە دژایەتی و بەرهەڵستی کردنی کۆسرەت رەسوڵ، هەرچەندە ئەمەی بەئاشکرا نەکرد، هەتا مام جەلال هەستیاری لەوە دەکرد دەست بدات لە هەولێر و کۆیە، بەهۆی ئەوەی کە کۆسرەت تێدا بەهێز بوو.
تا کار گەیشتە ئەوەی لە هەولێر هەوڵی ئەوەی دەدا کە گۆڕانکاری لە بەرپرسی یەکە ئیداریەکانی ناو هەولێریش بکات، و پیاوی خۆیی تێدا دابنێ. دوژمنایەتی لە کۆسرەت رەسوڵ پەڕیوە بۆ شێخ جەعفەر کە خاوەنی یەکەی 70 و جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستانە. هەتا هەندێ دەنگۆی ناڕەسمی هەیە کە گوایە لاهور هەوڵی تیرۆری شێخ جەعفەریشی دابێ! وەک دواین پڕوپاگەندەش کە لاهور هەوڵی داوە هێرۆی ئیبراهیم ئەحمەدی خێزانی مام جەلال و ئامۆزاکەی خۆی پاڤێڵ ژەهر خوارد بکات. هەرچەندە ئێمە هیچ بەڵگەیەک لە بارەی دروستی ئەم پڕوپاگەندە لامان نیە، بەلام ئەم کردەوانەی لێدەوەشێتەوە، بە بەڵگەی ئەوەی لاهور دەیویست زۆر بەخێرایی ببێتە کەسی یەکەم هەتا لەوەشی تێپەڕاند کە ئەوەی بۆ مام جەلال هێلی سور بوو ویستی هەبوو تێپەڕێنێت. ویستی هەبوو هەموو ئەو سەرکردانەی کە لە گۆنگرە دەرچووبوون لە ژێر فەرمانی ئەو نەبوو لایان بدات، لە ناوەندی بڕیار و خۆیی ببێتە سەرکردەیەکی تاکڕەو کە ئەمە هەڵە کوشندەکە بوو ئەنجامی دا!.
سەبارەت بە پەیوەندیەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی پارتی خودی مەسعوود بارزانی و کوڕەکەی و برازاکەی لە ئاستێکی زۆر خراپ دابوو. زۆر بەشێوەیەکی زبر کەوتە دژایەتی بنەماڵەی بارزان و تا ئەو قسانەی مام جەلال لە شتەکانی بە بنەماڵەی بارزانی نەدابوو ئەو بە زیادە دای. پارتیش بەهۆی ئەوەی حزبی یەکەمە لە کوردستان و خاون پارەو ە دەسەڵات و ڕاگەیاندنە کەوتە کاردانەوە و هەوڵی دا زیاتر شەرعیەتی دەسەڵات بداتە کوڕانی تالەبانی نەک شێخ جەنگی. پارتی زۆر نیگەران بوو لە هەڵسوکەوتەکانی بەتایبەت دوای ئەوەی هیچ پیشتیوانی لە ئەو ریفراندۆمە نەکرد کە مەسعوود بارزانی ڕابەرایەتی دەکرد، تەنانەت لاهور نەیتوانی دژایەتی خۆیی بشارێتەوە بەتایبەت لە ناوچە کوردستانیە کێشە لە سەرەکان نەهێشت سندوقی دەنگدان دا بندرێت، هێزەکان شیعەکان بەو کارەی زۆر ئاسودە بوون لە دوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر کە بەتەوای ئەو ناوچانەی یەکێتی نیشتمانی دەسەلاتدار بوو تەسلیم بە هێزەکانی شیعە کران ، دوای ئەمەش هەر بەوەندە نەوەستا تا ئەو ڕادەیەی گرژی کەوتە نێوان ئەو دوو هێزە، لاهور کەوتە دابڕینی سلێمانی و بە بیانووی لامەرکەزی خەریک بوو سلێمانی لە هەرێمی کوردستان دابڕن. سەرچاوەکانی دارای لە داهاتی مەرزەکان بە هوى گەندەڵی پارەیەکی کەمی بۆ هەولێر دەناردەوە. بەمەش موچە بۆ ماوەی 15 رۆژ لەکاتی خۆی دواکەوت. ئەمەش هێندەی تر نیگەرانیەکانی پارتی تۆخ تر کردەوە.
