کاتێک هەڵبژاردن ئەبێتە جۆرێک لە خۆکوژی سیاسی
وتار/
12/09/2018
759 جار بینراوە
ئیبراهیم عەباس
کاتێک هەڵبژاردن ئەبێتە جۆرێک لە خۆکوژی سیاسی
ئیبراهیم عەباس
پاش زیاتر لە سێ مانگ هێشتنەوەی خەڵک لە بەرزەخی کردن و نەکردنی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ٣٠ ئەیلولی ئەمساڵ، بە بریارێکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی کوردستان بۆ دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردن لە ١١ ی ئەیلولدا، پرسی هەڵبژاردن یەکلایی بۆیەوە کە لەکات و ساتی خۆیدا ئەکرێت. یەکلایی بوونەوەی ئەم پرسە دوای ئەو بێ ئومێدیە گەورەیەی خەڵکی کوردستان دێت، کە بەهۆی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ١٢ ی ئایاری ئەمساڵ دروست بوو، پێشبینیش ئەکرێت تەنهاو تەنها لە بەرژەوەندی ئەو لایەنەنەیەبێت کە رۆژی ١١ ئەیلول ساڵرۆژی ٥٧ مین ساڵوەگەری هەڵگیرسانی شۆرشی ئەیلولی بۆ دەستپێکی هەڵبژاردن دیاری کردووە. چونکە:
١/ هێشتا ئەو بێ ئومێدیە گەورە زاڵە بەسەر عەقڵ و زیهنەتی خەڵکی کوردستان کە هەڵبژاردن هێندەی بەخشینەوەی شەرعیەتە بە دەسەڵات، هێندە بۆ گۆڕانکاری و دەستاو دەستی دەسەڵات نییە.
٢/ ئاگربارانی مەکۆی سەرەکی گۆڕان چەند کاتژمێرێک دوای دەرکەوتنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی مانگی ئایار، ئەو روانگەی زیاتر چەسپاند کە ئەوە سندوقەکانی دەنگدان نین کە رێگای گۆڕانکارین، بەڵکو ئەو حزبانەی چەکیان هەیە، لە دۆخی کوردستاندا هەرگیز دەستاو دەستی دەسەڵات ناکەن، بەڵکو ئامادەن بەچەک بەرگری لە مانەوەی دەسەڵاتەکانیان بکەن.
٣/ ئەو هاوبەندییەی چوار لایەنەکە(گۆڕان، کۆمەڵ، هاوپەیمانی، یەکگرتوو) هاوشان لە گەڵیاندا بزوتنەوەی ئیسلامی و حزبی شیوعی بۆ رەتکردنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئایاری رابردوو کردیان و پەنایایان بردەبەر دادگای فیدراڵی عێراق و داوای بژاردنەوەی سەرجەم دەنگەکانیان بەدەست کردەوە، نەک هیچ ئەنجامێکی نەگۆڕی بەڵکو سەرئەنجام شەرعیەتی بە ساختەکارییە گەورەکەدا.
٤/ سپاردنی هەڵبژاردن بە کۆمیسیۆنەکەی کوردستان، کە ناتوانێت لەژێر هەژموونی هێزو پارەی دەسەڵاتی هەولێر رزگاری بێت و بە تۆمارێکی پاکنەکراوەی ناوی مردوان، بەجۆرێک دەگوترێت لە ١٩٩٦ەوە لە شاری دهۆک ناوی یەک مردوو رەشنەکراوەتەوە، دەستەبەری دەنگی مردوەکانە لەهەڵبژاردنەکەی ئەمجارەشدا.
٥/ هەڵبژاردن لە دۆخێکی وەکو ئەمرۆی سیاسی کوردستان کە هێشتا پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێ حکومەتی عێراق یەکلایی نەبۆتەوە و لەم پرسەشدا پارتی، یەکێتی دوای خۆی خستووەو لایەنەکانی تریش لەدەرەوەی بازنەی گفتۆگۆکانی حکومەتن، نیشانەی بەهێزی هەژموونی پارتییەو لە بانگەشەدا سوودی لێوەرئەگرن.
٦/ دابەزینی بەشداری هەڵبژاردنەکان لە هەڵبژاردنی ئایار بۆ کەمتر لە ٥٠٪ بەجۆرێک لە هەولێری پایتەخت رێژەی بەشداری دەنگدەران گەیشتە لە ٤٣٪، کە ئەمەش ئەو خەڵاتە خوایە بوو دەسەڵات بەدوایدا ئەگەڕا، چونکە تا بەشداری کەم بێت لەبەرژەوەندی پارتیدایەو رێژەی کورسییەکانی زیاتر ئەبێت،
٧/ لەباربوونی زەمینەی ساختەکاری گەورە لە هەڵبژاردندا، چونکە هەرچی ساختەکاری پێشووتر کراوە، ئەنجامەکەی قبووڵ کراوە.
