بەهادین نوری ، ناوەڕۆكی كتێبە "سانسۆركراوەكەی" دەخاتەڕوو .

هەواڵی / 21/9/2018 1611 جار بینراوە

، سیاسەتمەداری ناوداری كورد. وێنە؛ پەرەگراف.

شه‌ن پرێس:پرگراف

بەهادین نوری، سیاسەتمەداری ناوداری كورد بۆ پەرەگراف ناوەڕۆكی كتێبی بیرەوەرییەكانی دەخاتەڕوو كە لە هەولێر ژمارەی سپاردنی پێنەدرا و دوای فشار و ناڕەزایەتیی، دواجار لە سلێمانی ژمارەی سپاردنی پێدرا و ئێستا لە ژێر چاپدایە.

لەم دیدارەدا ئەو سیاسەتمەدارە تەمەن 92 ساڵە، باس لەوە دەكات كە ترسی ئەوەی هەیە دوای چاپكردنیشی كتێبەكەی لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕێگە بە بڵاوبوونەوەی نەدرێت.

سانسۆری كتێبەكە
"پرسی كورد و ئەزموونی كوردستانی عێراق" ناوی ئەو كتێبەیە كە ماوەیەكە بەهۆی پێنەدانی مۆڵەتی چاپكردنەوە مشتومڕی دروستكردووە، بەهادین نوری سیاسەتمەداری دیاری كوردستان‌و سكرتێری پێشووتری حزبی شیوعی عێراق نووسەری كتێبەكەیە و تێیدا بیرەوەرییەكانی خۆی گێڕاوەتەوە.

بەهادین نوری لەبارەی چاپكردنی كتێبەكەوە بۆ پەرەگراف وتی"لەسەرەتاوە لەگەڵ چاپخانەیەك لە هەولێر ڕێككەوتنم هەبوو كتێبەكەم بۆ چاپ بكەن، خاوەنی چاپخانەكە پێی وتم كە خۆی ژمارەی سپاردنی بۆ وەردەگرێت، بەڵام لە كتێبخانەی گشتی هەولێر دوای ئەوەی خوێندیانەوەو ئاڕاستەی سەروو خۆیان كرد، ڕەتیانكردەوە ژمارەی سپاردنی پێبدەن."

بەرلەوەی ژمارەی سپاردن وەربگرێت نوسەر ناتوانێت كتێبەكەی چاپ بكات‌و بڵاویبكاتەوە. ئەو "سانسۆركردنە" دەنگدانەوەیەكی زۆری بەدوای خۆیدا هێناو ژمارەیەك لە ڕۆشنبیران‌و هاوڵاتیان ئیدانەی پێنەدانی ژمارەی سپاردنیان بەو كتێبەكرد.

دواتر نوسەری كتێبەكە پەنای بردەبەر كتێبخانەی گشتی سلێمانی تا ژمارەی سپاردنی پێبدرێت‌و بڵاوببێتەوە، دوای چەند ڕۆژێك لە چاوەڕوانی، دواجار ژمارەی سپاردن درایە كتێبەكە. بەوتەی بەهادین نوری، كتێبەكە ئێستا لە چاپخانەیەو بەهۆی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە چاپەكەی دواكەوتووەو بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا كتێبەكە بڵاوببێتەوە.

كتێبەكە لەسەر ئەركی خۆی بە تیراژی سێ هەزار دانە چاپ دەكرێت، بەهادین نوری ئاماژە بۆ ئەوە دەكات ترسی لەوە هەیە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕێگە بەفرۆشتنی كتێبەكەی نەدەن و قەدەغەی بكەن. هاوكات جەختیش دەكاتەوە پاش ماوەیەكی دیكە نیازی هەیە لەسەر تۆڕەكانی ئینتەرنێت كتێبەكەی بڵاوبكاتەوە.

"كتێبەكە بۆ دژایەتی كەس نەنووسراوە"
بەهادین نوری كە لەپەنجاكانی سەدەی ڕابردوو سكرتێری حزبی شیوعی عێراقی بووە كە لەو كاتەدا ئەو حزبە یەكێك بووە لە پارتە جەماوەرییەكانی عێراق، ڕەتی دەكاتەوە كتێبەكەی بۆ دژایەتی هیچ گروپ و حزبێكی دیارییكراو نووسیبێت، ئەو دەڵێت "لە كتێبەكەدا تەنها بیرەوەریی‌و ڕاستییەكانم نووسیووە بە باش‌و خراپەوە." هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە ئەو ڕووداوانەی لەناو كتێبەكەدا باس كراون "بەدڵی یەكێتی و پارتی نین."

شەش هەڵەی گەورەی بزوتنەوەی كورد لە هەرێمی كوردستان
لە كتێبەكەدا كە لە دوتوێی 160 لاپەڕەدا بڵاودەبێتەوە، بەهادین نوری باسی لە "شەش هەڵەی گەورە" كردووە لە مێژووی بزوتنەوەی كورد لە هەرێمی كوردستان، دەڵێت"هەڵەی زۆر هەبووە، بەڵام من پێموایە ئەو شەش هەڵەیە گەورەترینن."

بەبڕوای بەهادین نوری، هەڵەی یەكەم مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1961 كە باسی لە پەیدابوونی بزوتنەوەی چەكداری كوردستان كردووە، ئەو پێی وایە "ئەو خەباتە چەكدارییە لە ناوەختدا دەستی پێكرد، دەبوو هەلی زیاتر بدرایەتە عەبدولكەریم قاسمی سەرۆكی ئەو كاتی عێراق دەربارەی پرسی كورد."