وەک دەلێن ئەگەر بەدەستم نەبێ بەدڵمە، پارتی بە کودەتای کوڕانی تالەبانی بەرامبەر لاهور خۆشحال بوو، هەرچەندە لاهور لەساتی کودەتاکەدا لە پەیچی خۆی هەر زوو ئاوەکەی رێشت و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە کودەتایەکە لە دژی یەکێتیی و هێزێکی ئیقلیمی وەک عوسمانی نوێی کەمەبەست لێی تورکیا بوو تاوانبار کرد.
لەڕاستیدا ئەم کودەتایە بەپلەی یەکەم کاری کوڕەکانی تالەبانی بوون، دوای ئەوەی بۆیان ئاشکرا بوو کە لاهور زۆر لە حەدی خۆی تەجاوزی کردیە، بە بۆچوونی من تورکیا ئەو هێزەی نیە لەناو یەکێتی گۆڕانکارییەکی وا گەورە بکات، وبارتيش به ملا بختياريكى سياست مه داريكى ايكسپاير ئه وى پى ناكريت له ناو يه كيتيدا. تەنها ئاژانسی ئەنادۆڵ توركى ئاماژەی بەوە کردوە کە ئەمە کاری قوباد تالەبانیەو مەرکەزی هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەکات بەرامبەر بەغدا، لەمەو دوا بەغدا ناتوانێ جیاوازی زۆنی زەرد و سەوز بقۆزێتەوە. تا ئێستا حکومەتی تورکیا هیچ بەیاننامەی لەم بارەیەوە دەرنەکردووە، ئەگەر ئەم تۆمەتە بۆ ئێران بوایە بئ گومان ڕاستر دەبوو بەهۆی دەست رۆیشتووی ئێران لە سلێمانی.
لەماوەی رابردوو لاهور چەند جارێک هاتوو چۆی بەغدای کرد بۆ هەلبژاردنەکان، پێدەچێت نیەتی هاوپەیمانی هەبووبێ لەگەڵ لایەنێکی شیعە و بەتایبەتی حزبی دەعوە و هادى عامری کە بەیەکەوە بچێتە هاوپەیمانی، بەلاَم پێش هەلبژاردن چەند گۆڕانکاری روویدا بەتایبەت پرسی لامەرکەزی سلێمانی دووبارە گەرم بکاتەوە و تا بتوانێ راستەوخۆ پەیوەندی بکات لەگەڵ بەغدا. کە ئەمەش دیاردەیەکی مەترسی دار بوو بۆ پارتیی دیموکراتی کوردستان هێزە ئیقلیمییەکان.
لەپەیوەندییە دەرەکیەکان لاهور بە ڕادەیەکی زۆر مەیلی بەلای ئێراندا خست تا ئەو ڕادەیەی ئیتلاعات و پاسدارنی ئێرانی لە زۆنی سەوزدا چەندین ماڵی تایبەتیان هەبێ بە کاری سیخوڕی و خزمەتی بەرژەوەندیەکانی ئێران، چەند جارێک لە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لە سنوری سلێمانی درا، کەئەمەش بە چاوساغی پێدانی زانیاری لەلایەن لاهورەوە کراوە.
هەلسوکەوتەکانی لاهور لە رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر و پرسی هاوسۆزی بۆ شیعە ئێران کەوتە پاداشت کردنی ئەوەبوو لە هەلبژاردنی رابردوو توانی دەنگەکانی یەکێتی بە شێوەیەکی ناسروشتی و بە تەزویرێکی بەرزبکاتەوە بەمەش زەربەیەکی کوشندە بەر ئۆپۆزسیۆن کەوت ئەمەش نیگەرانیەکی زۆری ئەمریکیەکان لێکەوتەوە.