٨/ بێ دەنگی و بێ هەڵوێستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەئاست ئەدای خراپی دەسەڵاتی زۆنی زەردو سەوز، چونکە هیچ هێزێک نەیتوانیووە وەکو بەدیل و جێگرەوەی دەسەڵاتی سیاسی هەرێم خۆی نمایش بکات.
٩/ بوونی ٢٤٥٠٠٠٠ دوو ملیۆن و چوارسەد و پەنجا هەزار فەرمانبەرو مووچە خۆر، هاوکات لەگەڵیدا دابەزینی بەشداری دەنگدان بۆ کەمتر لە نیوە، دەستەبەرو گرەنتی دەسەڵاتی سیاسی ئەکات لە مانەوەیان بەهێزتر لە جاران، ئەوە جگەلەوەی دەسەڵات قۆرخی کەرتی تایبەتی کردووەو بێ فرۆشتنی وەلائی سیاسی هیچ کەسێک لەکەرتی تایبەت کاری دەست ناکەوێت.
١٠/ لێوەرگرتنەوەی کارتی گەنج و کەسانی ناودار لە یەکێتی و هێزە پۆپۆزسیۆنەکان، چونکە لیستی ئەمجارەی پارتی پرە لەکەسانی گەنج و ناودار بەتایبەت کەسانی سەر شاشەکان.
١١/ لە هەمووی گرنگتر بەخشینەوەی پارەو ئیمتیاز کە بۆ دۆخی لەم بابەتە بەدەیان و بگرە بەسەدان ملیۆن دۆلار ئامادە کراوەو ئەکرێت.
لەبەر رۆشنایی ئەم واقیع و راستیانە هەڵبژاردنەکەی کۆتایی ئەم مانگە بۆ لایەنەکانی دەرەوەی حکومەت جۆرێکە لە خۆکوژی، لەبەر ئەوەی:
یەکەم/ ساختەکاریەکانی هەڵبژاردنی پێشوو دەرفەتێکی باش بوو لایەنەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم، پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانیان لەگەڵ ئەمریکاو وڵاتانی ئەوروپا بەهێز بکەن، بۆ ئەوەی بەرچاوروونی تەواویان پێبدابوونایە ئەگەر هەرکات ئەوان لەرێگای سندوقەکانی دەنگدان بوونە هێزی یەکەم باشتر لەم دەسەڵاتە دەستەبەری مافەکانی خەڵکی کوردستان و رێسا نێودەڵەتییەکان ئەکەن و ئەبنە نمونەیەکی باش بۆ پارێزگاری لە کەرامەتی مرۆڤ و دەستەبەری مافەکانی ژنان و دەستاودەستی دەسەڵات و قووڵبوونەوەی کلتووری دیموکراسی.
دووەم: کاری راست ئەوە بوو چوار لایەنەکە نەچووبوونایە ژێر کاریگەری هەڵبژاردن لەو دۆخەی ئیستادا، هەر هیچ نەبێت فشاریان کردبووایە لەکاتی تەواو بوونی ماوە درێژبووەکەی خولی چوارەمی پەرلەمان کەدەیکردە کۆتایی هاوینی ساڵی داهاتوو، لەیەک کاتدا هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان بکرێت.
٣/ گەر لەم هەڵبژاردنەدا کورسییەکانی پارتی وەکو خۆی مایەوە یان تەنانەت زیاتر بوون، لەکاتێکدا بە هەموو پێوەرێکی عەقڵانی ئەبوایە پارتی کورسییەکانی کەم بکات چونکە بارزانی و پارتی کوردیان نیو سە گەڕاندوە دواوەو، زیاتر لەنیوەی خەڵک و خاکی کوردستانیان دۆڕاند، بێگومان خەتاکەی هەر ساختەکارو فرتوفێڵ و ئاستی دابەزینی بەشداری خەڵکی کوردستان نییە، بەڵکو هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات و حکومەت لێی بەرپرسیار ئەبن چونکە داخلی پرۆسەیەک بوون کە نەک هەر بەرچاو روون نەبوون تێدا، بەڵکو بەرەو جۆرێک لە خۆکوژی سیاسی هەنگاویان نا، خۆکوژییەک گەر رووبدات لەم قۆناغەدا هیواکانی خەڵکی کوردستانیش لەبار ئەچێت.
نوێترین نوسینەکانی ئیبراهیم عەباس
-
ئیبراهیم عەباس
13/08/2022
-
ئیبراهیم عەباس
05/09/2021
-
ئیبراهیم عەباس
26/08/2021
-
ئیبراهیم عەباس
26/07/2021
-
ئیبراهیم عەباس
16/07/2021
-
ئیبراهیم عەباس
16/05/2021