هەڵەی دووەم، "ڕێككەوتنی ئیبراهیم ئەحمەد و مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە لەگەڵ حكومەتی بەغدا بۆ هەڵگرتنی چەك بە پشتیوانی بەغدا دژ بە مەلا مستەفا و پێشمەرگە."

هاوكات "نسكۆ یان ئاشبەتاڵی" ساڵی 1975، كە بە وتەی ئەو، "مەلا مستەفا بەرپرسە لێی" وەك هەڵەی سێیەم ناودەبات، ڕووداوی 31ی ئابی 1996یش وەك هەڵەی چوارەم پۆلێن دەكات، پێشی وایە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی ئەیلولی 2017 بۆ سەربەخۆیی كوردستان هەڵەیەكی مێژوویی بووەو وەك پێنجەم هەڵە ناوزەندی دەكات. لەكۆتاییشدا دەڵێت"شەڕی براكوژیی لە هەرێمی كوردستان كە پارتی و یەكێتی بەرپرسن لێی، گەورەترین هەڵەی مێژووییە لەبزوتنەوەی كورد لە كوردستان."

ئەو دێڕانەی كتێبەكەی لەسەر "سانسۆركرا"
بەهادین نوری ڕایدەگەیەنێت لە كتێبەكەیدا باسی لە ژمارەیەك ڕووداوی "كوشتن و تیرۆركردن" كردووە كە لە ژێر دەسەڵاتی حزبە كوردییەكاندا لە حەفتا ساڵی ڕابردوودا ڕوویانداوە و ئەو بە "قەسابخانە" ناویان دەبات، پێدەچێت هەر باسكردنی ئەو ڕووداوانەش بووبێت كتێبەكەی دووچاری سانسۆر و ئاستەنگیی كردبێت بۆ چاپكردن.

ئەو سیاسەتمەدارە كە لەنزیكەوە لە بەرزی و نزمییەكانی شۆڕشی كورد لە هەشتا ساڵی ڕابردوودا ئاگادارە، دەڵێت لە كتێبەكدا باسی لە ڕووداوەكانی "كوژران‌و بنەبڕكردنی خێزانی حەمەد ئاغای مێرگەسوور، كوژرانی سەعید ئاڵچی و دكتۆر شڤان، كوژرانی دوانزە ئەندامی حزبی شیوعی عێراق، كوژرانی سلێمانی موعینی، كوژرانی حەمەی حەلاق‌و مەفرەزەكەی هەروەها كوژرانی پێنج كادری حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری كوردستان لە شاری سلێمانی كردووە" هاوكات لە كتێبەكەدا باسی لەو كەسانەش كردووە كە بەوكارانە هەستاون.

لە وەڵامی ئەوەی ئایا هیچ بەڵگەیەكی هەیە كە ڕاستیی ئەو ڕووداوانە بسەلمێنێت، بەهادین نوری بە پێكەنینەوە وتی"هەموو دونیا دەلیلە و ئەو ڕووداوانە هیچی نهێنی نییە. شتەكان زۆربەی خۆم شاهیدیان بووم، سلێمانی موعینی هاتووچۆی منی دەكرد. دواتر هەموو كەس دەزانێت كە كێ كوشتی و چییان لێ كرد، هەموو ئەو ڕووداوانە بەڵگەدارە و كەس ناتوانێت نكوڵییان لێ بكات."

كتێبی دیكەی ئامادەی چاپە
ئەمە یەكەمین كتێبی یادەوەریی بەهادین نوری نییە، ئەو لە ساڵی 1996 بەرگی یەكەمی بیرەوەرییەكانی بە زمانی عەرەبی بڵاوكردەوە كە بەشێكی كراوە بەكوردی، ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات بەرگی دووەمی ئەو كتێبەشی بە زمانی عەرەبی ئامادەیە و لە ئایندەدا بڵاویدەكاتەوە.

لەبارەی جیاوازیی ئەم كتێبە نوێیەی لەگەڵ بیرەوەرییەكانی بە زمانی عەرەبی، بەهادین نوری دەڵێت "هەندیك ڕووداو لێرەدا هەیەو لەوێدا نییە. ئەم كتێبە بە وردەكارییەوە باسی كوردستان دەكات لە ساڵی 1946 تا ئێستا."

ئاماده‌كردنی : ڕێنوار نەجم

پڕۆفایل
بەهادین نوری یەكێكە لە دیارترین ناوەكانی بزوتنەوەی چەپ لە عێراق‌و كوردستان، لە 11ی شوباتی 1927 لە گوندی تەكیە سەر بە قەزای قەرەداغی پارێزگای سلێمانی لەدایكبووە.

لە ساڵی 1946 پەیوەندی بە حزبی شیوعی عێراقی كردووە و بۆ ماوەی چوار ساڵ سكرتێری ئەو حزبە بووە، لە 1953 دەسەڵاتدارانی سیستمی پادشایەتی عێراق دەستگیریانكردووە و لەدوای شۆڕشی 1958 ئازادكراوە.

بەهۆی ناكۆكی لەگەڵ سەركردایەتی حزبی شیوعیدا لەساڵی 1984 ڕیزەكانی ئەو حزبەی بەجێهێشت‌و لەدوای ڕاپەڕینی 1991 گەڕاوەتەوە كوردستان.

لە ئێستادا لە خانووەكەی خۆی لە گەڕەكی سابونكەران لە سلێمانی و گوندی تەكیە دەژی و سەرەڕای تەمەنێكی زۆر، بەڵام لەنووسینی كتێب و وتاری سیاسیی بەردەوامە.

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