یەکێک لە خەسلەتەکانی لاهوری شێخ جەنگی ئەوەبوو زۆر جێگیر نەبوو لە بڕیارەکانی، جاری وابوو بارودۆخ دەیگۆری یان بڕیاری حەماسی و پەرچە کرداری دوور لە بیرکردنەوەی ستراتیژیی، دوو مانگ پێش ئێستا ، رۆژنامەیەک ئه مريكى باسێکی لەوە کرد کە یەکێک لەو ئەفسەرانەی کە دەستی هەبوو لە کوشتنی قاسمی سلێمان کوردبووە و ئەندامی دژە تیرۆر بووە! بەهۆی چاودێری کردنی هەنگا و بەهەنگاوی جولەی قاسمی سلێمانی تا ئۆپراسیۆنی تیرۆر کردنەکە بەسەرکەوتویی جێ بەجێ بکرێت، مجهوریەتی ئێران لەسەر ئەمە هاتە دەنگ و ڕاگەیاند کە لێکۆڵینەوەی جدی لەو بابەتە دەکەین و ئەگەر ئەمە ڕاست بێت ئەوە هەلوێستیمان دەبێت، ڕەنگە یەکێک لەو هۆکارانەی کە ئێرانیەکان سەرەڕایی ئەوەی وەفدیان ئامادەبوو لە سلێمانی، بەلآم هیچ بەرگریان لە لاهور نەکرد.
هەرچەندە ئەمریکیەکان پەیوەندیان هەبوو لەگەڵ لاهورە لە یارمەتی دانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە سوریا و ڕۆلی سەرەکی هەبوو لە گەیاندنی ئەو هاوکارییانە تا بەرامبەر هێزەکانی تورکیا بەرهەڵستی بکا لە گۆڕانی دەرئەنجامی شەڕ لە سوریا. کۆمپانیاکانی سەر بە لاهور ڕۆلیان هەبوو لەم سەرو سەودایە. ئەم پەیوەندیە هەرچەندە بۆ ئەمریکا شتێکی باش بوو، بەلآم بۆ ئێرانیەکان مایەی نیگەرانی بوو بەهۆی ئەوەی لاهور و ئێرانی نێوانیان باشە.
لاهور لە ژیانی سیاسی زۆر شانازی بەوە دەکرد کە ئەو چانسی ئەوەی هەبووە یارمەتی بزوتنەوەیەکی خاوەن شەریعەتی وەک پارتی کرێکارانی داوە، وەک خۆیی دەلیت؛ ئامادەیە لە پێناو ئەم پرسە کورسیەکەی دابنێ!
تورکیا زۆر ناڕەحەت بوو لە پەیوەندییەکانی لاهور و پ. ک. ک تا ئەو ڕادەی مەولود چاوش ئۆغلۆی وەزیری دەرەی تورکیا رایگەیاند سلێمانی ئێستا کەوتۆتە ژێر ڕکێفی پارتی کرێکاران ئەوە حالەتێکی مەترسی داری قبوڵنەکراوە.
کەواتە ئێستا نەیارەکانی لاهور بریتین لە پارتی، ئێران، ئەمریکا و تورکیا، ئەم هێزانە ناڕەحەت بوون بە سیاسەتە ناجێگیرەکانی ئیزدواجیەکانی، بۆیە ماوەیەک بەر لە ئێستا ئەمریکیەکان ئەوەیان بە ڕاشکاوی بە یەکێتی راگەیاند کە پشتیوانی بەرەی ئێران و شیعە دەکەن یان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان؟ لە سۆسیال میدیا پڕوپاگەندەی ئەوە بلاوکرایەوە کە پارتی بەهاوکاری مەلا بەختیار و چەند هێزێکی ئیقلیمی ئەندازیاری رێکخستنی ئەم کودەتایە بووە، هەرچەند مەلا بەختیار ئەم دەنگۆی زوو رەتکردەوە و هاوکات تا ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان هیچ هەلوێستێکی رەسمی لەو بارەیەوە رانەگەیاندووە بەلام بە شێوەیەکی گشتی ئەو هەموو ئەو هۆکارانە خاڵی ئەساسی بوون لە لادانی لاهوری شێخ جەنگی.
دەرهاویشتەکانی لادانی لاهوری شێخ جەنگی ؛
ڕەنگە بیرکردنەوەم لەوە جیاوازبێت کە هەندێ چاودێر وای دەبینین کە لاهور لە ڕووی سیاسیەوە ئیتر کارتێکی سوتاوە و کۆتایی هاتووە، ئەو لێهاتوو و سیاسیە ئەگەری هەیە لە داهاتوودا بەیارمەتی چەند ولاتێکی ئیقلیمی خۆی دروست بکاتەوە، بەلام ڕەنگە ئەمە بەم نزیکانە ڕوو نەدات؟ چونکە لە هەرێم و عێراق فاکتەری هێز هەیە، لاهور لە 8 تەمووزی ئەم ساڵ هەموو هێزەکان بەیەک دەنگ بەرامبەری وەستان، دەزانم پرسیاری ئەوەت لا دروست بووە کە ئەی لاهور خاوەنی دەنگی یەکەمی کۆنگرەی حیزبەکەی نیە؟ وەڵامەکە بەلێ! بەلام لە کورستان و عێراق و کاتێک کۆدەنگی دروست دەبێت لەسەر بابەتێک دەنگدان و هەلبژاردن هێچ شەریعەتی نامێنێ.
وای دەبینم بە لادانی لاهور نێوانی پارتی و یەکێتی بەرەو باشتر دەڕوات، پێ دەچێت ئەو هاوپەیمانیتەی نێوان گۆڕان و یەکێتی ئەگەر هەڵنەوەشێتەوەش بەرەو لاوازی دەڕوات، لەدوای ئەو لێکترازانە بەرامبەر پارتەکانی تر شکست دێنێ و بەردەوام نابێت. بەلام یەکێتی وەک پارتی لەمە تا ڕادەیەکی زۆر بێ باکە! چونکە خاوەن دەسەلاتێکی زۆر لە هێز و پارەیە، بەهەر نرخێک بێت خاوەنی دەنگی یەکەمی ناوچەیەکە، مەگەر ئیلا لە حاڵەتی پێکدادانی سەربازی لە ناوخۆی یەکێتی باردۆخەکە بەو جۆرە بگۆڕێت. کەئەمەش ئەگەرێکی لاوازە. چونکە سەرکردەکانی یەکێتی خاوەن بەرژەوەندی خۆیانن نایانەوێت بەهیچ جۆرێک باردۆخەکە بگات بەو ڕادەیە.
لەدوای نەمانی لاهور دەسەڵاتی یەکێک لە کوڕەکانی مام جەلال کەئەویش قوبادە بەهێزتر دەردەکەوێت، دەتوانین ناوی لێبنێین پیاوی حکومەت، دەبێتە خاوەنی دەسەلاتی یەکەمی یەکێتی لە حکومەت، قوباد پەیوەندیەکی باشی هەیە لەگەڵ پارتی و بەتایبەت نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی.
لە ئەمڕۆدا خواستێکی زۆر هەیە لە شەقامی کوردی و لای ئەمریکیەکان لە بابەتی یەکگرتنەوەی هێزە چەکدار و ئەمنیەکان، پێدەچێت قوباد بتوانێ رۆلێکی کاریگەر ببینێت لە یەکخستنەوەی ئەم هێزانە، چونکە دۆخی ئەم هێزانە زۆر خراپ و پەشێکا بوو، هەرچەندە لاهور میراتگری هێزێکی گەندەڵ بوو. بەلام بەو کارانەی هێندەی تر هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی وەک هەولێر گەندەڵتر کرد، ئەم هێزانەی بۆ زۆر مەرامی شەخسی خۆی بەکارهێنا، یەکێک لەوانە قاچاغی مادەی هۆشبەر و سپی کردنەوەی پارە و ساندنی باج و سەرانە... هتد.
ئێران لاری نییە لە مانەوە و بەهێز بوونی بنەماڵەی تالەبانی بەلام ڕەنگە بوونی قوباد تاڵەبانی بە دڵی ئێران نەبێت؟ چونکە ئەو زیاتر مەیلی بەلای بلۆکی ڕۆژئاوا و ئەمریکایە، وە عێراق خەریکە بەرەو شانۆی نمایشی نێوان ئێران و ئەمریکا دەڕوات.
ئەوەی ڕوویدا هەم لەبەرژەوەندی و هەم بەدڵی پارتی بوو، پارتی دەتوانێ رۆلێکی ئیجابی بگیرێت لە نزیکردنەوەی یەکێتی و تورکیا، دوای ئەو نیگەرانیە کە تورکیا هەیبوو بەرامبەر یەکێتی کارەکانی لاهور، تا کار گەیشتە ئەوەی نوێنەری یەکێتی بەهرۆز گەڵاڵی لە ئەنقەرەوە ڕەوانەی سلێمانی کرایەوە. قوباد هەر زوو رایگەیاند کەئەوان دەیانەوێت چاکسازی بکەن و ماڵی کوردی یەکبخەن پێ دەچێت یەکێتی نیەتی لەو کارەی هەبێت.
ئەگەرێکی تر بە گونجاوی دەبینم کە ڕووبدات ئەویش سەبارەت بە بوونی هێزی پارتی کرێکارانی کوردستانە لە قەندیل گومانم هەیە پارتی و یەکێتی بەهێزێکی هاوبەش هەوڵی کەمکردنەوە و سنوردارکردنی چالاکیەکانی پارتی کرێکاران بدەن، هیچ بیانویەک بە هێرشی ئاسمانی تورکیا نەدەن لەو ناوچانە.
دەزانم بابەتە زۆر درێژ دابڕ بوو، بەلام وەک کوردەواری گۆتەنی ئەم هەویرە ئاوێکی زۆری دەوێت، لەکۆتایدا مێژوو گوزارشتە لە پەند وەرگرتن، ئەگەر بڕیارە وانەیەک لەو ڕووداوانەی سلێمانی فێری ببین ئەوەیە کاتێکی پارتە کوردییەکان بەشێوەیەکی دیموکراتی و ئیداریانە حکومڕانی خۆی بکات، هەرچەندە ئەزمونی دیموکراتی لە کوردستان هەڵەو کەم و کوڕی زۆری تێدایە، ئەوەی روویدا لەناو یەکێتی ئایا ڕوو نادات لەناو پارتەکانی تر؟! لە دوای وەفاتی ماموستا عوسمان عبدالعزيز لەناو بزوتنەوەی ئیسلامی هەمان سیناریۆ ڕوویدا. دوای وەفاتی نەوشیروان مستەفا هەمان شت لە بزوتنەوەی گۆڕان روویدا بەلام بەبێ بوونی عونسوری چەک. ئەم دیاردەیە لەناو پارتی روونادا؟ هەمان ململانێی بوونی نیە؟ لەدوای نەمانی مەسعود بارزانی ئاراستە جیاوازەکان پێکدا ناکێشن؟
بەبۆچونی من ئەوەی لەناو یەکێتیی روویدا هەمان سیناریۆ نزیکە لەناو پارتیش ڕووبدات. بۆیە پێویستە پارتی کە خاوەنی حکومەت و چەک و پارەیە زۆر بەجدی بەخۆیدا بچێتەوە.
دكتۆر عوسمان عهلی